ئەنەكەسە بەشداری دووەم كۆنگرەی ڕیاز دەكات

:: PM:04:56:20/11/2017 ‌
بڕیارە لە 22 تا 24 ئەم مانگە لە ریازی پایتەختی وڵاتی سعوودیە دووەمین كۆنگرەی ڕیاز بەرێوە بچێت بۆ یەكخستنی ئۆپۆزسیۆنی سووریا و ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردیش بڕیاری دا بەشداری كۆنگرەكە بكات.

ئەمرۆ دووشەم 20ی تشرینی دووەم، محەمەد ساڵەح سەركردەیەكی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا "ئەنەكەسە" بە ''وشە''ی ڕاگەیاند، سەرۆكی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا و جێگرەكەی بەرەو ریازی پایتەختی وڵاتی سعوودیە بەرێ دەكەون بۆ بەشداری لە دووەمین كۆنگرەی ریاز بۆ یەكخستنی ئۆپۆزسیۆنی سووریا.

"كۆنگرەكە لە 144 كەسی لایەنە جیاوازەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا پێكدێن كە كار بۆ یەكخستنی ئۆپۆسیۆن و دەستنیشانكردنی دەستەیەكی نوێ بۆ ئامادەكردنی كۆنگرەی جنیف دەكەن و ئامانجیان یەكخستنی لایەنەكانە لەسەر خاڵە سیاسیەكان و رووبەرووی كێشەكانی سووریا ببنەوە لەوانەیش قۆناغی گواستنەوەی سیاسی و پاشەڕۆژی سووریا و رژێمی ئەسەد". ساڵەح وای گوت.

ڕوونی كردەوە كە كورد پێكهاتەیەكی گرنگە لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا و هەر كۆنگرەیەك لە بەرژەوەندی كورد بێت ئەنەكەسە بەشدار دەبێت و  لەو كۆنگرەیەیشدا 30 كەس بۆ كۆمیتەی باڵا دێنە هەڵبژاردن و  تەواوی ئۆپۆزسیۆن یەك دەخرێت.

وشە/ كــــاروان بـــاعەدرێ







وشە - سه‌رخێڵ هاشم