حەیدەر شەشۆ: نابێت حەشدی شەعبی لە ناوچەی شنگال بمێنن

:: PM:05:25:20/11/2017 ‌
فەرماندەی گشتیی هێزی پاراستنی ئێزدیخان دەڵیت: "دوای ئەوەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هێرشیان كردە سەر ناوچە كوردستانییەكان و ناوچە ئێزدینشینەكانیشی گرتەوە، بەڵام بە هیچ شێوەیەك ئەم كردەوانەی لەسنوورەكەدا دەیكەن لێیان قبووڵ ناكرێت."

ئەمڕۆ دووشەم 20ی تشرینی دووەم، حەیدەر شەشۆ فەرماندەی گشتیی هێزی پاراستنی ئێزدیخان بە ''وشە''ی ڕاگەیاند: "حەشدی شەعبی هێرشیان كردە سەر ناوچە كوردستانییەكان و ناوچە ئێزدییەكانیش لەو ناوچانە بوون كە داگیر كران، بەڵام حەشدی شەعبی پێشلكاری بەرانبەر خەڵك دەكات و ئەمەیش جێگەی قبووڵكردن نییە. "دەبێت سنوورێك بۆ پێشلكارییەكانیان دابنرێت".

فەرماندەی گشتی هێزی پاراستنی ئێزدیخان ئاماژەی بەوە كرد: "ناكرێت حەشدی شەعبی لە ناوچەی شنگال بمێنن، چونكە شنگال پێویستی بە شنگالیەكانە تا بەرگری لەخۆیان بكەن."

" ئێستە حەشدی شەعبی بە چەكە قورسەكانەوە خۆی لە سەنتەری شنگال دەكشینتەوە و دەچنە دەرەوەی شار و هەندێكیشیان لە سنوورەكانی جێگیر دەبن".

لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر و داگیركردنی كەركووك لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەبی بە چاوساغی چەند كەسێكی نێو یەكێتی كە بەناپاكەكان ناسراون، چەند ناوچەیەكی تریش كەوتە دەست ئەو میلیشیایانە كە شنگال یەكێك بوو لەو ناوچانە لەو كاتەوە تا ئێستە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كەوتوونەتە ئاوارەكردنی خەڵك و تاڵان كردنی ماڵەكانیان.

وشە/ كـــاروان بــــاعەدرێ



وشە - سه‌رخێڵ هاشم