ڕاگەیەنراوێك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە

:: PM:05:29:20/11/2017 ‌
وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیانراوێك لەبارەی زیان لێكەوتووانی بوومەلەرزەكەی هەفتەی ڕابردوو بڵاو دەكاتەوە و بڕی ئەوپارەیەی كە وەك قەرەبوو دەدرێت بە هاووڵاتییانی ئەو سنوورە دیاری دەكات.

ئەمڕۆ دووشەم 20ی تشرینی دووەم، لە ڕاگەیەنراوێكدا وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، لە بارەی  ئەو بوومەلەرزەیەی كە بووەتە هۆی گەیاندنی زەر و زیانی گیانی و ماڵی، لە شار و شارۆكەكانی هەرێمی كوردستان، بە تایبەتی لە سنووری پارێزگای (سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان، دەربەندیخان)، لە كاتی ئەم كارەساتە دا، وەك پێشینەی بەردەست بۆ ڕاپەڕاندنی ئیشوكارە هەنووكەییەكان، بڕی 300 ملیۆن دینار تەرخان كراوە.

لە ڕاگەیەنراوەكەدا ڕوون كراوەتەوە كە لەو پارەیە بڕی 100 سەت ملیۆن دینار بۆ پارێزگای سلێمانی و بڕی 100 سەت ملیۆن دینار بۆ پارێزگای هەڵەبجە و سەت ملیۆن دیناری تریش بۆ ئیدارەی گەرمیان خەرج دەكرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووری ئەوەیشی ئاشكرا كردووە، كە لەسەر ڕاسپاردەی ئەنجوومەنی وەزیران و بە بڕی یەك ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری تەرخان كراوە بۆ چاككردنەوەی گیروگرفتەكانی ئاو و كارەبا لە شارۆكەی دەربەندیخان لەسەر داواكاری پارێزگای سلێمانی.

هەفتەی ڕابردوو بوومەلەرزەیەك لە هەرێمی كوردستانی دا و لە چەند ناوچەیەكدا زیانی زۆری مادی و گیانی لێ‌ كەوتەوە، دوابەدوای ئەوە شاندێكی حكوومەتی هەرێم سەردانی چەند ناوچەیەكیان كرد و بەڵێنی قەرەبووكردنەوەیان بە هاووڵاتییان دا.






وشە - سه‌رخێڵ هاشم