چاڤی لاند 445 ملیۆن دیناری كارەبا قەرزارە

:: PM:06:23:20/11/2017 ‌
بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی لە بارەی بڕینی كارەبای چاڤی لاند ئاشكرای دەكات ئەو كۆمپانیاییە بڕی 445 ملیۆن دینار قەرزارە و پارەی نەداوە، هەروەها كۆی هاوبەشانی قەرزەكانی بازرگانان بۆ تۆڕی كارەبا 13 ملیار دینارە.

ئەمڕۆ دووشەم 20ـی تشرینی دووەم، لە ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی هاتووە، بڕینی كارەبای چاڤی لاند پرۆژەكە لە ڕێكەوتی 22/8/2017 نوێنەری كۆمپانیای چاڤیلاند بەناوی (دابان ئەحمەد بەكر) كە داوای كردبوو ئەو پارەیەی كە لەسەریانە بۆیان بكرێت بەقیست، كە تا 31/12/2016 بڕەكەی (384,805,500) دینار بوو، بەڕەزامەندی بەڕێوەبەری گشتی كارەبا بۆیان كراوە بەقیست بە هەشت قیستی مانگانە، لەگەڵ ئەو خەرجییانەی كە لە هەموو خولێكی خوێندنەوەی پێوەرەكاندا بۆیان دێتەوە، بەڵام كۆمپانیاكەی پابەندی ئەو قیستانەیش نەبوونك بۆیە دوای ئەوەیش پارەی كارەباكەیان تا 30/4/2017 بوو بە (445,645,500) دینار بەهۆی ئەوەی پابەند نەبوون بە قیستەكانەوە.

لە بەشێكی هەواڵە هاتووە، بەپێی نووسراوی ژمارە (6436) لە 26/10/2017 كە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیمانەوە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی دابەش كردنی كارەبای سلێمانی و كۆمپانیای شاری یاری چاڤیلاند كراوە بەمەبەستی تەسلیم كردنی پارەی قەرزی كارەباكە بەپێچەوانەوە لەماوەی (10) ڕۆژدا پارەكە تەسلیم نەكەن كارەباكەیان دەبڕێت هەر بۆیە دوای تەواوبوونی ئەو وادەیەش بە نووسراوی ژمارە (6855) لەبەرواری 8/11/2017 كە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆڵی كارەبای سلێمانی كراوە بۆ بڕینی كارەبای چاڤی لاند

هاوبەشی كارەبا لە سنووری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە (561,384) هاوبەشی كارەبایە و لەو ژمارەی هاوبەشانەیش (64,766) هاوبەشی بازرگانی هەیە.

كارەبای سلێمانی ئاشكرای دەكات قەرزی بازرگانی لە سنووری پارێزگای سلێمانی بریتییە لە (13,393,763,546) دینار بۆیە بۆ زانیاری هەموو لایەك چەندان شوێنی بازرگانی و پیشەسازی بەهۆی كەڵەكەبوونی قەرزی كارەبا لەسەریان نووسراوی ئاگاداركردنەوەیان بۆ نێردراوە و بەشێكیان بەهۆی پابەند نەبوونیان كارەباكەیان بڕاوە تا ئەو كاتەی پارەكەیان تەسلیم كردووە و بە بەردەوامیش بەدوا داچوون دەكرێت بۆ قەرزە كەڵەكە بووەكانیان و لێیان وەردەگیرێتەوە وەك بەتایبەتی ئەو قەرزانەی ساڵی 2016.

كۆمپانیای چاڤی لاند لەپێشوو چەندان سكاڵای لەسەر تۆمار كرابوو بەهۆی نەگەڕانەوەی پارەی پشكی هاووڵاتیان، بەڵام تا ئێستە هیچ كەسێك ئەو پارەییەی وەر نەگرتووەتەوە.



وشە - رامیار جەواد