لە سلێمانی ماڵی نەجمەدین كەریم تاڵان كرا

:: PM:07:32:20/11/2017 ‌
لە شاری سلێمانی دەست بەسەر ماڵەكەی نەجمەدین كەریم ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە گیراوە و تاڵان كرا.

بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی چاودێری سەر بە مەلا بەختیار لە ژمارەی ئەمڕۆ دووشەم 20/11/2017دا ئاشكرای كردووە، دەست بەسەر ماڵی نەجمەدین كەریم دا گیراوە ئەوەیش دوابەدوای چەند لێدوانێكی نەجمەدین كەریم كە گوتبووی، بەرهەم ئەحمەد ساڵح وازی لە یەكێتی هێناوە و خۆی بە زمانی خۆی ڕای گەیاندووە، كە ڕێككەوتنی لەگەڵ گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامیدا كردووە، بارەگەی دامەزراندووە و لیست و قەوارەی پێشكەشی كۆمسیۆن كردووە، بەیاننامە دژی دەرناكرێت، كەچی لەسەر چاوپێكەوتن، بەیاننامە لەسەر ئەندامانی تری مەكتەبی سیاسی دەردەكرێت.

هەر لە هەواڵەكە هاتووە، كە ماڵەكەی نەجمەدین كەریم لە شاری سلێمانی دەستی بەسەردا گیراوە، كە دوو قاسەی تێدا بووە و هەردووكی شكێنراون و كەلوپەلەكانی براون، ئەمەیش شەرمەزارییەكی گەورەیە.

ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبەر، باڵێكی ناپاكی یەكێتی بە هاوكاری ئێران و ڕێككەوتن لەسەر چەند بەرژەوەندییەكی تایبەتی كەركووكیان ڕادەستی چەكدارانی میلیشیای حەشدی شەعبی و ئێران كرد و لەو كاتەوە ئەو شارە بەبێ‌ پارێزگار ماوەتەوە و خەڵكەكەیشی ئاوارە بوون، بەپێی زانیارییەکان دژەتیرۆری یەکێتی لە پشت رووداوەکەیە و ماوەیەکە چەند هەڵمەتێکیان دژی پارێزگاری کەرکووک دەست پێ کردووە.



وشە - رامیار جەواد