كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دوا خرا

:: PM:08:13:20/11/2017 ‌
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئاشكرای دەكات بەهۆی نەبوونی ڕێكەوتنێك لەلایەن كوتلەكانی ناو ئەنجوومەن لەسەر كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە چ شوێنێك بكرێت دانیشتنەكەی سبەی سێشەم دوا خرا.

ئەمڕۆ دووشەم 20ـی تشرینی دووەم، رێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، بڕیار بوو سبەینێ سێشەم ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك كۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی رێكنەكەوتنی كوتلەكانی ناو ئەنجوومەن لەسەر شوێنێكی دیاریكراو، كۆبوونەوە دواخرا بۆ كاتێكی تر.

سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێت، بەهۆی تێبینییمان لەسەر دۆخی تەناهی ئێستەی شاری كەركووك، بەڵام  لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتیانی كەركووك ئامادەییمان بۆ بەشداری كردن لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا پیشان دا.

تاڵەبانی ئاشكرای كرد، لە هەر شوێنێك كۆبوونەوە بكرێت، من ئامادەم بەشداری تیادا بكەم، هەروەها لیستی برایەتی كەركووك، هەشت خاڵی بۆ چارەسكردنی دۆخی كەركووك ئامادە كردووە، بۆیە هیوادارم كوتلەكانی ئەنجوومەن لەسەر شوێنی كۆبوونەوە رێك بكەون.

ئەنجوومەنی‌ پارێزگای‌ كەركووك لە 41 ئەندامی‌ هەیە، 26 ئەندامیان فراكسیۆنی‌ برایەتییە، دوای‌ رووداوەكانی‌ 16ـی تشرینی یەكەم، شاری‌ كەركووك و ناوچە ناكۆكەكانەوە كە هێزە عێراقییەكان كۆنتڕۆڵیان كردەوە بە هاوكاری چەند سەركردەیەكی ناپاكی یەكێتی.

شاری كەركووك كە شارێكی كوردستانییە و ئێستە لەلایەن حەشدی شەعبی دەستی بەسەردا گیراوە، هەوڵی شێواندنی دیمۆگرافیای شارەكە دەدرێت لەلایەن حكوومەتی عێراق و چەند لایەنێكی شیعە نزیك لە ئێران.



وشە - رامیار جەواد