له‌پاش رووداوه‌كانی 16ى ئۆكتۆبه‌ر و داگیركردنی ناوچه كوردستانییه‌كانی سنووری كه‌ركووك و دیاله و سه‌ڵاحه‌دین، ئاسته‌نگ بۆ كاری به‌رپرسانی كورد دروست ده‌كرێ. هاوكات به‌پێی پیلانێك ته‌عریب ده‌ستی پێ كردووه‌ته‌وه و قایمقامی داقووق راى ده‌گه‌یه‌نێت، پارێزگاری كه‌ركووك به‌وه‌كاله‌ت ده‌ستبه‌كاربوونى بۆ ناكات.
هیوا ره‌شید به‌رپرسی لیژنه‌ی ناوچه داقووقی پارتی دیموكراتی كوردستان به "وشه"ی راگه‌یاند، له پاش ئاڵۆزییه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه، دكتۆر ئه‌مین خواكه‌ره‌م قایمقامی شارۆكه‌ی داقووق ناوچه‌كه‌ی به‌جێ هێشتووه، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى پێوه‌ندى پێوه كراوه بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام ره‌تى كردووه‌ته‌وه.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، توركمان و عه‌ره‌به‌كان رێك نه‌كه‌وتوون له‌سه‌ر دانانی قایمقامێكی نوێ، بۆیه ئه‌وه رێخۆشكه‌ره كه شوێنی قایمقام پڕ نه‌كرێته‌وه.
روونی كرده‌وه، بۆ ماوه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی ره‌شاد هێنرایه ناوچه‌كه، به‌ڵام ئه‌ویش مانه‌وه‌ی خۆی ره‌ت كرده‌وه له ناوچه‌كه و نه‌یتوانی درێژ به مانه‌وه‌ی خۆی بدات.
له‌باره‌ی بوونی هێزی په‌كه‌كه له سنوورى داقووق، ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی باسی له‌وه كرد، هێزی په‌كه‌كه ئێسته له ناوچه‌كه‌دا نییه.
جیاواز له زانیارییه‌كانی به‌رپرسه‌كه‌ی پارتی، چاودێرێك له شارۆكه‌ی داقووق كه له‌به‌ر هه‌ستیاری دۆخه‌كه نه‌یویست ناوی بڵاو بكرێته‌وه و بۆ "وشه" ئاماژه‌ی دا، "گه‌ریلاكانى په‌كه‌كه چه‌ند رۆژێكه له ناوچه‌كه نه‌ماون، ئه‌ویش به هۆكاری ئه‌وه‌ی به‌رپرسانی توركیا نیگه‌رانی خۆیان ده‌ربڕیوه له بوونی هێزی په‌كه‌كه له‌هه‌ر ناوچه‌یه‌كی سنووری كه‌ركووك".
دووپاتى كرده‌وه، "چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی فشاریان خسته سه‌ر په‌كه‌كه تا ناوچه‌كه جێ بێڵن له‌م قۆناغه‌دا، چونكه ده‌یانه‌وێ جگه له ئه‌جێندای ئێران، توركیاش له خۆیان رازی بكه‌ن".
لای خۆشیه‌وه دكتۆر ئه‌مین خواكه‌ره‌م قایمقامی شارۆكه‌ی داقووق به "وشه"ی راگه‌یاند، "بابه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی من پێوه‌سته به پارێزگاری كه‌ركووكه‌وه، چونكه له پاش 16ی ئۆكتۆبه‌ر كه هێزه‌كانی سوپا و حه‌شدی شه‌عبی هاتنه ناو شارۆكه‌كانی خورماتوو و داقووق و پارێزگای كه‌ركووك، باڵه‌خانه‌ی قایمقامیه‌تی شارۆكه‌ی داقووق داگیر كرا و چه‌كداری زۆری تێدا كۆ كرایه‌وه، ئیتر ئێمه‌ش داوای ئه‌وه‌مان كرد شوێنێكی ترمان بۆ دابین بكرێت بۆ راییكردنی كاره‌كانمان، به‌ڵام گوێمان لێ نه‌گیرا".
زیاتر ده‌ڵێ، "هه‌ر له سه‌روبه‌ندی رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ردا، پارێزگاری كه‌ركووك به وه‌كاله‌ت كه‌سێكی بۆ شوێنه‌كه‌ی من دیاری كردبوو كه ببێته قایمقامی شارۆكه‌ی داقووق به‌ناوی (شێخ لویس)، ئه‌ویش له‌كاتێكدا بوو من به فه‌رمی و به‌شێوه‌ی یاسایی مۆڵه‌تم وه‌رگرتبوو، هاوكات له پلانمدا بوو ده‌ستبه‌كار بكه‌مه‌وه".
دووپاتی كرده‌وه، "كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك له عه‌ره‌بی ته‌عریب و له توركمانه‌كان ده‌یانه‌وێت ئه‌و پۆستانه‌ی به‌ده‌ست كورده‌وه بوون، له كورد وه‌ربگرنه‌وه".
ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد، "پارێزگاری نوێى كه‌ركووك ده‌ستبه‌كاربوونی بۆم دووباره نه‌كردووه‌ته‌وه، هاوكات عه‌ره‌به شۆڤێنییه‌كان و توركمانه‌كان به‌پیلانێكی زۆر نامرۆییانه رێگری له گه‌ڕانه‌وه‌م ده‌كه‌ن و هانی كه‌سانی خۆیان ده‌ده‌ن خۆپیشاندان له دژی گه‌ڕانه‌وه‌ی من ئه‌نجام بده‌ن".
ئه‌مین خواكه‌ره‌م باسی له‌وه‌ش كرد، "ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌كردنه‌ی كۆمه‌ڵێك خه‌ڵك له‌لایه‌ك و بوونی هێزی دژ به ئێمه له باڵه‌خانه‌ی قایمقامیه‌ت، وای كردووه كه من نه‌توانم بگه‌ڕێمه‌وه و كاری خۆم بكه‌م".
به‌گوته‌ى ئه‌و، "عه‌ره‌به هاورده‌كان بۆ دژایه‌تیكردنی كورد سه‌رباری جیاوازی مه‌زه‌وییان پێوه‌ندی به‌حه‌شدی شه‌عبییه‌وه ده‌كه‌ن و به‌ده‌رفه‌تێكی ده‌زانن له‌و رێیه‌وه دژایه‌تی كورد بكه‌ن، له‌كاتێكدا به پاڵپشتى عه‌ره‌ب و توركمان ته‌عریبێكى نه‌خشه بۆ كێشراو له ده‌ڤه‌ره‌كه ئه‌نجام ده‌درێت".
قایمقامی داقووق به‌پێویستی زانی ته‌نگژه‌كانی كه‌ركووك و داقووق و خورماتوو له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی ناوه‌ند له ئاستی باڵا چاره‌سه‌ری بۆ بدۆزرێته‌وه.
ئارم جه‌باری یه‌كێك له ئاواره‌كانی شارۆكه‌ی داقووق بۆ "وشه" باسی له‌وه كرد، "چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی له‌رێی كه‌سانی چاوساغی خۆیانه‌وه ده‌پرسن بزانن كام ماڵ پشتگیری له ریفراندۆم كردووه، یا كام ماڵ ئه‌ندام و لایه‌نگری پارته كوردستانییه‌كانه به‌تایبه‌ت پارتی بۆ ئه‌وه‌ی به‌شه‌و بیته‌قێننه‌وه".
زیاتر ده‌ڵێ، "به بیانووی قسه‌گوتن به ئیمامه‌كانی شیعه، ده‌یان كورد ئه‌شكه‌نجه دراون و سووكایه‌تییان پێ كراوه".
وشه/ گه‌رمیان- سه‌بری هۆرینی