ریال مەدرید پلانی داڕشتووە زێدان دەربكات

:: AM:09:47:21/11/2017 ‌

سەرچاوەیەكی رۆژنامەوانی ئییسپانی ئاشكرای كرد، دەستەی كارگێڕی یانەی ریال مەدرید پلانی داڕشتووە لە كۆتایی ئەم وەرزەدا زێنەدین زێدانی راهێنەری فڕەنسی لە ئەركی راهێنەرایەتی یانەكە دەر بكات.

ماڵپەڕی (دۆن باڵۆن) بڵاویشی كردەوە كارگێڕی یانەی شاهانە لەگەڵ یواكیم لۆفی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا رێككەوتوون دوای یارییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا لە شوێنی زێدان راهێنەرایەتی یانەكەیان بەو بسپێرن.

زێدان كە وەرزی رابردوو لەگەڵ یانەی ریال مەدرید ناسناوی خولی ئیسپانیا و پاڵەوانانی ئەوروپای بەدەستهێنا، لەم وەرزەدا ئاستی وەك پێویست نییە و لەچەندان یارییدا نەیتوانیوە سەركەوتن بەدەست بێنێ و دواین ئەنجامی خراپیشی شەمووی رابردوو بوو لە یاریی دێربی شاری مەدرید لەگەڵ یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید لە خولی ئیسپانیا بەبێ گۆڵ یەكسان بوو.

ئەنجامە خراپەكانی ئەم دواییەی یانەكە وای لە فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید كردووە بیر لە دەركردنی زێدان بكاتەوە و هەروەها بەدوای راهێنەرێكی باشیش بۆ تیپەكەی بگەڕێ.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشدا كە پێرێز لە گەڕان بەدوای راهێنەرێكی نوێ ماندوو نەبووە و هەر بەخێرایی گەیشتووەتە ئامانجەكەی كە یواكیم لۆفە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە لۆف ماوەیەك پێش ئێستا رایگەیاندبوو ئیتر كارەكانی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دوای یارییەكانی مۆندیالی رووسیا تەواو دەبێت و ئارەزووش دەكات لە یانەیەكی خولی ئیسپانیا یان ئینگلتەڕا درێژە بە كاری راهێنەرایەتی بدات.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م