كاره‌با له‌ ته‌نگژه‌دایه‌...ماڵ هەیە سەرووی 70 ئەمپێر كارەبا بەكار دێنێت

:: AM:09:44:13/11/2016 ‌

هەرچەندە تا ئێستە كارەبا بەپێی خواستی هاووڵاتییانی كوردستان نییە، بەڵام هۆی ئەوە هەر خۆیانن. لە كاتی بوونی كارەبای نیشتمانی هەرچی ئامێرە كارەبایییەكان هەیە دایدەگیرسێنن و هەر تاكێكی كوردستان پێنج هێندەی ئەوروپاییەك كارەبا بەكار دێنێت. وەك ڕێگرییەك وەزارەتی كارەبا بۆ زیادەڕۆیییەكان پارەی كارەبای سێ بەرامبەر كردووە، ‌لە كاتێكدا كارەبای زۆربەیان لەودیو پێوەرەكانە.

لە ماوەی ڕابردوو ئەگەر كەشوهەوا گونجاو بوو و خەڵك پێویستی بە ساردكەرەوە و گەرمكەرەوە نەبوو، كارەبای نیشتمانی بە شەو و ڕۆژ ماڵەكانی ڕووناك دەكردنەوە و بە دەگمەن دەكوژایەوە. ئاخر خواستی كارەبا لە بەرزترین ئاستیدا، دوو هەزار و ٥٠٠ مێگاوات بوو كە بەرهەم ٥٠٠ مێگاوات لە خواست زیاتر بوو.  

لەو سەروبەندەدا، بەرهەمی كارەبا سێ هەزار مێگاوات بوو، بەڵام ئێستە كە بەرەو زستان دەچین، ڕۆژ بەرۆژ خواستی كارەبا بەرز دەبێتەوە. وەزارەتی كارەبا كە ملیۆنێك و ٤٠٠ هەزار هاوبەشی هەیە و بەپێی پێشینەی ساڵانی ڕابردووی ئەو وەزارەتە، چاوەڕوان دەكرێت خواستی كارەبا بگاتە پێنج هەزار مێگاوات. ئەوەیش بە بەراوردی ژمارەی دانیشتووانی كوردستان كە بە پێنج ملیۆن دێتە خەمڵاندن یەكجار بەرزە و بەپێی لێكۆڵینەوەی وەزارەتی كارەبا، هەر تاكێكی كوردستان سێ هێندەی كەسێكی ئێرانی و پێنج ئەوەندەی ئەوروپاییەك كارەبا بەكار دێنێت. محەمەد ئەمین هەورامانی گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا دەڵێ، "ماڵ هەیە ٧٠ ئەمپێر كارەبا بەشی ناكات".



كارەبای كوردستان زۆرترینی بۆ خۆگەرمكردنەوە دەڕوات. خەڵكێك كە تەنگژەی دارایی دەستی بەستووە و ناتوانێت سووتەمەنی بۆ خۆگەرمكردنەوە و ئاوگەرمكردن بكڕێت و تا ئێستەش دیار نییە كەی بەشە نەوتی ساڵانەیان پێ دەدرێت، كارەبا بەكار دێنن. 

 هەورامانی دەڵێت، "لە هیچ شوێنێكی دنیادا كارەبا بە شێوەی كوردستان بەكار نایەت". بۆ ڕێگری لە زیادەڕۆیی كارەبا، ئەو روونی دەكاتەوە، مانگانە تا هەزار و ٥٠٠ كیلۆوات نرخی ئاسایییە و لە زیادەڕۆیی كارەباشدا، نرخەكەی تا سێ هێندە بەرز دەبێتەوە، ئەوەش بارگرانییەكی زۆرە لەسەر خەڵك ئەگەر لە پشت پێوەرەكانەوە كارەبایان ڕانەكێشابێت". 

بەڵام ئەوە دادی وەزارەت نادات، چونكە لە كوردستان كەم نین ئەوانەی كارەبایان لە پشت پێوەرەكانەوە ڕاكێشاوە. ئەوەش لە كاتێكدایە وەزارەتی كارەبا لیژنەی بەدواداچوونی لە هەموو شار و شارۆكەكان هەیە و بەدوای سزای سەرپێچیانەوەن كە بە گوتەی خۆیان "هێشتا بنبڕ نەكراوە".

بەكارهێنانی ئەو بڕە ‌زۆرە و زیادەڕۆیی لە بەكارهێنانی كارەبادا، وا دەكات كێبڵ و بگۆڕەكان بسووتێن و چاكردنەوەیان لەو دۆخە ناهەموارەی تەنگژەی دارایی سەپاندوویەتی، ئەستەمە. ئاخر نرخی بگۆڕێك نزیكەی نۆ هەزار دۆلارە. كێشەكانی وەزارەتی كارەبا زۆرن. بە بڕوای گوتەبێژی وەزارەتەكە، زیاترینیان لە ئەنجامی زیادەڕۆیین. محەمەد ئەمین ڕای دەگەیەنێ، لە هاوین و زستان سووتانی محاویلە زۆرە و زیاتری هی ئەو شوێنانەن كە سەرپێچییان زۆرە. ئێستە كە تەنگژەی دارایی حكوومەتی بێ پارە كردووە، بە هەندێك كەلپەلی پێشوو كە لە كۆگەكاندا هەن، چاك دەكرێنەوە. 



ئەو دەڵێ، "تەنگژەی دارایی كاریگەری هەبووە، بەڵام تا ئێستە كارەكان دەڕوات‌". سەرباری ئەوەی دروستكردنی پڕۆژەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بەردەوامە. بۆ نموونە پڕۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبای خەبات لە جێبەجێكردندایە كە توانای هەیە‌ ٣٠٠ مێگاوات كارەبا بەرهەم بێنێت. هاوكات  پڕۆژەی بەرهەمهێنانی دێرەلووك لە جێبەجێكردندایە كە لە بەرهەمهێنانی كارەبادا پشت بە ئاو دەبەستێت.

جاران بۆ دابینكردنی كارەبا بە گازوایل، نزیكەی سێ ترلیۆن دینار خەرجییەكەی بووە، بەڵام تەنگژەی دارایی ئەو باشییەی هەبووە، بەوەی حكوومەت چاكسازی لەو بوارەدا بكات و بەپێی پێشبینی وەزارەتی كارەبا، تێچووەكەی بۆ نیوە دابەزیوە و توانراوە ٧٥% ی سووتانی گازوایل كەم بكرێتەوە كە قورسایییەكی یەكجار گەورە بووە لەسەر تێچووی كارەبا، ڕەنگە بۆ ئەمساڵ لە ترلیۆنێك و نیو تێپەڕ نەكات.

خەرجییەكان زۆرن و "وشە"‌ داوای خەرجی و تێچووی ساڵانەی سیانەی كرد لە وەزارەتی كارەبادا، بەڵام تا ئێستە ئەو وەزارەتە داتایەكی تایبەتی بەو بابەتە نییە و نازانێت ساڵانە تێچووی چاككردنەوەی كارەبا چەندە. 



"وشە"‌ هەر بەوەشەوە نەوەستا و سەردانی بەڕێوەبەرایەتی كارەبای هەولێری كرد، تا تێچووی چاككردنەوەی گواستنەوەی پارێزگای هەولێر بخاتە ڕوو، بەڵام ئەوانیش بەبیانووی كۆبوونەوە هیچیان‌ نەدا. ئەوە لە كاتێكدایە یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری لەلایەن پەڕلەمانی كوردستانەوە لە حوزەیرانی ٢٠١٣ پەسند كراوە. مەبەست لە یاساكە ئاسانكارییە بۆ ئەو هاووڵاتییانەی كە بەدوای زانیاری دەگەڕێن لە داوودەزگە گشتییەكان.

ئێستە كە خەریكە سەرما لە دەرگەی هەموو ماڵێك بدات، وردە وردە هیتەرەكان سەرەوەی ژوورەكان دەگرنەوە. خەڵكێك كە توانای كڕینی نەوتیان نییە، تەنیا كارەبا شك دەبەن و وەزارەتی كارەباش كە خۆیشی گلەیی هەیە لە كەمی كارەبا و هەر خۆیان دەیان ساڵە بەردەوام جەخت دەكەنەوە كە زیادەڕۆیی هەیە لەسەر كارەبا و چارەسەری ناكەن. دەڵێت، "پێویستە خەڵك بە ویژدانەوە كارەبا بەكار بێنن و لەوە تێبگەن كە كارەبا بۆ ڕووناكییە، نەك بۆ ئاو گەرمكردن و خۆ گەرمكردنەوە".

هەولێر- چواس خالید


وشە - تایبه‌ت