هەوڵی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك شكستی هێنا

:: PM:02:33:21/11/2017 ‌
ئەمڕۆ سێشەم 21ی تشرینی دووەم، هەوڵێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك شكستی هێنا، ئەوەش دوابەدوای ئەوەی ڕێگە بە بڕیاردەری ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك نەدرا كۆبوونەوەكە بەرێوە ببات.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" هەوڵی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە لایەن یەكێتییەوە بووە و ئەڵماس فازڵ بڕیاردەری ئەنجوومەن ویستوویەتی كۆبوونەوەكە بەرێوە ببات، بەڵام توركمان و عەرەب ئامادەی نەبوون بەشداری كۆبوونەوەكە بكەن و ڕایانگەیاندووە كە پێویستە كەسێكی توركمان ئەو دانیشتنە بەرێوە ببات.

لەو كۆبوونەوەیەدا حەوت ئەندامی یەكێتی و دوو ئەندامی یەكگرتوو و عەرەبێك ئامادەی كۆبوونەوەكە بوون و بەو پێیەش رێژەی یاسایی بۆ كۆبوونەوەكە تەواو نەبوو.

پێشتر محەمەد كەمال سەرۆكی لیستی برایەتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە "وشە"ی ڕاگەیاندبوو، كە هەر كۆبوونەوەیەك بە بێ‌ سەرۆكی ئەنجوومەن بكرێت نایاساییە، چونكە هیچ دەقێكی یاسای نییە كە ڕێگە بەبەستی ئەو كۆبوونەوەیە بدات.

یەكەمجار نییە كە هەوڵی بەستی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك شكستی پێ دێت پێشتریش چەند هەوڵێكی تری یەكێتی لە كەركووك لەوبارەیەوە شكستی پێ هات و كۆبوونەوە ئەنجام نەدرا سەباری ئەوەی كە ئێستە سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا و 14 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە هەولێر و شارەكانی تری كوردستان نیشەجێن.

لە دوای 16ی ئۆكۆتۆبەر و هێرشی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە چاوساغی چەند كەسێكی نێو یەكێتی  كە بە ناپاكەكان ناسراون، كەركووك بەبێ‌ پارێزگار ماوەتەوە و خەڵكەكەیشی ئاوارەبوون.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم