لەسەر پێدانی مووچە دڵنیایی دا
نێچیرڤان بارزانی: زۆربەی لایەنەكان لەسەر چەسپاندنی مافەكانی كورد لە بەغدا هاوڕان

:: PM:03:15:21/11/2017 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، ئەو شاندەی دەچێتە بەغدا شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەو لایەنەكانی بەشداربوونی حكوومەتی تێدایە.

ئەمڕۆ سێشەم 21ی تشرینی دووەم، دوابەدوای كۆبوونەوەی نێوان شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حزبی سۆسیالیست، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕای گەیاند، زۆربەی لایەنەكان هاوڕان لەسەر چەسپاندنی مافەكانی كورد لە بەغدا و وەك حكوومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكەین.

زیاتر گوتی، ئێستە دوو بۆچوون هەیە لە نێوان لایەنەكان، بۆچوونێك ئەوەیە بەزوترین كات هەڵبژاردن بكەین و بۆچونێكی تریش ئەوەیە كە حكوومەتی كاتی دابمەزرێنین، بەڵام دوابەدوای كۆبوونەوەی شاندی حكوومەت لەگەڵ سەرجەم لایەنەسیاسییەكان بەفەرمی هەڵوێستی خۆمان ڕادەگەیەنین.

سەرۆكی حكوومەتی ڕوونی كردەوە كە ئەو شاندەی دەچێتە بەغدا شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەو لایەنەكانی بەشداربوونی حكوومەتی تێدایە.

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاند، تا ئەوكاتەی مووچەمان پێ بدرێت بەردەوام دەبین و هەركاتێك كە زانیمان ناتوانین مووچە بدەین ئەوكات بە شەفافی ڕای دەگەیەنینن چونكە خەڵكی كوردستان دەزانن دۆخەكە چۆنە.

ئەمڕۆ شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی سلێمانیان كرد و لەگەڵ هەریەكە لە بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی و سۆسیالیست كۆبوونەوە و بەپێی لێدوانی سەرۆكی حكوومەت لەگەڵ تەواوی حزب و لایەنەسیاسییەكان كۆ دەبنەوە.






وشە - سه‌رخێڵ هاشم