ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر چەند بڕیارێكی دەركرد

:: PM:05:11:21/11/2017 ‌
ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاری دا كە بڕیاری وەرگرتنی پارەی زبڵ و خاشاك لە هاووڵاتییان هەڵبوەشێتەوە، بەو پێیەش ئەو بڕیارە چیتر جێبەجێ‌ ناكرێت.

لە چەند مانگی ڕابردوودا ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر و شارەوانییەكانی ئەم شارە بڕیاریان دا لە بەرانبەر فرێدانی زبڵ و خاشاكی هاووڵاتییان پارە وەربگرن، پێشتریش "وشە"، بڵاوی كردبووەوە كە ئەو پارەیە بە شێوەیەكی "وەهمی" لە چەند گەڕەكێك كۆ دەكرێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەم 21ی تشرینی دووەم، چنار جەلال ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بڕیار دراوە بە دروستكردنی گوندێك بە ناوی "میلەت"، لەسەر داوای ژمارەیەك هاووڵاتیی سنووری شارەدێی هەریر كە لەلایەن خۆیانەوە دروست دەكرێت.

زیاتر گوتی، هەر لەو كۆبوونەوەی ئەنجوومەن بڕیاری وەرگرتنی پارەی زبڵ و خاشاك لە هاووڵاتییان هەڵوەشایەوە و چیتر ئەو بڕیارە جێبەجێ‌ ناكرێت.

پێشتر بڕیاری وەرگرتنی پارەی زبڵ و خاشاك لە هاووڵاتییان ناڕەزایی لێ‌ كەوتەوە بەهۆی ئەوەی كە هاووڵاتییان لە تەنگژەی داراییدان و ناتوانن پارەی فڕێدانی زبڵ و خاشاك دابین بكەن.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم