نوێترین وێنەی كۆسرەت رەسووڵ بڵاو كرایەوە

:: PM:05:59:21/11/2017 ‌
دەرباز كۆسرەت رەسووڵ  نوێترین وێنەی باوكی لە نەخۆشخانە بڵاو كردەوە، ئەوەیش دەبێتە یەكەمین وێنەی لە دوای نەخۆشكەوتنی كۆسرەت رەسووڵ بڵاو دەكرێتەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەم 21ی تشرینی دووەم، دەرباز كۆسرەت لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نوێترین وێنەی كۆسرەت رەسوولی باوكی بڵاو كردەوە.

ئەوە لەكاتێكدایە كە هەر ئەمڕۆ سێشەم، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دەربارەی رەوشی تەندروستی كۆسرەت رەسووڵ رای گەیاند، نەشتەرگەرییەكی قوڕسی بۆ كراوە و باری تەندروستی جێگیرە، تا ئێستە لە ژووری چاودێری چڕ بوو، بەڵام باری تەندروستی بەرەو باشتر چووە و دەگوازرێتەوە ژوورێكی ئاسایی.

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، لەو دیمانەیەی كوردستان 24، سەبارەت بە كاتی گەڕانەوەی كۆسرەت ڕەسوول بۆ كوردستان گوتی، ئەگەرچی ڕەوشی تەندروستی جێگیرە، بەڵام كاتی گەڕانەوەی بۆ هەرێمی كوردستان دیار نییە.

سەرەتای ئەم مانگە، دوای كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی باری تەندروستیی كۆسرەت ڕەسووڵ تێك چوو، بۆیە ڕەوانەی نەخۆشخانە كرا، بەڵام وەك عەباس فەتاح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فڕاكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوای چەند ڕۆژێك دۆخی تەندروستی جێگیر بووە و نەشتەرگەری بۆ كراوە و هاتووەتەوە هۆش خۆی و قسەشی كردووە، بەڵام ڕەوشەكەی تێك دەچێتەوە و بە پەلە ڕەوانەی نەخۆشخانەیەكی تایبەتی ئەڵمانیا دەكرێ.










وشە - سه‌رخێڵ هاشم