شارەزایانی یاسایی: دادگای فیدراڵی ناتوانێت ریفراندۆم هەڵوەشێنێتەوە

:: PM:07:05:21/11/2017 ‌

شارەزایەكی یاسایی ئاماژە دەكات كە لە دەستووری عێراق باسی ریفراندۆم نەكراوە، بۆیە كە باس نەكراوە واتە رێگە پێدراوە و ناتوانرێت رێگری لێ بكرێت، بۆیە بڕیارەكەی دادگا بە مانای هەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆم نایەت، چونكە بە پێی مادەی ١٤ی نەتەوە یەكگرتووەكان، هەموو گەلانی جیهان مافیان هەیە ریفراندۆم ئەنجام بدەن و بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.

دوێنێ دادگای فیدراڵیی عێراق بڕیاری دا ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بە پێی مادەی یەكی دەستووری عێراق نا دەستوورییە و دەبێت هەڵوەشێندرێتەوە، چونكە وەك ئەوان باسی لێوە دەكەن لە دەستووری عێراق باسی ریفراندۆم نەهاتووە.

ئازاد ئەبوبەكر شارەزای یاسایی و ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە لیژنەی یاسایی بە "وشە"ی راگەیاند، بڕیاری دادگای فیدراڵی پشتی بە دوو مادەی دەستووری بەستووە، مادەی یەكەم كە باس لەوە دەكات عێراق دەوڵەتێكی پەرلەمانی و سەربەخۆییە و پێشتریش راڤەی بۆ كردبوو كە هیچ پێكهاتەیەك ناتوانی لە عێراق جیا بێتەوە لەبەر ئەوەی فیدراڵی و خاوەن سەروەری خۆیەتی، دووەم مادە ١٠٩یە كە باس لەوە دەكات دەسەڵاتی فیدراڵی پێویستە پابەندی یەكپارچەیی خاكی عێراق بێت، ئەوان بۆیە باس لەوە دەكەن هیچ دەقێكی دەستووری بۆ ریفراندۆم نییە، نەك باسی لەوە كردووە هەڵوەشاوەتەوە، بۆیە ئەمە مانای ئەوە نییە هەرێم مافی سەربەخۆیی نییە، چونكە ئەمە مافی هەموو گەلانی جیهانە.

زیاتر گوتی، هەر شتێك لە دەستوور نەهاتبێت، رێگە پێدراوە و رێگری ناكات لەوەی ریفراندۆم بكرێت و تەنیا باس لەوە دەكات پشتیوانی دەستووری نییە، چونكە مەرج نییە دەستوور باسی هەموو شتێكی كردبێت، بەڵام لە مادەی ١٤ی نەتەوە یەكگرتووەكاندا هاتووە، هەر میلەتێك مافی خۆیەتی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات.

سەبارەت بە هەمان پرس، چاودێری سیاسی  مەسعوود سەرنی بە"وشە"ی  راگەیاند، بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی تاكلایەنە بووە بە بێ ئامادەبوونی كورد، بۆیە ئەو بڕیارەی دادگا عادیلانە نەبووە و بێلایەن نەبووە، چونكە پێویست بوو پرس بە كورد بكرێت و بە ئامادەبوونی ئەوان بڕیاری لەسەر بدرێت.

سەبارەت بە دەست پێكردنەوەی گفتوگۆ لە نێوان هەرێم و بەغدا، ئەو گوتی هەرێمی كوردستان ئامادەی گفتوگۆی بێ مەرجە لەگەڵ بەغدا وڵاتانیش پاڵەستۆیەكی زۆر لەسەر بەغدا دەكەن بۆ ئەوەی گفتوگۆ بكرێت بە پێی دەستووری عێراق و كێشەكانیش لەو چوارچێوەیەدا چارەسەر بكرێن، بۆیە لە ماوەیەكی نزیكدا گفتوگۆ دەكرێت و كێشەكان چارەسەر دەكرێن.

سەبارەت بە چۆنیەتی هەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆم ، سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق  موحسن سەعدوون بۆ "وشە" گوتی، خەڵكی كوردستان بڕیاری داوە لە چارەنووسی خۆی و دەنگی لە ریفراندۆم داوە، بۆیە كاری دادگای فیدراڵی نییە ئەو ریفراندۆمە هەڵوەشێنێتەوە و پێویستە لە رێگەی ریفراندۆمێكی تر هەڵوەشێتەوە، ئەگەر نا كەس ناتوانێت ریفراندۆم هەڵوەشێنێتەوە.

زیاتر گوتی، ئەنجامدانی ریفراندۆم پێوەندی بە بڕیاری نەتەوە یەكگرتووەكانەوە هەیە، كە ئەوان ئەو مافەیان بە گەلانی جیهان داوە، بۆیە دادگای فیدراڵی هەر بڕیارێك بدات، كاریگەری لەسەر ریفراندۆم نابێت، چونكە بە پێی بڕیاری نەتەوە یەكگرتووەكان هەر گەلێك مافی هەیە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات.

هەرێمی كوردستان لە 25ی سێپتێمبەری رابردوو پڕۆسەی ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق ئەنجام دا و تیایدا بەرێژەی زیاتر لە 92%ی دەنگدەران بە "بەڵێ"، دەنگیان دا، بەڵام دواتر هەریەك لە بەغدا و ئەنكەرە و تاران كەوتنە خۆ و سوودیان لە بێدەنگی دنیا وەرگرت و سزای سەربازی و ئابووری هەرێمی كورستانیان دا.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم  
  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل