قوتابخانەكانی زیانلێكەوتووی بوومەلەرزە نۆژەن دەكرێنەوە

:: PM:09:42:21/11/2017 ‌

دوای ئەوەی شەوی 12ی ئەم مانگە چەند بوومەلەرزەیەكی بەهێز ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و ئێران و كوێت و سووریایان هەژاند و بەو هۆیەوەش زیانی زۆر بەر بەشێك لەو ناوچانە كەوت، وەزارەتی دارایی هەرێم لە ڕاگەیاندراوێكی باسی تەرخانكردنی بڕێك پارە بۆ نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكانی ناوچەكە دەكات. 

بە پێی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دارایی و ئابووری كە ئەمڕۆ سێشەم بڵاو كرایەوە، وەك لە قۆناغی دووەم بۆ چارەسەركردنی ئەو گیروگرفتانەی كە لە ئەنجامی بوومەلەرزەكەی دوایی هاتووەتە ئاراوە، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، لە لایەن وەزارەتەوە بڕی (160) ملیۆن دینار تەرخان كرا بۆ نۆژەنكردنەوەی ئەو قوتابخانانەی كە لە سنووری پارێزگای لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و دەربەندیخان لە ئاكامی بوومەلەرزەكە زیانیان بەر كەوتووە. لە هەمانكاتدا بڕی ملیارێك دینار تەرخان كرا بۆ نۆژەنكردنەوەی بەنداوی دەربەندیخان.

بە هۆی بوومەلەرزەكەی 12ی ئەم مانگە بێجگە لە زیانی گیانی، زیانی زۆر بەر تەلاری بەشێك لە قوتابخانە و فەرمانگە حكوومەتییەكانی ناوچە سنوورییەكان لەگەڵ ئێران كەوت، بەهۆی نزیكیان لە سەرچاوەی بوومەلەرزەكە كە لە رۆژهەڵاتی كوردستان بوو و زیانی گەورەی بەو ناوچانەش گەیاند. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل