هۆكاری بوومەلەرزە چییە؟

:: PM:11:16:21/11/2017 ‌

شەوی 12ی ئەم مانگە چەند بوومەلەرزەیەك ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و ئێران و كوێت و سووریای گرتەوە و زیانی گیانی و مایەكی بەو هۆیەوە لەو ناوچانە كەوتەوە، ئەو كات پرسی هۆكاری دروستبوونی بوومەلەرزەكان و ئەگەری دووبارەبوونەوەیان گەرم بوو، بۆیە شارەزایان هۆكاری راستەقینەی لێك دەدەنەوە. 

رەمەزان هەمزە ماموستای زانكۆی دهۆك و شارەزا لە بواری ستراتیژییەتی ئاو و بەنداو بۆ "وشە" رای گەیاند، ئەگەری دروستبوونی ئەم بوومەلەرزانەی دوایی لە رۆژهەڵات و باشووری كوردستان بۆ بەریەككەوتنی پلێتەكان (صفیحە)ی زەوی دەگەڕێتەوە, واتە پلێتی عەرەبی لەگەل ئۆراسی ئێرانی و توركی بەریەك كەوتوونە كە لە رووی جیۆلۆجییەوە زەوی لە سەر حەوت پلێت دروست بووە و هەر لە ئەنجامی ئەم بەریەككەوتنە لە رابردوودا چیای زاگرۆس و تۆرۆس و هیماڵایا دروست بوونە و بوونەتە كەمەرەیەكی بوومەلەزەی بەرچاو و مەترسیدار بۆ ئەم ناوچەیەی ئێمەی تێدا دەژین.

زیاتر گوتی، دەریای سوور ناو بەناو فرەوان دەبێت لە (2 ملیمەوە بۆ 10ملیم و 20 ملیم)، تا ماوەی 40 ساڵ ئەم كردارە بەردەوام دەبێت بە پێی ئاماژەی زاناكانی بواری جیۆلۆجی دەریای سوور بەردەوام لە فرەوانبووندا دەبێت تا هەردوولای دەریا بۆ دوو ئاراستەی جیاواز بڕوات، ئەمەش بە دریژایی ساڵانێكی دوور و درێژ.

ئەو شارەزایە دەڵێت، شتێكی تری گرنگ كە تا ئیستە ئاماژەی پێ نەدراوە كە دەبێتە یەكێك لە هوكارە سەرەكییەكانی ئەم بوومەلەرزانەی دوایی هەلكۆڵینی جۆرێكی بیرە كە پێی دەڵێن (هایدرۆلیك فرەكتینك)، كە زۆربەی ناوچەكانی كوردستان پشت بەم جۆرە بیرانە دەبەستێت, بە قوولایی زیاتر لە 1500 مەتر دەبێت، كە بەمكاریزمایە هەڵەیە پاڵەپەستۆیەكی زۆر بە درێژایی یەك تا دوو كیلومەتر لەسەر بەردەكان دەكەن تا نەوت و غازی لێ دەربێنن.

ئەمە لە كاتێكدایە كە زاناكان ئەگەری دروستبوونی ژمارەیەكی زۆر بوومەلەرزە دەكەن لە ساڵی داهاتوودا كە بە شێوەكی زیاتر و بە هێزتر روو بدەن بە تایبەتی لە هەرێمە گەرمە ئەستێرەكاندا بە هوی ئەگەری جیاجیاوە كە گرنگترینیان بۆ چڕی دانیشتوانی ئەو هەرێمانە دەگەڕێتەوە.

دهۆك/ دێژین سدقی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل