پلانەكانی ئەمەریكا و ئێران بۆ دوای داعش بەریەك دەكەون

:: PM:11:34:21/11/2017 ‌

بەم دواییە جەنگ لە دوا مۆڵگەكانی داعش لە سووریا و عێراق بەڕێوە چوو لە ئەلبووكەمال و راوە، كە تیایدا سوپاكانی سووریا و عێراق توانیان داعش لەو دوو ناوچەیە وەدەرنێن، هاوكات ئەمەریكا پەنای بۆ گۆڕینی پلانەكانی لەو دوو وڵاتە بردووە. لە بەرامبەردا ئێران لە رێگەی میلیشیاكانی سەر بەخۆی لەو دوو وڵاتە هەوڵی فرەوانكردن و چەسپاندنی زیاتری دەسەڵاتی خۆی و بەهێزكردنی حكوومەتەكانی لایەنگر و شیعە دەدات.

بە پێی ماڵپەڕی " Strategika51"، لە دوای پێشڕەوییەكانی سوپای سووریا بەرەو باشوور و بەدرێژایی رووباری فورات، ئەلبووكەمال بووە دوا خاڵی گرنگ كە كاریگەری بۆسەر دۆخی سووریا دەبێت و رێگە بە كۆنترۆڵكردنی هەردوو دیوی رووبارەكە لەسەر سنووری عێراق دەدات. 

بۆیە لەكاتی كۆنترۆڵكردنی ئەو خاڵە لەلایەن سووریاوە، ئەمەریكاییەكان پلانی یەدەگیان هەیە بە پێدانی شارەكە بۆ دەستی هێزەكانی سووریای دیموكرات، ئەگەرچی سوپای سووریا هەوڵی دا ئەو پلانەش لەناو ببات لە رێگەی كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەكە بە پاڵپشتی حەشدی شەعبی عێراقی و حزبوڵای لبنانییەوە، بۆیە پێنتاگۆن پەنای بۆ پلانی تر برد و وەك تۆما لۆنگۆ، خانمە نووسەری رووسیایی لە رۆژنامەی "رووسیا ئینسایەدەر"، نووسیویەتی، هێشتنەوەی چەكدارانی داعش لە رۆژئاوای عێراق بەشێكە لە پلانی دی ئەمەریكا كە ناوەڕۆكەكەی بریتییە لە هێشتنەوەی بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا بەو پاساوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتی ئێران و رووسیا لە ناوچەكەدا. 

لەو كاتەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا خۆی بۆ رێككەوتننێكی نۆی بۆ ئاگربەست لە سووریا ئامادە دەكات، ئێران و حكوومەتی سووریا خۆیان بۆ قۆناغێكی تر و جەنگێكی درێژخایەن لەو وڵاتە ئامادە دەكەن، كە دەیانەوێت لەو رێگەیەوە كۆنترۆڵی تەواوی ناوچەكانی سووریا بكەنەوە.

بە پێی راپۆرتێكی رۆژنامەی "واشنتن پۆست"ی ئەمەریكایی، سەركەوتنی ئێران یان فەشەلهێنانی لە كۆنترۆڵكردنی سووریا پێوەستە بە رووبەڕووبوونەوەی ئەمەریكا بۆ خواستەكانی، چونكە ئێران خەریكە هەزاران چەكداری شیعە بەرەو ناوچە تازە كۆنترۆڵكراوەكانی سووریا رەوانە دەكات و بنكەی سەربازیان تیادا دادەنێت، سەرەڕای بوونی چەند ناوچەیەك بە دەستی ئەو هێزانەی واشنتن پاڵپشتیان دەكات لە رۆژهەڵاتی فورات تا باشووری رۆژهەڵاتی سووریا و بەدرێژایی سنوور لەگەڵ ئیسرائیل و ئوردن تا باشووری رۆژئاوای سووریا، بەڵام ئێران ئامادەیی دەربڕیوە بۆ یارمەتیدانی بەشار ئەسەد بۆ دووبارە كۆنترۆڵكردنەوەی هەموو خاكی سووریا.

بەم دواییە جەنەڕاڵ قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران لە شاری دێرزوور لە رۆژهەڵاتی سووریا بینراوە، ئەووەش دەری دەخات كە ئێران خواستی كۆنترۆڵكردنی ناوچەكانی دەوروبەری دەوڵەمەند بە نەوتی هەیە، وەك چۆن لە ناوچەی نزیك ئەلبووكەمال بینراوە كە بە پردی زەوینی نێوان تاران و بەیرووتدا دادەنرێت. 

رۆژنامەكە دەڵێت كە تیمێكی گەورە بەرپرس و دیپلۆماتكار و سەربازانی پێشووی ئەمەریكا پێشنیازیان كردووە بە ئەگەری رێگرتنی ترەمپ لە كۆنترۆڵكردنی ئێران لە تەواوی ناوچەكانی سووریا و رووبەڕووبوونەوەی ئەو خواستەی ئێران.

بۆیە بە پێی راپۆرتی پەیمانگەی یەهوودی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا پێویستە ئەمەریكا بەپەلە بەربەست بخاتە بەردەم هەوڵەكانی ئێران بۆ سەرخستنی تەواوەتی حكوومەتی سووریا لە كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی خاكی ئەو وڵاتە، بۆیە كات كڕۆكی بابەتەكەیە، بۆئەوەش پێویستە ئەمەریكا سیاسەتێكی روون رابگەیەنێت بۆ سووریا و روونی بكاتەوە كە بوونی سەربازی ئەمەریكا لەو وڵاتە لە وشكانی و ئاسمانییەوە بەمەبەستی پاراستنی ناوچەكە و رێگرتن لە دووبارە دروستبوونی داعش بەردەوام دەبێت.

هەروەها پێویستە ئیدارەی ترەمپ پاڵپشتی دارایی بۆ سوننەكانی ئەو وڵاتە و ئەو لایەنانەی كە لایەنگرین بكات، جگە لەوەش پێویستە هاریكاری هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكە بكات بۆ رێگرتن لە ئێران بە گواستنەوەی چەك و چەكدار بەرەو سووریا، هەروەها لە رێگەی دەریاشەوە، بۆیە ئەوە پێویست دەكات كە هێزەكانی لایەنگری ئەمەریكا سنوورەكانی ئەو وڵاتەیان بەدەستەوە بێت كە ئەوەش رێگەیەكە بۆ دروست نەبوونی جەنگی راستەوخۆ لەگەڵ تاران.

ئەمەریكا نایەوێت بوونێكی سەربازی درێژخایەنی لە سووریادا هەبێت، بەڵام ئەو ئەزموونەی لە عێراقی وەرگرت ئەو كاتەی لە 2011 لەو وڵاتە پاشەكشەی كرد تا ئێستە لە مێشكی شارەزایانی سەربازی ئەمەریكایە، هەر لەو ناوەش بوو كاتێك جیم ماتیش وەزیری بەرگری ئەمەریكا بەم دواییە رای گەیاند كە پێویستە هێزەكانمان لە سووریا بمێننەوە بۆ رێگرتن لە دەركەوتنەوەی داعش و تا كۆتایی داڕشتنی پڕۆسەی سیاسی لەو وڵاتە بە گشتی. ئەگەرچی لێرەدا بەرژەوەندی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا زۆر روون نییە. 

سەرچاوە: هاف پۆست  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل