بوفۆن وەڵامی دوو یاریزانی بەرشەلۆنە دەداتەوە

:: PM:01:34:22/11/2017 ‌

جانلویجی بوفۆنی گۆڵپارێزی یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵیا بەر لە یارییەكەی ئەمڕۆیان بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنە وەڵامی هەردوو یاریزانی تیپی بەرامبەری دایەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم لە چوارچێوەی ركابەرییەكانی هەفتەی پێنجەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا یانەی یۆڤانتۆس لە شاری تۆرینۆ مێوانداری یانەی بەرشەلۆنە دەكات.

لە یاریی چووندا یانەی بەرشەلۆنە لەنێو یاریگەی كامپ نوو بە 3 گۆڵی بێ وەڵام یارییەكەی بردبووەوە.

راكیتیچ ئەستێرەی كڕواتی و یانەی بەرشەلۆنە لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی یارییەكەدا رایگەیاندبوو: شەڕەفێكی گەورەیە بۆ من بەرامبەر گۆڵپارێكی گەورەی وەك بوفۆن یاری دەكەم.

هەروەها گوتبووی: دڵگرانم ئەو گۆڵپارێزە گەورەیە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیتاڵیا لە مۆندیال نابینم، ئەگەر بتوانم لەمبارەیەوە شتێكی پێ بڵێم ئەوەیە كە ئامادەم شوێنی خۆمی لە مۆندیالەكە پێشكەش بكەم.

لەمبارەیەوە بوفۆن لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) بە كۆمێنتێك وەڵامی راكیتیچی دایەوە و نووسیبووی: ئەگەر شوێنی یاریكردنت گۆڵپارێز بووایە، رەنگە پێشنیارەكەتم قبووڵ كردبووایە.

هەروەها نووسیبووی: بەڵام یاریكردن لە شوێنت لە هێڵی ناوەڕاستی هەڵبژاردەی كڕواتیا بیرۆكەیەكی باش نییە، بەهەرحاڵ وشەكانت جوانترین دیارین و سوپاست دەكەم.

یاریزانێكی تری یانەی بەرشەلۆنە كە جۆردی ئەلبایە داوایەكی ئاراستەی بوفۆن كردبوو و تێیدا داوای درێسە تایبەتییەكەی كردبوو لە یارییەكەی ئەمڕۆدا.

بۆ ئەم مەبەستەش بوفۆن رایگەیاندبوو كە درێسە تایبەتییەكەی چاوەڕێی ئەلبا دەكات.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م