60 ملیار دینار قەرزدارە
شاسوار بەفێڵ خۆی لە گرووپی كۆمپانیاكانی نالیا بێبەری دەكات

:: PM:02:49:22/11/2017 ‌

شاسوار عەبدولواحید بەڕێوەبەری گرووپی كۆمپانیاكانی نالیا، باس لەوە دەكات كە ئیتر هیچ پێوەندییەكی بە كۆمپانیای نالیا و چاڤی گەشتیارییەوە نەماوە و بەگوێرەی بەدواداچوونی "وشە"ش، كۆمپانیاكە بڕێكی زۆری پارەی حكوومەتی لایە و تا ئەو قەرزانە نەداتەوە، ناتوانێ كۆمپانیاكە بفرۆشێت و ئەوەی لە میدیا بڵاوی دەكاتەوە راست نییە و هەنگاوەكە فێڵێكە تەنیا خۆ بێبەریكردنە لە قەرزەكان و دەیەوێت گوشارەكان لەسەر خۆی كەم بكاتەوە.

بەڕێوەبەری كۆمپانیای ناڵیا لە پەیامێكدا كە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاوی كردەوە، باسی لەوە كردووە تەواوی گرووپی كۆمپانیای نالیا و پڕۆژە بازرگانییەكان و پشكەكانی لە پڕۆژەی چاڤیلاند فرۆشت بە دوو كۆمپانیای بیانی و دەستبەرداری تەواوی پشكەكانی كۆمپانیای نالیا بۆ كاری میدیایی بووە و بە هیچ شێوەیەك پێوەندیی بەم كۆمپانیایە و تەلەڤزیۆنەكەوە نەماوە.

ئەو دەڵێت پێش فرۆشتن، ٤٧ ملیۆن و ٦٨٤  و ٨٠٠ دۆلار قەرزی لای خاوەن یەكە و هاووڵاتی و كەس و كۆمپانیاكانە و بڕی ٧٩ ملیۆن و ٢٤٠ هەزار دۆلار یەكەی نەفرۆشراوی هەیە و لە بەرامبەریشدا دوو ملیۆن و ٩١١ هەزار و ٤٠٠ دۆلار قەرزدارە. هەروەها باس لە خەمڵاندنی كۆمپانیاكە و پڕۆژەكانی دەكات و دەڵێت، پێشتر لە رێی مامەڵەی بەڕێوەبەرایەتی تۆماری خانووبەرەوە خەمڵاندنی بەهای بۆ كراوە و بەهای كۆمپانیاكان و پڕۆژەكانی گرووپی كۆمپانیاكانی نالیا، بە هەموو جۆرە پڕۆژەكانی ناو كوردستان و دەرەوەی كوردستان دەگاتە ٦٨١ ملیۆن دۆلار.

لە وڵاتانی پێشكەوتوو نرخی راستەقینەی كۆمپانیاكان و پشكەكان و تەنانەت بەڕێوەبەر و سەرجەم داهاتەكانی بە ئاشكرا دیارە، بەڵام لە كوردستان هیچ كەسێك نازانێت كۆمپانیاكان خەریكی چین و سامانەكەیان چەندە.

سەرچاوەیەك كە ئاگاداری وردەكاری پێوەندییەكانی شاسوار عەبدولواحید و حكوومەتە و لە نزیكەوە چاودێر بووە بەسەر رێككەوتنی قەرزێكی زۆر كە بە شاسوار دراوە بۆ "وشە" گوتی، ئەوەی شاسوار عەبدولواحید باسی دەكات راست نییە و تەنیا دەیەوێت خۆی وا نیشان بدات كە هیچ پێوەندییەكی بە كۆمپانیاكەوە نییە، لە كاتێكدا خۆی لە پشتی كۆمپانیاكەیە.

ئەو دەڵێت ٦٠ ملیار دیناری حكوومەت لای كۆمپانیاكەیە و تا ئەم كۆمپانیایە پارەی حكوومەت نەگەڕێنێتەوە، ئەوا ناتوانێ كڕین و فرۆشتن بە كۆمپانیاكەوە بكات.

سەرچاوەكە گوتی بڕی ئەو قەرزەی شاسوار لە حكوومەتی وەرگرتبوو، بریتی بوو لە ٤٦ ملیار دینار و بە هۆی ئەوەی لە كاتی خۆیدا قەرزەكەی نەگەڕاندووەتەوە، ئەوا لەسەری زیاد بووە و گەیشتووەتە ٦٠ ملیار دینار.

ئەوەی شاسوار عەبدولواحید كردوویەتی تەنیا هەندێك بەڕێوەبەری گۆڕیوە و ناوی نوێی هێناوەتە مەیدان و دەیەوێت وا پیشانی بدات هیچ پێوەندییەكی بە كۆمپانیاكەوە نییە. پاساوەكەش ئەوەیە شاسوار دوای ئەوەی لیستی نەوەی نوێی دامەزراند، دەیەوێت لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستاندا بەشداری بكات و گوشارەكانی جەماوەری و خەڵك و قەرزدارەكان لەسەر خۆی كەم بكاتەوە. جگەلەمە دەتوانێت بەم شێوەیە سامانەكەی باشتر بپارێزێت و هیچ بیانوویەك بۆ ئەوە نامێنێتەوە خەڵك بە زیان گەیاندن بە موڵكەكانی داوای مافی خۆیان لە شاسوار عەبدولواحید بكەن.

كاتێك كۆمپانیایەك قەرزێكی زۆری حكوومەتی لایە، ئەوا لە لایەكی ترەوە هەرگیز ناتوانێت لە دەستی حكوومەت رابكات، چونكە حكوومەت لە كاتی نەگەڕاندنەوەی قەرزەكە دەتوانێت خۆی راستەوخۆ دەست بەسەر كۆمپانیاكەدا بگرێت.

ئەو بڕە قەرزەی شاسوار عەبدولواحید وەریگرتووە و هێشتا نەیگەڕاندووەتەوە، بۆ سەردەمی كابینەی دكتۆر بەرهەم ساڵح لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ و ٢٠١١ دەگەڕێتەوە. قەرزەكە تەنیا بە شاسوار نەدراوە، بەڵكو كۆمەلێك كۆمپانیا و كەسی تریش بڕێكی زۆری قەرزیان وەرگرتووە و زۆربەشیان قەرزەكەیان نەگەڕاندووەتەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی سەرچاوەكە بە "وشە"ی داوە، لە قەرزەكان تەنیا ١٠%ی گەڕێنراوەتەوە.

ئەو قەرزەی كە لەسەر كۆمپانیاكەیە، تەنیا ئەو قەرزە نییە كە حكوومەت راستەوخۆ پێی داون، بەڵكو قەرزێكی زۆری كارەبا و پشكەكانی خەڵكیشی لایە و نەیگەڕاندووەتەوە.

بەگوێرەی دوایین زانیاریش كە لە نوێترین ژمارەی هەفتەنامەی "وشە" لەبارەی قەرزی كارەبای چاڤی لاند بڵاو كراوەتەوە، ئەوە خراوەتە ڕوو كە پڕۆژەی چاڤیلاند ٤٤٥ ملیۆن و ٦٤٥ دینارە و لەسەر ئەوەش كە قەرزەكە زۆر لەسەری كەڵەكە بووە حكوومەت كارەبای لەسەریان پچڕاندووە.

سیروان محەمەد لێپرسراوی راگەیاندنی كارەبای سلێمانی گوتوویەتی، سەرەڕای ئەوەی كە بڕی قەرزەكەیان بۆ كۆمپانیا كردووە بە قیست، بەڵام دیسان كۆمپانیاكە گوێی بە داخوازییەكانی حكوومەت نەداوە و سوودی لە كارەبای نیشتمانی وەرگرتووە.





وشە - سلێمان تاشان