بە گوێرەی هەواڵەكانی دەزگە میدیایییەكانی مەغریب، پۆلیسی شاری فاسی ئەو وڵاتە هەستاوە بە لێكۆڵینەوە لە بارودۆخی ئەو پیاوەی كە گرتوویانە، بە هۆی ئەوەی لەسەر شەقامەكانی ئەو شارە بڕی 220 هەزار درهەم (واتە 22 هەزار دۆلار)ی شاباش كردووە.
لەبارەیەوە رۆژنامەی "سەباح" بڵاوی كردووەتەوە، ئەو پیاوە لە پەنجاكانی تەمەنیدایە و تووشی تێكچوونی دەماری بووە و نەخۆشیی دەروونی هەیە، هەر بۆیە هەستاوە بە پڕكردنی كیسەیەكی نایلۆن بە پارە و هاتنە دەرەوەی لە ماڵەوە، دواتر پارەكانی كە هەموویان یەكەی سەدی و دوو سەدیی درهەم بوون، بەسەر شەقامدا بە شێوەیەكی شێتانە شاباش كردووە و ئەمەش بووەتە مایەی سەرنجڕاكێشان و كۆكردنەوەی خەڵكی ناوچەكە كە بریتی بووە لە گەڕەكی فەڕەحی شاری فاس.
رۆژنامەكە لە زاری سەرچاوەیەكی تەندروستییەوە گواستوویەتییەوە، ئەو پیاوە كەسێكی دەوڵەمەند و خاوەن كار بووە، بەڵام لەم ماوەیەی دواییدا بە هۆی تووشبوونی بە شڵەژانی دۆخی دەروونییەوە، بە تەواوی رەفتار و هەڵسوكەوتی گۆڕاوە لەگەڵ ئەندامانی خێزانەكەی و كەسانی ئاشنایدا.
دوای دوورخستنەوەی ئەو پیاوە لە شوێنی شاباشەكەی، پۆلیس توانیویەتی بڕی 120 هەزار درهەم لەو پارەیەی فڕێی دابوو بۆی هەڵبگرێتەوە، بەڵام بڕی 100 هەزار درهەم ون بووە و پێ دەچێت ئەو خەڵكەی لێی كۆ بووبوونەوە بۆ خۆیانیان بردبێت.
سەرچاوە: سپوتنیك