پێرێز 5 یاریزانی نوێی بۆ ریال مەدرید دەستنیشان كردووە

:: AM:10:49:23/11/2017 ‌

فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی 5 یاریزانی نوێی بۆ تیپەكەی دەستنیشان كردووە بە مەبەستی بەهێزكردنی تیپەكەی لە وەرزی داهاتوودا.

ماڵپەڕی (دیاریۆ گۆڵ)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد، پێرێز بڕیاریداوە بۆ وەرزی داهاتوو هەوڵ بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ 5 یاریزانی نوێ بدات تا تیپەكەی بەهێز بكاتەوە دوای ئەوەی لەم وەرزەدا چەند خاڵێكی گرینگی لە خولی ئیسپانیا و ئەوروپا لەدەستدا.

ماڵپەڕەكە ئاشكرای كرد هەردوو ئەستێرەی یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی هاری كین و دەیلی ئالی لەو لیستەدان كە سەرۆكی یانەی ریال مەدرید هەوڵی گرێبەستكردنیان لەگەڵ دەدات.

پێرێز پێیوایە دەبێت بەرگریكارێكی بەهێز بۆ شوێنی پیپی بدۆزێتەوە و بۆ ئەمەش ماركینیوسی بەرگریكاری بەڕازیلی و یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی هەڵبژاردووە.

یانەكە هەروەها بڕیاریداوە بۆ وەرزی داهاتوو گاریس بێڵی ئەستێرەی ویڵزی بفرۆشێ، بۆ پڕكردنەوەی شوێنیشی پاولۆ دیبالای ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی دیاری كردووە.

یاریزانی پێنجەمیش كە پێرێز بۆ یانەی ریال مەدرید هەڵی بژاردووە برێتییە لە كیپا ئەریزابالاگای گۆڵپارێزی یانەی ئەتلەتیك بیلباوی ئیسپانی.

جێی باسە یانەی ریال مەدریدی پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولی ئیسپانیا و ئەوروپا، لەم وەرزەی خولی پلە یەكی ئیسپانیادا دوای ئەنجامدانی 12 یاریی ئێستا بە 24 خاڵ لە ریزبەندی سێیەمی یانەكان دێت و 10 خاڵ لە دواوەی یانەی بەرشەلۆنەی ركابەرییەتی، لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپاش بە 10 خاڵ و بەجیاوازی 3 خاڵ لەگەڵ یانەی تۆتنهام، لە ریزبەندی دووەمی یانەكانی كۆمەڵەی هەشتەم دێت.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م