نیمار وەڵامی دەنگۆی چوونی بۆ ریال مەدرید دەداتەوە
نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی و یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی دواجار وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە كە بەم دواییە سەبارەت بە پەیوەندیكردنی بە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بڵاو بوونەتەوە.
شەوی رابردوو یانەی پاریس سان جێرمان لە چوارچێوەی ركابەرییەكانی هەفتەی پێنجەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بە ئەنجامی 7-1 گۆڵ لە یانەی سێلتیكی سكۆتلەندی بردەوە.
لەو یارییەدا نیمار ئاستێكی ناوازەی پێشكەش كرد و توانی 2 گۆڵیش لە خولەكی 9 و 22ی گێمی یەكەمدا تۆمار بكات.
دوای یارییەكە نیمار چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ رۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی ئەنجام دا و تێیدا وەڵامی پرسیارێكی پەیامنێری رۆژنامەكەی دایەوە سەبارەت بە دەنگۆكانی چوونی بۆ یانەی ریال مەدرید لە وەرزی داهاتوودا.
نیمار رایگەیاند: بەداخەوە هەواڵە هەڵە و خراپی رۆژنامەكان هەمیشە بەشێوەیەكی خێرا و بەرچاو بڵاو دەبنەوە، بۆیە رۆژنامەكان هەمیشە حەز بە بڵاوكردنەوە هەواڵە ناڕاست و ناڕێككەكان دەدەن.
ئەم لێدوانەی نیمار ئەوە دەگەیەنێ كە ئەو هەواڵانەی بەم دواییە سەبارەت بەم بابەتە بڵاو كراونەتەوە دوورن لە راستییەوە و هەڵەن.
نیمار جەختیشی كردەوە كە لە یانەی پاریس سان جێرمان دڵخۆشە و بەهیچ شێویەك بیر لە جێهێشتنی یانەكە ناكاتەوە.
جێی باسە رۆژنامەكان ئاماژەیان بەوەشدابوو كە باوكی نیمار بەشێوەی نهێنی لەگەڵ فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید گفتوگۆی كردووە و هەردوولا لەسەر ئەوە رێككەوتوون بۆ وەرزی داهاتوو نیمار بهێننە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆوە.
وشە -
ئامانج ئهكرهم