نووسه‌ر و شاعیر دڵشاد عومه‌ر كاكی كه ماوه‌یه‌كى زۆره له ده‌ره‌وه ده‌ژی و ئه‌زموونى هه‌نده‌ران زیاتر به‌لاى دنیاى شاعیرانه‌یدا بردووه، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له پرۆسه‌ی شیعردا سه‌ركه‌وتووتر بووه. هه‌رچه‌نده كه‌م ده‌نووسێت، وه‌لێ هه‌میشه هه‌وڵی جیاوازی ده‌دات. له یادگه‌ی ئه‌و شاعیره‌وه شیعر هه‌میشه خۆی زیندوو ده‌كاته‌وه. له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا وه‌ڵامی چه‌ندان پرسیار ده‌داته‌وه.
پێوه‌ندی زمانی ڕاستگۆیی شاعیر و رۆحی ئێستاتیكاى ده‌ق، تا چ ئه‌ندازه‌یه‌ك كاریگه‌ره بۆ رۆحێكى زیندووى به‌رهه‌مهێنه‌ر؟ ئایا تۆ وه‌ك شاعیرێك چۆن كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌یت؟
هه‌ر شاعیرێك زمانێكی شیعریی خۆی هه‌یه، ئه‌گه‌ر ئه‌و شاعیره خاوه‌نی ئه‌زموونێكی هونه‌ریی به‌رچاوی خوێنه‌ر بێت. ناكرێ ئێمه هه‌ر هه‌موومان به زمانێك گوزارشت بكه‌ین، ئیتر هه‌ندێ زۆر و هه‌ندێ له شاعیران كه‌متر ده‌چنه ناو باغه‌كانی جوانی و سه‌مای باوبارانی ئیستاتیكا. وه‌ك ئێوه‌ش ده‌ڵێن به‌و پێیه‌ی شیعریش هه‌ر ئه‌ده‌به و راستییه‌كه له وه‌هم یان خاتره‌یه‌كه ئاڵ به گۆنای راستییه‌وه، ئه‌مه خۆی له خۆیدا ئه‌و فه‌نتازیایه‌یه وه‌ك (سه‌ما) وه‌ك سۆز و چێژ له گۆرانییه‌كدا، شیعر زۆرمان ده‌داتێ و هه‌ندێ جاریش زۆر شتمان لێ ده‌سه‌نێ. ئالووده‌بوونیش به شیعر چه‌شنی ئالووده‌بوونه به شه‌راب، شیعریش هه‌یه هێنده‌ی باده شه‌وت به‌ســـه‌ردا ده‌ڕژێنی و تارومارت ده‌كا.
شاعیر زۆر جار ئه‌و شتانه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌سته‌كانی ناگونجێ به‌ره‌نگاریان ده‌بێته‌وه به شیعر شه‌ڕیان ده‌كات، تۆ توانیوته له‌م شه‌ڕانه‌دا به دڵی خۆت بجه‌نگی و سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بێنی؟
به‌ڵێ هه‌ندێ جار نووسین ده‌بێت به جه‌نگ، جه‌نگێك كه هه‌ر خوێنی تێدا ناڕژێت. شیعر به‌شه‌ڕ هاتنه له‌گه‌ڵ دژوارییه‌كاندا، هه‌تككردنی دژه هه‌سته، هه‌سته جوانه‌كان. شاعیر زۆرجار ده‌ڵێی له جه‌نگێك دێته‌وه كه دوا وشه‌ی به‌رهه‌مێكی ده‌نووسێته‌وه. من بۆ خۆم له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتن یان شكست بڕیارم نییه، له جێی ئه‌وه ده‌ڵێم ئه‌و مه‌یدانی جه‌نگه ده‌بێت به مێژوو ئه‌گه‌ر توانیبێتمان له زاده‌ی بیروهۆش و هه‌ست و هزرمان له جوانییه‌كان و خۆشه‌ویستیمان، شتێكمان پێ بێت بۆ بنده‌ستی مێژوو، ئه‌وه‌یان ئاسووده‌یییه بۆ نووسه‌ر و شاعیران، بۆیه چوونه مه‌یدانی شیعر جه‌نگاوه‌رێك ده‌خوازێ كه بیر له سه‌ركه‌وتن و دۆڕاندن ناكاته‌وه.
شاعیرانی كورد هه‌میشه ئه‌ركی تریان بینیوه كه له ئاینده‌دا زیانی به ژێرخانی شیعریه‌تی گه‌یاندووه، ئایا ئه‌م زیانه به تۆیش گه‌یشتووه؟
گوزارشتی شاعیر یان نووسه‌ر هیچ نێوانێك ناخاته نێوان من و منی مرۆڤه‌وه، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌و ئه‌رك و فه‌رمانانه‌ن كه ده‌بنه زادگه‌ی به‌رهه‌م و له‌ناو چاوی خوێندنه‌وه و بینینی شاعیردا، ژیان خۆی به‌هه‌موو ئه‌رك و فه‌رمان و ناله‌باریه‌كانییه‌وه، ژیانه و كتومت ئه‌وه‌یه ژیان، ئه‌ی بۆ ژیان شیعر نییه؟.
تۆ به‌دوای شیعر وێڵی یا شیعر به‌دوای تۆ وێڵه؟ ده‌كرێت بزانین له‌م وێڵبوونه شیعرییه‌دا گه‌یشتووی به‌كوێ و ده‌ته‌وێ چی بكه‌ی؟
شاعیر و شیعر وه‌ك ئه‌لیكترۆن و نیۆترۆنی ناو گه‌ردیله‌یه‌ك وان به ده‌وری یه‌كدا ده‌سووڕێنه‌وه و له‌ناو یه‌كدان و به‌هێزێكی گه‌وره‌ی ناوكه ئه‌تۆمی نه‌بێ لێك جیا ناكرێنه‌وه، ئه‌و جیابوونه‌وه‌یه‌ش مه‌رگی شاعیره، واته داهێنان ئه‌گه‌ر مانای پرسیاره‌كه ئاوێته‌تر بكه‌ین، ده‌مه‌وێ بڵێم وێڵبوونی شاعیر به‌دوای شیعردا و شیعر به‌دوای شاعیردا له بازنه‌یه‌كدا، ئه‌گه‌ر پێشكه‌وتی ئه‌وه ده‌كه‌ویته دوای شیعر، خۆ ئه‌گه‌ر دواكه‌وتی ئاوڕ بده‌ره‌وه شیعر له دواته‌وه‌یه.
تێری ئیگلتن پێی وایه (كه‌لێنێك له هه‌موو كارێكی ئه‌ده‌بیدا هه‌یه، ئه‌وه ڕه‌خنه‌یه ئه‌و كه‌لێنه پڕ ده‌كاته‌وه) به‌و مانایه‌ی هیچ شتێك له ژیاندا به ته‌واویه‌تی كامڵ نییه، پێت وایه ڕه‌خنه‌ی كوردی ئه‌و كه‌لێن و كامڵنه‌بوونه‌ی پڕ كردبێته‌وه یا ده‌ستنیشانی كردبێت، ئایا تۆ چۆن له ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی كوردی به‌تایبه‌ت ڕه‌خنه‌ی شیعری ده‌ڕوانی؟
ڕاسته ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی وه‌ك ژینگه وایـــه، نه‌ك كه‌لێنك پڕ ده‌كاته‌وه، به‌ڵكو وه‌ك ئاووهه‌وا پێویسته. ڕه‌خنه‌گری كارامه و رۆشنبیر كاتێك له‌سه‌ر هه‌ر ده‌قێك ده‌نووسێ جگه له‌وه‌ی نرخ و به‌هاكانی، په‌ی پێ‌بردن، ته‌یكردن و پشكنین بۆ هه‌موو جوانی و خستنه‌ڕووی له‌نگی و ساتمه‌كردن و چه‌ندان ئه‌ركی تر، له پاڵ ئه‌مه‌شدا ڕه‌خنه ده‌بێته ده‌قێكی تر كه خوێنه‌ر چێژی خۆی لێ وه‌رده‌گرێ. ئه‌ده‌بی نووسراوی كوردی و شیعر به‌تایبه‌تی له‌گه‌ڵ ڕه‌خنه‌دا پێكه‌وه ژیاون هه‌ر له‌و كاته‌ی نووسین دروست بوو، ڕه‌خنه‌یش وه‌ك هاو ژیانێك له‌گه‌ڵیدا هاته ژیانه‌وه.
ده‌شێ سه‌ره‌تاكان سه‌رنج و خوێندنه‌وه‌ی خوێنه‌ر بۆ نووسین ئالووده‌بوون و سه‌ركردنه‌سه‌ر خوێندنه‌وه جۆرێك بووبێت له ڕه‌خنه، ڕه‌خنه‌یه‌ك كه خوێنه‌ر له‌ناو خۆیدا و له‌كاتی خوێندنه‌وه‌دا هه‌ست و كاردانه‌وه و كاریگه‌ریی ئاوێته‌ی بووبێ و زۆرجاریش سه‌رسامبوونی خوێنه‌رێك به نووسینێك یان شیعرێك و باسكردن یان گێڕانه‌وه‌ی لای كه‌سانی تر، یان له به‌ركردنی گوتنه‌وه‌ی ئه‌و شیعره خۆی له خۆیدا ڕه‌خنه بووه. ئێمه ده‌بێ ئه‌وه بزانین كه سه‌رسامبوون و عاشقبوون به ده‌قێك ڕۆحی ڕه‌خنه‌یه، به‌ڵام له ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا، ڕه‌خنه‌گری به‌رده‌واممان زۆر كه‌مه.
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر ده‌قی شاعیرێك بكه‌ین، سه‌ره‌تا چۆن بتوانین له رۆحیه‌تی ده‌قه‌كه نزیك ببینه‌وه؟ یا چی كۆمه‌كمان ده‌كات كرۆكی ده‌قه‌كه جوانتر نیشانی خوێنه‌ر بده‌ین؟
ئه‌ده‌ب و نووسینی چاك، ده‌قی ده‌وڵه‌مه‌ند و داهێنه‌رانه خۆی به‌رۆكی لێكۆڵه‌ر ده‌گرێ، ئه‌وه‌نده ده‌رگه و ده‌روازه هه‌ن بۆ چوونه ژووره‌وه و نزیكبوونه‌وه له ماهیه‌تی نووسین، ئه‌وه‌ی كۆمه‌كی ڕه‌خنه‌نووس ده‌كات ده‌وڵه‌مه‌ندی و باڵایی و جوانی فه‌نتازیای به‌رهه‌مه‌كه‌یه پێش ئه‌وه‌ی سه‌ر بۆ ناوی نووسه‌ره‌كه هه‌ڵبڕین.
با بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ره‌تاكانی ژیان، زۆر له نووسه‌ران به گشتی له (سۆز)ه‌وه ده‌ستیان به نووسین كردووه، ئایا تۆش به (سۆز) ده‌ستت پێ كرد، یاخۆ سه‌ره‌تاكانی نووسینی تۆ چۆن بوون؟
ده‌ست پێكردن به سۆز یان هه‌ر هه‌ستێكی تر وه‌ك میهر و خۆشه‌ویستی و غه‌مگینی، ئه‌مانه هه‌موو ڕه‌گه‌زن بۆ نووسین. با ئێمه هه‌روا به ساده‌یی نه‌ڕوانینه ئه‌ده‌بی نووسراو یان شیعر، ئه‌ده‌ب خۆی ژیانه به‌هه‌موو بۆن و به‌رامه و خۆشی و ناخۆشیه‌كانییه‌وه مردنیشی له‌گه‌ڵدا بێت. مه‌گه‌ر مردنیش له‌ناو ژیاندا نییه؟ بۆ مردن به‌شێك نییه له ژیان؟ ئیتر من وای ده‌بینم نووسین ژیانێكی تره له‌ناو ژیاندا.
یه‌كه‌م به‌رهه‌مم ساده و ساكار، سۆزێكی ده‌روونی و خۆشه‌ویستی خۆم بوو ته‌ماشكردنم بوو بۆ جوانی له ده‌روونمدا شیعرێكی پێ نووسیمه‌وه، نه‌ك سۆز، به‌ڵكو تا ئێسته‌یش چی له‌ناو ناخمدا هه‌یه بۆ خۆشه‌ویستی، ئه‌وه‌ی ڕۆحمی لێوان‌لێو كردووه له عه‌شق، جوانی و پاكی و خۆشه‌ویستیی و خاوێنی و شیرینی ژنه. هه‌موو دایكه‌كان كچۆڵه‌كان، ئه‌مانه هه‌ر هه‌موویان ژیانیان جوان كردووه و ئه‌گه‌ر مانایه‌ك بۆ ژیان مابێته‌وه ئه‌وان ده‌یبه‌خشن. هه‌ر ئه‌وانیشن به‌و هه‌موو ناسكی و جوانییه‌وه به گژ دیوار و قه‌ڵاكانی مردن‌دا ده‌چن.
وشه/ هه‌ولێر- غه‌مگین خدر