میسی راهێنەری یۆڤانتۆسی تووشي شۆك كردووە

:: PM:12:20:23/11/2017 ‌

ماسیملیانۆ ئەلیگری راهێنەری یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی دانی بەوەدانا تووشی شۆك بووە كاتێك هەواڵی یارینەكردنی لیۆنێل میسی ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە یارییەكەی دوێنێیان زانیوە.

دوێنێ چوارشەم هەردوو یانەی یۆڤانتۆس و بەرشەلۆنە لە چوارچێوەی ركابەرییەكانی گەڕی پێنجەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لەنێو یاریگەی یۆڤانتۆس ئەرینا بەبێ گۆڵ یەكسان بوون.

لە یارییەكەدا ئێرنیستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە پشووی بە میسی دابوو لە گێمی یەكەمدا لەسەر كورسی یەدەگ هێشتبوویەوە.

لەمبارەیەوە ئەلیگری بۆ رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی رایگەیاند: دانیشتنی میسی لەسەر كورسی یەدەگ تووشی شۆكی كردم و یەكەمجارە ببینم ئەو ئەستێرەیە لەسەر كورسی یەدەگ دابنیشێ.

ئاشكراشی كرد لە كاتی هاتنە نێو یاریگەش لە گێمی دووەمدا تووشی دڵەڕاوكێیەكی زۆر بووم، بەڵام شوكور بۆ خوا یاریزانانی تیپەكەم توانیان رایگرن و نەهێڵن هیچ مەترسییەك بنێتەوە.

لەبارەی ئاستی تیپەكەی لە یارییەكەدا ئەلیگری ریگەیاند، هەركاتێ رووبەڕووی یانەی بەرشەلۆنە دەبیتەوە نابێت بیر لەوە بكەیتەوە كۆنتڕۆلی یاریگە بكەیت، تەنیا ئەوەیە دەبێت بەشێوەیەكی ئاسایی یاری بكەیت تا هەلێكت بۆ رێك دەكەوێ و بەختت دەبێت گۆڵێك تۆمار بكەیت، بۆیە لە ئاستی یارییەكە رازین.

جێی باسە یانەی یۆڤانتۆس لە یاریی چووندا لەنێو یاریگەی كامپ نوو بە 3 گۆڵی بێ وەڵام بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنە دۆڕاندبوو، یانە كەتەلۆنییەكە بە 11 خاڵ سەركەوتنی بۆ قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا مسۆگەر كردووە، هەردوو یانەی یۆڤانتۆس 8 و سپۆرتینگ لیشبۆنەش 7 خاڵیان هەیە و لە یاریی داهاتووشیاندا چارەنووسی گەیشتن بە قۆناغی داهاتوو یەكلا دەكەنەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م