سەنتەری تۆڕی چاو لە هەولێر كرایەوە

:: PM:03:24:23/11/2017 ‌
لەسەر ئەركی رێكخراوی IOMی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان، بۆ یەكەمین جار لە نەخۆشخانەی رزگاری شاری هەولێر سەنتەری تۆڕی چاو كرایەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 23ی تشرینی دووەم، سامان بەرزنجی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، سەنتەرەكە بۆ یەكەمین جارە لە هەولێر دەكرێتەوە و لەسەر ئەركی رێكخراوی (IOM)ی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان دروست كراوە.
 
زیاتر گوتی، لە سەنتەرەكە 12 پزیشكی پسپۆڕ كار دەكەن و ڕۆژانە لە توانایدا هەیە 150 نەخۆش ببینن، هاوكات لەو سەنتەرە هەردوو جۆری نەشتەرگەریی گەورە و بچووك بۆ تۆڕی چاو ئەنجام دەدرێت.

ڕوونی كردەوە كە ئەگەر هاووڵاتییەك لە نەخۆشخانەیەكی ئەهلی نەشتەرگەری ئەنجام بدایە، دەبوو بڕی چوار هەزار دۆلار بداتە پزیشكەكان، بەڵام لەو سەنتەرە بڕە پارەیەكی كەم لە نەخۆش وەردەگیرێت، ئامێرەكانی سەنتەری تۆڕی چاو پێشكەوتوون و لەمەودوا دەتوانرێت نەشتەرگەری چاندنی گلێنەی چاویش لە هەولێر  ئەنجام بدرێت.

كردنەوەی ئەو سەنتەرە لە كاتێكدایە كە پێشتر هیچ سەنتەرێكی تایبەت بە نەخۆشییەكانی چاو لەو شارەدا نەبووە و تەنیا لە رێی نۆرینگەی تایبەتی پزیشكی نەخۆشییەكانی چاو چارەسەر دەكران.

 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم