ئەو فایلانەی كورد لە بەغدا گفتوگۆیان لەسەر دەكات ئاشكرا دەبێت

:: PM:07:38:23/11/2017 ‌
ئەندامێكی كوردی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پێی وایە، پێویستە شاندی كوردستان لە بەغدا ماوەییەكی گونجاو بدات بە گفتوگۆكان و لەوێ بمێنتەوە تا چارەسەركردنی تەواوی كێشەكان و ئاماژە بۆ ئەو فایلانە دەكات كە شاندی كوردی لە بەغدا وتوێژیان لەبارەوە دەكات.

ئەمڕۆ پێنجشەم 23ی تشرینی دووەم، راوێژكارێكی سەرۆك كۆماری عێراق ئاشكرای كرد، هەفتەی داهاتوو شاندی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات بە مەبەستی دانوستاندن لەسەر كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق، ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش زانیاری لەبارەی ئەو مەلەفانە ئاشكرا دەكات كە كورد لە بەغدا گفتوگۆیان لەسەر دەكات.

د.موسەنا ئەمین ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق/ یەكگرتووی ئیسلامی/ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، شاندی كوردستان كە دەچێتە بەغدا كۆمەڵێك مەلەفی هەیە و لەوێ‌ قسەی لەبارەیەوە دەكات كە لە پێشنەی كارەكان گفتوگۆ دەبێت لەسەر دابینكردنی مووچە و بودجەی كوردستان.

زیاتر گوتی، پرۆژەی بودجە و رێككەوتنی سیاسی و ئیداری لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی سنوورەكان و كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێم، لە بەرنامەی كاری گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەبێت.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕوونی كردەوە كە زۆر مەلەفی تر هەن كە بەشێكی پێوەندی بە لەشكركێشی سەربازی و دۆخی كەركووكەوە هەیە.

بە بڕوای موسەنا ئەمین ئومێد هەیە كە ڕێككەوتن لە نێوان هەولێر و بەغدا بێتە ئاراوە و لەوبارەیەوە گوتی، ئەگەر شاندی كورد پەلەی گەڕانەوەی نەبێت لە بەغدا و ماوەی زۆر بدات بە گفتوگۆكان ئەوە كێشەكان چارەسەر دەبن.

لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی 25ی ئەیلوول، كێشەی سیاسیی و سەربازییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا زیاتر بوون تا گەیشتە ئەو ئاستەی بەغدا لە شكركێشی بكاتە سەر كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ئابلۆقەی ئابووری بخاتە سەر كوردستان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ چەند وڵاتێكی تر، بەڵام لەو كاتەوە تا ئێستە هەرێمی كوردستان بۆ چارەسەری كێشەكان داوای گفتوگۆ دەكات و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش پشتیوانی لە ئەنجامدانی گفتوگۆی نێوان ئەو دوو لایەنە دەكات.
 




وشە - سه‌رخێڵ هاشم