كەنار محەمەد تەها ژنە موزیكژەنی ناسراو كە ماوەیەكە لەگەڵ گرووپی موزیكی لوڕ كار دەكات و لە هەوڵی ئەوەدایە وەك گۆرانیبێژیش لەو گرووپەوە دەربكەوێت. لەبارەی دەست پێكردن و خۆئامادەكردنی بۆ گوتنەوەی گۆرانییە فۆلكلۆرییەكان، "وشە" دیمانەیەكی لەگەڵ ئەنجام دا.
كەنار رای دەگەیەنێت كە ژیانی خێزانی رێك خستووە و هونەریش بووەتە بەشێكی سەرەكیی ئەو ژیانە. هاوكات ئاماژەوە بەوە دەدات كە لەپێناو سەركەوتن، گوێ لە قسەڵۆك ناگرێت و رای دەگەیەنێت "ئەو ڕێیەی گرتوویەتە بەر، هەوراز و نشێوی زۆری تێدایە".
چی وای كرد لە بواری موزیكەوە بیر لە گۆرانی بكەیتەوە؟
گۆرانی ئارەزوویەكی كۆنی خۆم بوو، چاوەڕێی كاتێكی گونجاو بووم بتوانم دەست پێ بكەم بۆ ئەوەی ئەزموونی باشترم هەبێت لە رووی كاری موزیك و سەرشانۆ و چەند لایەنێكی تر، هەروەها هەست دەكەم لە شێوازی سوننەتیدا گۆرانیبێژی ژنمان كەمە، بۆیە هەوڵ دەدەم بەشێك بم لە دەنگبێژانی ئەو ستایلە، هەرچەند بە من و چەندانی تریش پڕ ناكرێتەوە، بەڵام هەر هەوڵدان باشە.
هاوسەرت رۆڵی چییە لەم دەركەوتنە تازەیەی خۆتی بۆ ئامادە دەكەیت؟
ئێستە بە هاوكاری هونەرمەند و هاوسەرم نزار زێوێی دەستمان بە كاركردن كردووە و چەند گۆرانییەكمان تەواو كردووە و ڕۆژانە بەردەوامین لە تۆماركردنی گۆرانی، هەموویان گۆرانیی فۆلكلۆرن و ناسراون لای خەڵك، هیوادارم بتوانم خزمەتی هونەری كوردی و گوێگرانی هونەر بكەم.
لەناو ستایل و گۆرانییە جیاوازەكان، بۆچی دووبارە گوتنەوەی گۆرانییە فۆلكلۆرییەكانت هەڵبژارد؟
لەبەرئەوەی یەكەم ئەزموونی گۆرانیمە، حەزم كرد لە فۆلكلۆرەوە دەست پێ بكەم، چونكە لەناو خەڵكیدا هەن و خەڵك یادەوەرییان لەگەڵیاندا هەیە، دواتر توانای خۆم ببینم لە گوتنەوەی گۆرانی.
بەشداریت لە چەندان كلیپی گۆرانیبێژانی ناسراوی كورد كردووە، تا چەند كاریگەر بوون لەسەر ئەم حەزەی تۆ؟
لە كاتی كلیپكردن و تۆماركردنی گۆرانی، تەنیا بیرم لای موزیك بووە، هیچ هاندەر نەبووە، بەڵام سوودم لێ وەرگرتوون.
كێ هانی دایت كە دەتوانیت ببیت بە گۆرانیبێژ؟
بەتەنیا نزاری هاوسەرم دەنگمی پێ باش بووە و هاندەرمە، دواتر كەسوكار و هاوڕێیان.
لە بواری موزیك خزمەتی زۆرت كردووە، ئامانجت چییە لە گۆرانیگوتن؟
ئامانجم ئەوەیە بۆشایییەك هەیە لە بوونی ژنانی دەنگبێژ لە ستایلی سوننەتی، دەمەوێ رۆڵی تیادا ببینم.
دەتوانیت بەردەوام بیت لە گۆرانی؟
بەڵێ دەستم پێ كردووە بەنیازی بەردەوامبوون و هەر بەردەوام دەبم .
ئێستە كە هەم موزیك و هەم گۆرانی ئەزموون دەكەیت، كامەیان ئەستەمی زیاترە بۆ ژن؟
هەردوو بوارەكە ئەستەمیی خۆی هەیە.
كەسێك ئەگەر پێشتر موزیكژەن بووبیت، چانسی سەركەوتنی زیاترە بۆ گۆرانیگوتن، رای تۆ چییە؟
بەڵێ زۆر ڕاستە، گرنگە كەسێك گۆرانی دەڵێ شارەزایی لە ئامێرێكی موزیك هەبێت یا موزیكی خوێندبێت، چونكە لە ڕووی ئەكادیمییەوە هەست بە هەڵە و ڕاستییەكان دەكەیت و یارمەتیدەرە بۆ پێشكەوتنت.
لەو دۆخەی ئێستە كە كوردستان كۆمەڵێك تەنگژە بەرۆكی گرتووە، كاركردن بۆ تۆماركردنی گۆرانی ئەستەم نییە؟
لەم بارودۆخەدا بە دڵنیایییەوە سەختە و هیلاكی و ماندوبوونی زۆری دەوێت، بەڵام كە هاوسەرەكەم لە پشت كارەكانمە، زۆر شتم بۆ ئاسان دەكات و هەموو ماندووییەكە ئەو دەیكێشێت.
وا دەردەكەوێ كاركردن لە بواری هونەریدا بەشێكی زۆری ژیانی داگیر كردوویت، ئەوە مافی منداڵ و هاوسەرەكەت ناخوات؟
هونەر بەشێكە لە ژیانمان و بەرنامەی ژیانی خۆمانمان داناوە.
گۆرانیگوتن وەك ژنێك تووشی كێشە و گرفتی نەكردوویت؟
ئەو ڕێیەی گرتوومەتە بەر هەوراز و نشێوی زۆری تێدایە، خۆم بۆ هەموو ئەگەرەكان ئامادە كردووە و هەر بەردەوامیش دەبم.
ناترسی لە قسەڵۆكی خەڵك؟
ئەو شتانە گرنگ نین بەلامەوە، چونكە دەزانم چی دەكەم.
ئەو بەرهەمانەی ئێستە كاریان بۆ دەكەیت چەندن؟
پێنچ گۆرانیی فۆلكلۆرین و و ئێستە دووانیمان تۆمار كردووە .
بەنیازی كاری كلیپیشیان بۆ بكەیت؟
بەڵێ لە هەوڵی كلیپكردنی گۆرانییەكانم و بەدڵنیایییەوە كار بۆ ئاوازی نوێ و بەرهەمی نوێیش دەكەین .
بەلای تۆوە مەرجی گۆرانیبێژێكی سەركەوتوو چییە؟
مەرجی بنەڕەتی و سەرەكی ئەوەیە بەردەوام بیت لەسەر هونەرەكەت، ئەمە یارمەتیدەرێكی باشە لە هەموو ڕووەكانەوە و ئەزموونی باش پەیدا دەكەیت .
هەولێر/ شاخەوان شێخانی