لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی زستان و نزمبوونەوەی پلەكانی گەرما، دەزگەی خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگەی خێرخوازیی حاجی ئیدریس سورچی و كۆمپانیای ئارچەلیك و هاوپەیمانی جیهانی مەسیحی و موژدەبەخشەكان international Christian and missionary alliance هەستا بە دابەشكردنی كۆمەڵێك پێداویستی بەسەر 850 خێزانی ئاوارەی هەریەكە لە كەمپەكانی حەسەن شام و خازر.
بە گوێرەی راگەیەنراوێكی دەزگەی خێرخوازیی بارزانی كە وێنەیەكی بۆ "وشە" نێردراوە، لە رۆژی هەینی رێككەوتی 11ی نۆڤێمبەر/ تشرینی دووەم هەڵمەتەكە بەڕێوە چووە و ئەو پێداویستییانەی كە بەسەر ئەو خێزانانەی ئەو دوو كەمپەدا لەلایەن ئەو چوار لایەنەوە دابەش كراوە، بریتی بووە لە جلوبەرگ، پارسێلی خواردن و خواردنی لە قوتوونراو، دۆشەك و بەتانی و پێڵاوی منداڵان.
لەلایەكی ترەوە، دەزگەی خێرخوازیی بارزانی بە هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوەكانی UNHCR و NRC و ئەنسل و وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، ئەمڕۆ یەكشەم هەستا بە دابەشكردنی ژمارەیەك پێداویستی بەسەر 827 خێزانی ئاوارە لە كەمپەكانی دیبەگە لە سنووری پارێزگای هەولێر.
بە گوێرەی راگەیەنراوەكەی دەزگەی خێرخوازیی بارزانی، هەڵمەتی دابەشكردنی پێدایستییەكان، لە سنووری دیبەگە ئەمڕۆ یەكشەم رێككەوتی 13ی نۆڤێمبەر/ تشرینی دووەم بەڕێوە چووە و ژمارەیەك لە ئاوارەكانی هەر یەكە لە كەمپەكانی دیبەگە1، دیبەگە2، ترانزێت و یارگە لێی سوودمەند بوون و پێداویستییەكانیش بریتی بوون لە پارسێلی خۆراك، خواردنی لە قوتوونراو، سەتڵ و ئاو و جلیكان و پێداویستیی پاككەرەوە، دۆشەك و بەتانی.