بە تاوانی لەشفرۆشی و فڕێدانی منداڵەكەی دەگیرێت

:: PM:09:38:25/11/2017 ‌

ژنێكی تەمەن 40 ساڵ لە گرتووخانەی هەولێر بە تاوانی كاری لەشفرۆشی و فڕێدانی منداڵە تەمەن سێ ساڵەكەی گیراوە، ئەو ژنە كە خەڵكی سلێمانییە، یەكەمین جار نییە لەسەر تاوانی لەشفرۆشی دەگیرێت، ئەو بۆ كاری لەشفرۆشی لەگەڵ خوشكەكەیدا كە دانیشتووی سلێمانییە، سەردانی هەولێری كردووە و هەر لە هەولێریش منداڵەكەی لە یەكێك لە مۆڵەكاندا جێ دێڵێت و زیاتر لە جارێكیشە دەگیرێت.

ئەو ئافرەتە دەیەوێت ناوی بە (نینار) بنووسرێت، كاتێك بانگكرا بۆ ژووری توێژەرەكان بۆ ئەوەی باسی جۆری كەیسەكەی باكات، چەند خولەكێك دواكەوت كاتێك لە هۆكاری دواكەوتنیان پرسی، گوتی خەركی قورئانخوێندن بووە. بە گوتەی خۆی دەیەوێت ئیتر واز لە هەموو شتێك بێنێت، ئەو باسی هۆكاری تووشبوونی بەو كارە بۆ "وشە" دەكات و دەڵێت، ناچاری ئەو كارانە بووە كە كردوویەتی.

دایكم خەڵكی بە‌‌‌غدایە و باوكیشم خەڵكی سلێمانییە و دوو خوشكم هەیە، دوای مردنی باوكم هەموو خێزانەكەمان تێكچوو، دایكم لەگەڵ چەند كەسی تردا كاری لەشفرۆشیان دەكرد لە بەغدا و سلێمانی، دواتر خوشكەكەشم تێكەڵی ئەو كارە بوو، من بە زوویی شوم كرد، بەڵام تەڵاقدرام دوای زانینی دۆخی دایك و خوشكم.

زیاتر دەڵێت، كاتێك تەڵاقدرام، پیاوێكی ترم ناسی و مارەی كردم، كوڕێكم لێی بوو هەر لای ئەو پیاوە بووم كە تێكەڵی ئەو كارەبووم لەگەڵ خوشكەكەم و دایكمدا، سەرەتا لە سلێمانی دەستم پێكرد، دواتر لەگەڵ خوشكەكەم سەردانی هەولێرمان كرد و لە هەولێریش موشتەریم پەیدا كرد، سەرەتا لەگەڵ چەند كوڕێكدا دەچووینە دەرەوەی شار و لەناو ئۆتۆمۆبێل ئەو كارەمان دەكرد، دواتر چەند كەسێك شوقەی تایبەت یان خانویان هەبوو، دەچووینە ئەو شوێنانە.

ئەو نایشارێتەوە كە كاری لەشفرۆشی بۆ ماوەی چەند ساڵێك كردووە، دەشڵێت چەندینجار بەهۆی ئەو كارەوە گیراوە، تا ماوەیەكیش وازی هێناوە، بەڵام دواتر لە بێچارەییدا كە نە هیچ كەسێكی باشی هەبووە لە خۆی بگرێت و نە هیچ شوێنێكی بۆ مانەوە و ژیان هەبووە، دەستی بەو كارە كردووەتەوە.

لە دوای چەندینجار گرتنی، دایكی (نینار) دەچێتەوە بۆ بەغدا و لەوێ دەژیت و ئەو كارە دەكات، تەنیا خوشكێكی لە سلێمانی دەمێنێت كە (نینار) دەڵێت هاوسەر و منداڵی هەیە و وازی لەو كارە هێناوە، بەڵام دوایین جار كە گیراوە لەگەڵ ئەو خوشكەیدا بووە، كە كوڕەكەی فڕێ داوە.

(نینار) ئاماژە بەوە دەكات دووجار كوڕەكەی لێ ون بووە، جارێك لە پارك و جارێكی تر لە یەكێك لە مۆڵەكانی شاری هەولێڕ، ئەو دەڵێت لێی ون بووە، بەڵام بەڵگەكان بۆ گرتنی كە لەسەری ئیسپات بووە، دەڵێن كە زیاتر لە دووجار لە شوێنە گشتییەكاندا كوڕەكەی فڕێ داوە، دوایینجاریش كە (نینار) كوڕەكەی كە ناوی (موراد)ە، لە یەكێك لە مۆڵەكانی شاری هەولێردا جێی دێڵێت، ئەو تەمەنی سێ ساڵە لەو كاتەشەوە هیچ هەواڵێكی نازانێت، چونكە دوای ماوەیەك دەگیرێت، لە كاتی گەڕانەوەیان بۆ سلێمانی لەگەڵ خوشكەكەیدا.

بە پێی بەدواداچوونەكانی "وشە" ئەو منداڵە دوای ئەوەی دەبردرێت بۆ خانەی بێسەرپەرشتان و ماوەیەك لەوی دەمێنێتەوە، لەلایەن دادگاوە دەدرێت بە خێزانی دووەم، ئێستە (موراد) لەگەڵ خێزانی دووەمیدا لە شاری هەولێر دەژیت.

(نینار) كە زیاتر لە چەندجار لە دادگە حوكمی جۆراوجۆر دراوە و دوای تەواوبوونی وادەكەی دووبارە گەڕاوەتەوە سەر كارەكەی، ئێستە لە گرتووخانە ڕاگیراوە (تەوقیفە) و دادگایی نەكراوە، نازانێت حوكمەكەی چی دەبێت، ئەو دەڵیت ئەمجارە كۆتا جاری تاوانی دەبێت، بەڵام ڕوون نییە دووبارە لە بێكەسی و بێ شوێنیدا پەنا بۆ ئەو كارانە دەباتەوە یان نا.

سەبارەت بە سزای ئەو جۆرە تاوانە، پارێزەر (هێرش فەیسەڵ) بۆ "وشە" گوتی، بە پێی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ساڵی ١٩٦٩، ئەم ئافرەتە بە پێی مادەی ٣٨٣ و خاڵی یەكەم/ سزا دەدرێت بە بەندكردن كە ماوەكەی دادوەر دیاری دەكات، دووپاتی دەكاتەوە كە دادوەر بۆی هەیە بە پێی یاسای (بارودۆخی توند)، دژی تۆمەتبار ئەنجام بدات، چونكە تۆمەتبار لە پێشوودا تاوانی تری هەبووە، واتە دادوەر بەرزترین ئاستی سزا، دەتوانێت سزا  بۆ تۆمەتبار دیاری بكات، سزاكانیش سزای سووك و سزای قوڕس هەیە كە تا كاتی دادگاییەكەی نازانرێت دادوەر كام بڕیاری بەسەردا دەسەپێنێت.

هەولێر/ ئیڤان عەبدورەحمان



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل