حكوومه‌تی عێراق له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی داهاتوو، بودجه‌ی دیاریكراوی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌و ڕێژه‌یه به‌رز ده‌كاته‌وه كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوای ده‌كات، ئه‌ویش هه‌مان ڕێژه‌ی ساڵانی ڕابردووه.
ته‌نگژه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پێش ڕیفراندۆم له ڕووی ئابوورییه‌وه به‌هۆی نه‌دانی بودجه و نه‌هاتنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و هاتنی ئه‌و ژماره زۆره‌ی ئاواره‌كان و شه‌ڕی داعش چه‌نده زۆر بوون، دوای ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان زیاتر بوون كه عێراق هه‌وڵی دا به شێوه‌ی تۆڵه‌كردنه‌وه له ته‌واوی گه‌لی كورد سزای گشتی بدات، ئه‌مه‌ش وای كرد حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵی دانوستان بدات له ڕێی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و خۆشبوون له زۆر له مافه‌كانی هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و سزا دارایییانه كه‌م بكاته‌وه.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م ڕۆژنامه‌ی "
شه‌رق ئه‌وسه‌ت" بڵاوی كرده‌وه، چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاماژه‌یان به‌وه داوه، حكوومه‌تی عێراق به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له بودجه‌ی گشتی زیاد ده‌كات، چونكه ڕووگه‌ی ئێسته‌ی حكوومه‌تی فیدڕاڵی بۆ ئه‌وه‌یه پێداچوونه‌وه به‌و به‌شه بودجه‌یه بكات كه پێشتر له‌سه‌ری ڕێك كه‌وتوون كه بریتی بوو له 12.67٪، ئه‌مه‌ش هه‌رگیز لای هه‌رێمی كوردستان جێی قبووڵكردن نه‌بوو.
دانانی 17% وه‌ك به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان به سه‌رژمێریی ڕێژه‌ی دانیشتوان نه‌كراوه، به‌ڵكو ڕێككه‌وتن بووه له نێوان سه‌ركرده سیاسییه‌كانی كورد و به‌غدا، بۆیه هه‌رێمی كوردستان ده‌خوازێ تا سه‌رژمێرییه‌كی دروست ده‌كرێ، ئه‌م به‌شه وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه.
نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له شه‌شی تشرینی دووه‌م ڕای گه‌یاند، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ ئامارێكی سه‌رژمێریی عێراق نه‌كراوه، كاتی خۆی به ڕێككه‌وتنێكی سیاسی، 17%ی عێراق بۆ هه‌رێمی كوردستان دانراوه، بۆیه بودجه‌ش له‌سه‌ر ئه‌و ڕێژه‌یه دیاری كراوه، لادان له‌و بودجه‌یه وه‌ك پڕۆژه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق كاری له‌سه‌ر ده‌كات، لادانه له‌و ڕێككه‌وتنانه و ئێمه ئاماده‌ین بۆ هه‌ر سه‌رژمێرییه‌ك، به‌ڵام تا كاتی ئه‌وه ده‌بێ ڕێژه‌كان وه‌ك خۆی بمێننه‌وه.
سه‌رۆكی حكوومه‌ت له‌سه‌ر گرفتی ڕێژه‌ی مووچه‌خۆران كه عێراق نزیكی نیوه‌ی ئه‌و ژماره‌یه‌ی دیاری كردووه كه هه‌رێمی كوردستان باسی ده‌كات، ڕای گه‌یاند ئه‌گه‌ر به‌غدا نیازی هه‌یه، ئێمه ئاماده‌ین و هیچ رێگرییه‌كمان نییه، با به‌پێی داتاكانی بایۆمه‌تری مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان بنێرێت.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌ڵێ، ئه‌گه‌ری هه‌یه به‌شه بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ 15% یان بۆ 17٪ زیاد بكرێ، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌یه به‌شێك له‌و گرژییانه‌ی له نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق دروست بووه، بڕه‌وێته‌وه و بگه‌ن به چاره‌سه‌رێك كه هه‌موو لایه‌نه‌كان پێی ڕازی بن.
گۆڕینی هه‌ڵوێسته تونده‌كانی عێراق به‌رامبه‌ر گه‌لی كورد، له ئه‌نجامی ئه‌و نێوانگیرییهیه كه ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێ له نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق بۆ تێپه‌ڕبوونی ئه‌م دۆخه بیگرێته به‌ر، ئه‌گه‌رچی تا ئێسته‌یش حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئاماده‌یی ده‌رنه‌بڕیوه له‌گه‌ڵ شاندی هه‌رێمی كوردستان كۆ ببێته‌وه، ده‌یه‌وێ ئه‌و شانده‌ی ده‌چێته به‌غدا، پێكهاته‌كه‌ی گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت و بزووتنه‌وه گۆڕانیش به‌شێك بێت تێیدا.
پێویسته بگوترێ، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتبووی، ئه‌گه‌ر به‌غدا پشكی 17%ی بودجه و شایسته دارایییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك خۆی بنێرێ، ئێمه وه‌ك حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئاماده‌ین نه‌وت و ته‌واوی داهاته‌كان راده‌ستی حكوومه‌تی به‌غدا بكه‌ین.
ڕۆژی 18ی تشرینی دووه‌م، له نووسراوێكدا به ناونیشانی پڕۆژه یاسای بودجه‌ی گشتیی فیدراڵیی كۆماری عێراق بۆ ساڵی دارایی 2018 ئاراسته‌ی ئه‌مینداری گشتیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كراوه و تێیدا هاتووه، ئاماژه به پێوه‌ندی ته‌له‌فۆنی كه له ڕۆژی هه‌ینی 17 تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ر بۆ ئێمه كراوه و له‌سه‌ر داوای ئێوه، پڕۆژه یاسای بودجه‌ی گشتیی فیدراڵیی كۆماری عێراق بۆ ساڵی دارایی 2018 بۆتان ده‌گه‌ڕێنینه‌وه، له كۆتاشدا نووسراوه‌كه واژووی سه‌ڵاحه‌دین ئه‌حمه‌د عه‌بدولعه‌زیز ئه‌مینداری گشتیی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به وه‌كاله‌تی له‌سه‌ره.
ئه‌و پڕۆژه‌یه له لایه‌ن حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه ڕه‌ت كرایه‌وه، چونكه پشكی كوردستان له بودجه‌ی گشتی له 17%ه‌وه بۆ 12.6% كه‌م كراوه‌ته‌وه، جیا له‌وه له چه‌ندان شوێنیش ناوی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به حكوومه‌تی پارێزگاكانی كوردستان هێنراوه و بودجه بۆ پێشمه‌رگه دیاری نه‌كراوه و به هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كوردستان نووسراوه‌ته‌وه.
ئه‌م گۆڕانكارییه نوێیه‌ی بڕیاره له چه‌ند ڕۆژی داهاتوو ڕا بگه‌یه‌نرێ، هه‌نگاوێك له دانوستانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق ده‌باته پێشه‌وه و ئه‌گه‌ری هه‌یه دوای ئه‌وه چوونی شاندی حكوومه‌ت بۆ به‌غدا ده‌ست پێ بكاته‌وه.