خۆپیشاندان دژ بە ترەمپ بەردەوامە.. دوو پۆلیس بریندار بوون

:: PM:03:14:13/11/2016 ‌

بە هۆی بەردەوامیی خۆپیشاندانەكان دژ بە دەرچوونی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی سێشەمی رابردوو و بوونی بە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، ئەمڕۆ یەكشەم لە خۆپیشاندانەكانی شاری ئیندیاناپۆلیس لە ویلایەتی ئیندیانا، دوو پۆلیس بریندار بوون و ئەمەش بووە هۆی گرتنی سێ كەس لە خۆپیشاندەران.

لەوبارەیەوە پۆلیسی شاری ئیندیاناپۆلیس بە دەزگە میدیاییەكانی راگەیاندووە، كە لە خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆدا لە كاتی هەوڵدانی پۆلیس بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە، خۆپیشاندەران هەستاون بە بەردبارانكردنی هێزەكانی پۆلیس و بەو هۆیەشەوە دوو پۆلیس بریندار بوون و لە بەرامبەریشدا سێ كەس لە خۆپیشاندەران گیراون.

دوای ئەوەی لە رۆژی سێشەم رێكەوتی هەشتی نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی رابردوو، لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمەریكا بە ركابەرایەتیی چوار كاندید بەڕێوە چوو و دۆناڵد ترەمپی كاندیدی پارتی كۆمارییەكان بردییەوە، لە بەشێك لە ناوچەكانی ئەو وڵاتە دژ بەو سەرۆكە هەڵبژێردراوە خۆپیشاندان دەستی پێ كردووە و لە هەندێك ناوچەدا توندوتیژیشی لێ كەوتووەتەوە و ژمارەیەكە لە خۆپیشاندەران گیراون.

سەرچاوە: سپوتنیك


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی