بەهۆی دۆناڵد ترەمپ.. وەزیرانی دەرەوەی ئەوروپا كۆ بوونەوە

:: PM:03:15:13/11/2016 ‌

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا، ئەمڕۆ یەكشەم لە كۆبوونەوەیەكدا تاوتوێی لێكەوت و كاردانەوەكانی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپیان بۆ سەرۆكی ئەمەریكا لەسەر پێوەندییەكانیان كرد و هاوكات پرسی پێوەندییەكانیان لەگەڵ رووسیا خستە ڕوو.

ئەمڕۆ یەكشەم لە كۆبوونەوەیەكی ناڕەسمی لە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا دوور لە چاوی میدیاكان، وەزیرانی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا كۆ بوونەوە و پرسی پێوەندییەكانیان لەگەڵ ئەمەریكا دوا بردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە تاوتوێ كرد، چونكە ترەمپ لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی بازرگانی نێودەوڵەتی و پرسی ئاسایشی كرد و ڕەتی كردەوە رەخنە لە ڤلادیمێر پوتینی سەرۆكی رووسیا بگرێ.

جیڤانی گریڤی لە سەنتەری توێژینەوەی سیاستەكانی ئەوروپا لەوبارەوە گوتی، هەماهەنگی و هاوكاری نێوان ئەوروپا و ئەمەریكا تووشی ساردی و كێشەی قووڵ نابێتەوە و ئەمە كارێكی مەحاڵە، بەڵام ڕەنگە پێوەندییەكان قورسی و گرژییان لێ دروست ببێت.

هەروەها گوتی، بەگوێرەی قسەكانی بێ، ترەمپ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە پێشەوەی بەرژەوەندییەكان دادەنێ لە سیاسەتی دەرەوەدا، بۆیە رێبازێكی بازرگانی نێودەوڵەتی دەگرێتەبەر كە زۆرترین سوودی بۆ ئەمەریكا هەبێت، بڕیاریشە ئەو سیاسەتە بەسەر پێوەندییە بازرگانییەكانی نێو زەریای ئەتڵەسیش بگرێتەوە.

ئاماژەی دا، ئەوروپییەكان زیانی زۆر دەكەن، ئەگەر دووبارە لەبارەی رێككەوتنی بازرگانی هاوبەش و وەبەرهێنانی هاوبەش لە زەریای ئەتڵەسی دەست بە دانوستاندن بكەنەوە.

لەلایەكی ترەوە كۆمیسیاری یەكێتیی ئەوروپا بۆ كاروباری بازرگانی سیسیلیا مالمسترۆم ئاشكرای كرد، لەگەڵ هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپ نازانرێ چی ڕوو دەدات، هۆكاری زۆر هەیە تا ئەو لەگەڵ رێككەوتنەكان بمێنێتەوە، بەڵام نازانرێ چی ڕوو دەدات.

سەرچاوە/سكای نیوز.


وشە - باز ئه‌حمه‌د