دوای بردنەوەی لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمەریكا، كە لە رۆژی سێشەمی رابردوو رێكەوتی هەشتی نۆڤێمبەر/تشرینی دووەمی رابردوو بەڕێوەچوو و بوونی بە سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، كۆمپانیای General Motors بڕیاری ئەوەی داوە كەوا ئۆتۆمبێلێكی تایبەتی لیموزین بۆ دۆناڵد ترەمپ دروست بكات و ناویشی لە ئۆتۆمبێلەكە ناوە Beast كە بە مانای وەحش دێت.
بە گوێرەی زانیارییەكان، ئەو ئۆتۆمبێلە تایبەتەی كە بڕیارە بۆ ترەمپ بێتە دروست كردن، كۆمەڵێك تایبەتمەندیی نایابی هەیە، كە پێیەوە لە ئۆتۆمبێلی تری ئاسایی جیا دەكرێتەوە و لە جۆری گولـلەنەبڕە، نرخەكەشی پێدەچێت بریتی بێت لە نزیكەی 1.5 ملیۆن دۆلار.
دۆناڵد ترەمپ یەكەم سەرۆك نییە، كە ئۆتۆمبێلێكی تایبەتی لەو شێوەیەی بۆ دروست دەكرێت، بەڵكو زۆرێك لە سەرۆكەكانی تری ئەمەریكا و وڵاتانی تری دنیاش بە هەمان شێوە ئۆتۆمبێلی گرانبەها و تایبەت و گولـلەنەبڕ بەكاردەهێنن، بەم شێوەیەی خوارەوە:
یەكەم- باراك ئۆباما، سەرۆكی ئێستەی كاربەڕێكەری ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، ئۆتۆمبێلەكەی لە جۆری كادیلاكە، كۆمەڵێك تایبەتمەندیی گرنگی هەیە و گولـلەنەبڕە و بە تایبەت بۆ ئەو دروست كراوە و نرخەكەی بریتییە لە 300 هەزار دۆلار. ئۆباما لە زۆرێك لە دەركەوتنەكانی لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی رابردووی سەرۆكایەتییەكەیدا، هەر بەو ئۆتۆمبێلەوە هاتوچۆی كردووە.
دووەم- ئەنجێلا مێركڵ، راوێژكاری ئەڵمانیا، ئۆتۆمبێلێكی جۆری ئۆدی Audi A8 بەكاردەهێنێت و دوو ئۆتۆمبێلی لەو جۆرەی هەیە، كە ئەو ئۆتۆمبێلەی ئەویش بە یەكێك لە ئۆتۆمبێلە گرانبەها و خاوەن تایبەتمەندییەكان هەژمار دەكرێت.
سێیەم- ئەلیزابێسی دووەم، شاژنی بڕیتانیا، لە ماوە دوور و درێژەكەی شاژنێتیی خۆیدا، كە ماوەی نزیكەی 64 ساڵە لەسەر تەختی پاشایەتیدایە، چەندان جۆری ئۆتۆمبێلی جیاوازی بەكارهێناوە، بەڵام ئەو ئۆتۆمبێلەی ئێستە بەكاری دەهێنێت لە جۆری Bentleyیە و بە دیاری وەری گرتووە، ئۆتۆمبێلەكەی گولـلەنبڕە و یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی بریتییە لەوەی كە دۆستی ژینگەیە و سەر بەو پۆلەی ئۆتۆمبێلانە، كە كەمتر دەبنە هۆی پیسكردن و زیان گەیاند بە ژینگە و سروشت.
چوارەم- فڕانسوا هۆلاند، سەرۆكی فڕەنسا، جیاواز لە سەرۆكی هەندێك لە وڵاتانی تر، جێگیر نییە لەسەر بەكارهێنانی یەك ئۆتۆمبێل، بەڵكو سێ ئۆتۆمبێلی تایبەتی لە جۆرەكانی Citroën C6، Renault Vel Satis و Peugeot 607 هەیە و هەر جارێك و دانەیەكیان بەكار دەهێنێت.
پێنجەم- چی جین بینگ، سەرۆكی چین، ئەو ئۆتۆمبێلەی بەكاری دەهێنێت بەرهەمی خۆماڵی و دروستكراوی وڵاتەكەی خۆیەتی و لە جۆری FAW Hong Qi HQEیە، كە ئەو ناوەی ئۆتۆمبێلەكە بە مانای ئەژدیهای سوور دێت، تایبەتمەندییەكانی ئۆتۆمبێلەكەی ئاشكرا نەكراون و بە نهێنیی دەوڵەت ناودەبرێن، تەنیا هەندێك لە تایبەتمەندییە دەرەكییەكانی ئۆتۆمبێلەكەی زانراون، وەك: درێژییەكەی كە 6.4 مەترە، قورساییەكەی كە 4.5 تەنە و توانای خێراییەكەی كە هێزی 400 ئەسپی هەیە.
شەشەم- كارڵ گۆستاڤی چواردەیەم، پاشای سوید، لە ماوەی بەردەوام بوونی لە پۆستەكەیدا چەندان ئۆتۆمبێلی جیاجیای بەكارهێناوە، ئەگەرچی بە هۆی ئەوەی پۆستەكەی تەنیا پۆستێكی تەشریفاتییە و دەركەوتنی فەرمی كەم هەیە، بەڵام لە دەركەوتنە فەرمییەكانیدا زۆرتر بە ئۆتۆمبێلێكی جۆری لیموزینی Daimler DS420ی مۆدێل 1968 دەركەوتووە، هەرچی لە ژیانی رۆژانەشیدایە ئەوا پاشای سوید ئۆتۆمبێلێكی جۆری ڤۆڵڤۆ ئێس 80 بەكاردەهێنێت.
حەوتەم- پاشا عەبدوڵای دووەم، پاشای شانشینی ئوردن، لە بەسەربردنی ژیانی رۆژانەیدا لەگەڵ خێزانەكەیدا ئۆتۆمبێلێكی جۆری Mercedes 300SL بەكاردەهێنێت، بەڵام لە سەردانە فەرمییەكانیدا ئەو ئۆتۆمبێلە بەكارناهێنێت و ئۆتۆمبێلی تر بەكاردەهێنێت، كە شێوەكەی لەگەڵ سەردانە سیاسییەكانی پاشای ئوردندا بگونجێت.
هەشتەم- ئەلبێرتی دووەم، میری مۆناكۆ، ئۆتۆمبێلێكی جۆری Lexus LS 600h L بەكاردەهێنێت و زۆربەی كات هەر بەو ئۆتۆمبێلەوە هاتوچۆ دەكات و لەو ماوەیەدا كەمتر بە ئۆتۆمبێلی تر دەكەوێتە بەرچاوی كامێرای میدیاكانی وڵاتەكەی.
نۆیەم- ئیمپڕاتۆر ئاكیهیتۆ، ئیمپڕاتۆری ژاپۆن، بە هۆی ئەوەی كە وڵاتەكەی یەكێكە لەو وڵاتانەی بەناوبانگە بە بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل و هەناردەكردنی بۆ زۆرێك لە وڵاتانی دنیا، لەنێوان جۆرە تایبەتەكانی ئۆتۆمبێلە ژاپۆنییەكان، بڕیاری داوە بە هەڵبژاردنی ئۆتۆمبێلێكی جۆری Century Royal كە لەلایەن كۆمپانیای Toyotaوە بە تایبەت بۆی دروست كراوە و یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی ئەو ئۆتۆمبێلە بریتییە لەوەی كە گولـلەنەبڕ و زریپۆشە.
دەیەم- سێرجیۆ ماتارێلا، سەرۆكی ئیتاڵیا، بە هەمان شێوەی سەرۆكەكانی پێش خۆی، كە بە گشتی سەرۆكەكانی وڵاتی ئیتاڵیا زیاتر ئۆتۆمبێلی جۆری Lanciaیان بەكارهێناوە و ئەم سەرۆكەی ئێستەش ئۆتۆمبێلێكی جۆری Lancia Thema بەكاردەهێنێت، كە درێژییەكەی پێنج مەترە و كۆمەڵێك تایبەتمەندیی تری هەیە.
سەرچاوە: سپوتنیك-ویکیپیدیا