پێ دەچێت ئەمەریكا سزا بەسەر توركیادا بسەپێنێت

:: PM:02:22:28/11/2017 ‌

دادگاییكردنی رەزا زەراب كە بازرگانێكی توركی ئێرانییە لە نیویۆرك دەستی پێ كردووە، پێشبینی دەكرێت دادگاییكردنی ئەم بازرگانە و دەرەنجامەكانی كاریگەریی لەسەر پێوەدنییەكانی نێوان ئەمەریكا و توركیا هەبێت و بەشێكی بەرچاو لە نهێنییەكانی ژێربەژێری ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا ئاشكرا بكات.

رەزا زەراب كە بە بازرگانی زێڕ ناسراوە، لە میانەی گەشتێكی بۆ ئەمەریكا لەگەڵ كچەكەی لە لایەن پۆلیسەوە گیرا. زەراب بەوە تۆمەتبار كراوە لە كاتی خولی سەرۆك كۆماریی مەحموود ئەحمەدینەژاد سەرۆك كۆماری پێشووی ئێران لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ تا ٢٠١٥ بە بڕی سەدان ملیۆن دۆلار زێڕی بە قاچاخ بۆ ئێران بردووە و یارمەتی بەرپرسانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی داوە.

ئەوەی لەم دادگاییكردنەدا جێی تێڕامانە ئەوەیە، بەرپرسانی باڵای توركیا لەم بەقاچاخبردنەدا رۆڵی گرینگیان بینیوە و لە سەردەمی گەمارۆ ئابوورییەكانی سەر ئێران، لە دژی سیاسەتی ئەمەریكا جووڵاونەتەوە و گوێیان بە سزاكان نەداوە و ژێر بەژێر یارمەتیی ئێرانیان داوە.

بەگوێرەی ئەو تۆمەتانەی بەسەر رەزا زەرابدا سەپێنراون، لە سەردەمی كابینەی مەحموود ئەحمەدینەژاد، ئێران گاز و نەوتی بۆ توركیا هەناردە كردووە و لە بەرانبەریشدا توركیا زێر و دراوی بە ئێران داوە. ئەم گرێبەستە وەك گرێبەستی خۆراكیی ناوی هێنراوە و پرۆگرامە دارایییەكانیشی لە لایەن هالك بانكی توركیا ئامادە كراوە.

بەرپرسانی دادوەریی ئەمەریكا پێیان وایە، دەتوانن بیسەلمێنن هەموو ئەو هەنگاوانە بە ئاگاداری بەرپرسانی باڵای توركیا كراون و لەو كاتەشدا رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك  وەزیرانی توركیا بووە.

بەگوێرەی "دۆیچەوێلێ" رەزا زەراب لە گەڵ هەشت هاووڵاتی توركیا دادگایی دەكرێت، بەڵام تەنیا یەك تۆمەتباری تر لە دادگا ئامادە دەبێت، ئەویش محەمەد هاكان ئاتیلایە كە جێگری بەڕێوەبەری گشتی هالك بانكی توركیایە.

زەفەر چاغلیان وەزیری پێشووی ئابووری توركیا یەكێكی ترە لەو تۆمەتبارانە و دەگوترێت، ئەو سەرووی ٤٥ ملیۆن دۆلار زێڕ و كەرەستەی تری لە رەزا زەراب وەرگرتووە و ژمارەیەك تۆمەتباری تریش خەریكی سپیكردنەوەی دراو و رێكخستنی ئەم جۆرە بازرگانییە بوون.

پرسی سپیكردنەوەی دراو و رۆڵی حكوومەتی توركیا بۆ هاووڵاتییانی توركیا پرسێكی نوێ نییە و لە كۆتای ساڵی ٢٠١٣یش پۆلیس و داواكاری گشتی بەدواداچوونیان بۆ ئەم پرسە كردبوو.

تۆمەتی گەندەڵی لەبارەی ئەو دۆسیەیە ئاراستەی ئەردۆغانیش كرابوو، ئەوكات كاسێتێكی دەنگ بڵاو كرایەوە كە تیایدا دەنگێكی نزیك لە دەنگی ئەردۆغان دەبیسترێت كە قسە لەگەڵ بیلالی كوڕی دەكات و رێنوێنی دەكات هەرچی زووە سەرجەم ئەو دراوەی بە كاش هەیەتی بۆ شوێنێكی تری بگوازێتەوە. پێ دەچێت ئەو بڕە دراوەی ئەردۆغان مەبەستی بووە، هەمان ئەو بەرتیلە ملیۆن دۆلارییە بێت كە لەوانەیە لە رەزا زەراب وەریگرتبێت.

ئەوكات ئەردۆغان فەتحوڵا گولەن رێبەری بزووتنەوەی خزمەتی بەوە تۆمەتبار كردبوو كە لە ئەمەریكاوە دەیەوێت دەنگۆی خراپ لەسەر ئەردۆغان بڵاو بكاتەوە و هەوڵی رووخاندنی حكوومەتەكەی دەدات. ئەردۆغان پیشتریش گولەنی بەوە تۆمەتبار كردبوو كە رۆڵی سەرەكی بینیوە لە كودەتای ١٥ی تەمووزی ئەو وڵاتە لە بە شكست كۆتای هات.

ئەردۆغان ئەوكات كاسێتە دەنگییەكەی بە ساختە هەژمار كرد و دواتر ئەردۆغان ژمارەیەك لە دادوەر و بەرپرسانی پۆلیسی دوورخستەوە و دۆسیەكەش بەردێكی لەسەر دانرا.

دوای چەند ساڵ لەم رووداوە كە لە ئەمەریكاوە تۆمەتباری سەرەكی دادگایی دەكرێت، دیسان ئەردۆغان دادگاییكردنەكەی بە پیلان هەژمار كردووە و گوتوویەتی ئەم دۆسیەیە فەتحوڵا گولەنی لە پشتە و دەیەوێت حكوومەتی توركیا بڕووخێنێت.

مەولوود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیاش هەینی رابردوو گوتی دۆسیەی دادگاییكردنی رەزا زەراب لە لایەن فەتحوڵا گولەنەوە ئامادە كراوە و داواكاری گشتی پێشووی نیویۆركی بەوە تۆمەتبار كردووە پێوەندییەكی پتەوی لەگەڵ گولەندا هەیە.

دەزگەی دادوەری ئەمەریكاش بە فەرمی بڵاوی كردووەتەوە، دادگاییكردنی رەزا زەراب بە هیچ شێوەیەك سیاسی نییە و گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكاش تۆمەتەكانی ئەردۆغان لەمەڕ پیلانی رووخاندنی حكوومەتی توركیای بە شتێكی پێكەنیناوی هەژمار كرد.

بارارا داواكاری گشتی پێشووی نیویۆركیش لە وەڵامی تۆمەتەكانی چاوش ئۆغڵو لە تویتێكدا نووسی، "وەزیری دەرەوەی توركیا درۆزنە و با چاوەڕی بكەین بزانین لە دادگا چی ڕوو دەدات."

لە دوایین هەڵویستی بەرپرسانی توركیاش بۆ دادگاییكردنی رەزا زەراب، بەكیر بوزداغ جێگری سەرۆك وەزیرانی توركیا، ئەمەریكای بەوە تۆمەتبار كردووە دەیەوێت لە رێی دادگاییكردنی بازرگانێكی ئێرانییەوە سزا بەسەر توركیادا بسەپێنێت.

بە گشتی دەردەكەوێت ئێران و توركیا لە ژێرەوە دژی سیاسەتەكانی ئەمەریكا بەیەكەوە كاریان كردووە و ئەمەش بە خراپ بەسەر توركیا و ئەردۆغاندا دەشكێتەوە، ئەگەر رەزا زەراب دان بە تاوانەكاندا بنێت.




وشە - سلێمان تاشان