به‌رپرسێكی تایبه‌ت به‌كاروباری مرۆیی له ئیداره‌ی گه‌رمیان، ئاشكرای كرد، ئاواره‌كانی كه بۆ ئه‌م ده‌ڤه‌ره ده‌هێندرێن، له كه‌مپێكی سنووری شاره‌دێیه‌كی نزیك ئێران كۆ ده‌كرێنه‌وه.
بێستون ژاڵه‌یی به‌رپرسی كاروباری مرۆیی له ئیداره‌ی گه‌رمیان، به "وشه"ی راگه‌یاند، له‌پاش كرده‌وه‌گه‌لی ئازادكردنه‌وه‌ی پارێزگای مووسڵ، نزیكه‌ی 60 خێزانی شارۆكه‌ی "حه‌زر"ی سنووری پارێزگای مووسڵ كه زیاتر له 150 كه‌س پێكده‌هێنن، ئاواره‌ی سنووری شارۆكه‌ی كه‌لار بوون.
زیاتر گوتی: وه‌ك پلانێكی ته‌ناهی بۆچاودیریكردنی زیاتری ئه‌و ئاوارانه، بڕیارمان داوه سه‌رجه‌میان له كه‌مپی تازه‌دێی نێوان شارۆكه‌ی كه‌لاری ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیانه‌وه بگوازینه‌وه بۆ كه‌مپی "قۆره‌توو"ی سه‌ر به شارۆكه‌ی خانه‌قین كه ناوچه‌یه‌كی سنوورییه له‌گه‌ڵ ئێران.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی ئیداره‌ی گه‌رمیان، راشی گه‌یاند: ئاواره‌كانی سنووری موسڵ له دۆخێكی خراپدان و هاوكاری مرۆیی رێكخراوه جیهانیه‌كانیان پێویسته.
لای خۆیه‌وه، شاكر یاسین به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران له وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به "وشه"ی راگه‌یاند: بۆ پێشوازیكردنی ئاواره‌كانی مووسڵ، نۆ كه‌مپ دروست كراون له سنووری پارێزگاكه، تا ئێسته‌ش 52 ھه‌زار ئاواره ھاتوون و پرۆسه‌ی ھاتنیش به‌رده‌وامه.
جیهاد مه‌ولوود چاودێری سیاسی به وشه"ی راگه‌یاند: ماوه‌ی 28 رۆژه كرده‌وه‌گه‌لی ئازادكرنه‌وه‌ی مووسڵ ده‌ستی پێ كردوه، ئه‌و جه‌نگه‌ش وای كردووه كوردستان به‌گشتی و گه‌رمیان زیاتر ببێته په‌ناگه‌یه‌ك بۆ سونه‌كانی عێراق.
گه‌رمیان، زیاتر له 50 هه‌زار ئاواره‌ی عه‌ره‌بی تێدایه كه زۆرینه‌یان سونه‌ن.
پارێزگای مووسڵ ده‌كه‌وێته 465 كیلۆمه‌تر باكوری به‌غدا و دووه‌م گه‌وره‌ترین پارێزگای عێراقه و ته‌واوی دانیشتووانی سێ ملیۆن و 500 هه‌زار كه‌س ده‌بێ و ڕووبه‌ڕه‌كه‌ی 14 هه‌زار و 411 كیلۆمه‌تری دووجایه، له سه‌رده‌می ئاشوورییه‌كان له شه‌ش هه‌زار ساڵ پێش زاینی خه‌ڵكی لێ كۆبووه‌ته‌وه و سێ هه‌زار پێش زاین بووه‌ته سه‌نته‌ری ئاینی خواوه‌ندی عه‌شتاری ئاشوورییه‌كان، نینۆس یه‌كێكه له فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانی ئاشوورییه‌كان دروستی كردووه له‌سه‌رده‌می شه‌مشی ئادی یه‌كه‌می پاشای ئاشوورییه‌كان.
گه‌رمیان/ سه‌بری هۆرینی