حه‌یده‌ر شه‌شۆ سكرتێری پارتی دیموكراتی ئێزیدی و فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزی پاراستنی ئێزیدخان رای ده‌گه‌یه‌نێت، دوای هاتنی حه‌شدی شه‌عبی بۆ شنگال، زۆر پێشلكاری به‌رامبه‌ر خه‌ڵك ده‌كه‌ن و دووپاتی ده‌كاته‌وه "به هیچ شێوه‌یه‌ك جێی قبووڵ نییه و شوێنی حه‌شد شنگال نییه و ده‌بێت ده‌ربكرێن".
شه‌شۆ كه ئێسته خاوه‌ن هێزێكی هه‌زار چه‌كداریی ئێزیدیییه، له دیدارێكی ''وشه"دا نیگه‌رانی خۆی ناشارێته‌وه له‌وه‌ی له رۆژی هاتنی حه‌شدی شه‌عبی بۆ شنگال، په‌كه‌كه هه‌له‌كه‌ی قۆسته‌وه و ئاڵای كوردستانی داگرت و باره‌گاكانیشی تاڵان كرد و ده‌ڵێ، "ئه‌و ره‌فتاره زۆر دووره له كوردایه‌تی".
باسی ره‌وشی ئێسته‌ی شنگال بكه؟
له دوای هاتنی حه‌شدی شه‌عبی ره‌وشه‌كه به‌ره‌و خراپ و خراپتر رۆیشتووه، ئێسته هیچ رێكخراوێك نه‌ماوه هاوكاری ئێزیدییه‌كان بكات، ئێسته حه‌شد باره‌گاكانی خۆی له سه‌نته‌ری شنگال ده‌كێشێته‌وه و ده‌یباته ده‌ره‌وه، بڕیاره تا سه‌ری مانگ له‌ناو شنگال به‌ته‌واوی نه‌مێنن، به‌هیچ شێوه‌ك قبووڵ ناكرێت شنگال له‌ژێر ده‌سته‌ڵاتی حه‌شدی شه‌عبیدا بێت، به‌ڵكو پێویسته شنگال له ده‌ستی شنگالییه‌كان بێت.
بۆچی له دوای ١٦ ئۆكتۆبه‌ر حه‌شد ده‌ستی به‌سه‌ر ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمدا گرت و ئێوه له شنگال مانه‌وه؟
نه‌مانویست ئێزیدییان له دۆخێكی پڕ ترس‌دا بهێڵینه‌وه، ئێمه گوتوومانه ده‌بێت تا ماوین به‌رگریی له خاكی ئێزیدی بكه‌ین و له هه‌ر جێیه‌كی دنیا بن و به هیچ شێوه‌یه‌ك سه‌ر بۆ دوژمن دانانوێنین.
هاتنی حه‌شد به پێشوازی تۆ بوو، قسه‌یه‌كت له‌سه‌ر دروست بووه ده‌ڵێن هه‌ر هێزێك بێته شنگال (حه‌یده‌ر شه‌شۆ) له‌گه‌ڵیدایه؟
هه‌موو ئه‌و ده‌نگۆیانه ڕه‌ت ده‌كه‌مه‌وه، گوایه ئێمه خراینه سه‌ر حه‌شدی شه‌عبی، ئه‌مه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك دووره له ڕاستییه‌وه، ئێمه له شنگال نه‌مانویست ئێزیدییه‌كانی ناو هێزی پێشمه‌رگه و حه‌شد به كوشتن بده‌ین و كۆ بووینه‌وه رێك كه‌وتین شه‌ڕ روو نه‌دات له شنگال، مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌بوو به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كاره‌سات له نێوان ئێزیدییه‌كان ڕوو نه‌دات و ئێزیدی به ده‌ستی ئێزیدی نه‌كوژرێت، چونكه ئێسته خۆمان برینمان قووڵه و به‌رگه‌ی هیچ شه‌ڕ و كاره‌ساتێكی تر ناگرین، بۆیه ده‌مانویست به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ندێك ئه‌مانه بكه‌نه بیانوو، گوایه هێزی پاراستنی ئێزیدیخان خیانه‌تی كردووه، ئه‌وا من شانازی به‌و خیانه‌ته ده‌كه‌م، چونكه ئێمه هه‌ر له ڕۆژی یه‌كه‌می هاتنی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه سه‌نگه‌رمان به‌جێ نه‌هێشتووه و ناوچه‌كانمان ڕاده‌ستی حه‌شد نه‌كردووه.
ئێوه چۆن خرانه سه‌ر پێشمه‌رگه؟
كاتێك ئێمه له شنگال به‌رخودانمان كرد، به فه‌رمانی سه‌رۆك بارزانی خراینه سه‌ر وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه و هه‌موو كار و ڕاسپارده‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه جێبه‌جێ ده‌كه‌ین. ڕاسته ئێمه ئاڵای تایبه‌ت و ناوی تایبه‌تی خۆمان هه‌یه، به‌ڵام سه‌ربه وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ین و به‌رگری له خاكی شنگال و ئێزیدییان ده‌كه‌ین، له هه‌موو جۆره داگیركارییه‌ك. ئێمه به مه‌رج خراینه سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كه و مه‌رجه‌كه ئه‌وه‌بوو نه‌بین به لایه‌نگر له نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان، ئه‌وه‌شمان كرد و ئێمه ئامانجمان ئه‌وه‌بوو خاكی ئێزیدیی له ده‌ستی تیرۆریستان و دوژمنانی ئێزیدی رزگار بكه‌ین، بۆیه هه‌ر هێزێك بێته شنگال ده‌بێت ئه‌وه قبووڵ بكات كه ئێمه هێزێكی ئێزیدین و له رۆژه تاریكه‌كاندا خۆمان به‌رخودانمان كرد.
ده‌نگۆی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه تا ئێسته حه‌یده‌ر شه‌شۆ سه‌ربه باڵێكی یه‌كێتییه، ئه‌مه تا چه‌ند راسته؟
نه‌خێر به هیچ شێوه‌یه‌ك پێوه‌ندیم له‌گه‌ل یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان نییه، له دوای سێی ئاب/ئۆگستسی ٢٠١٤ـه‌وه كه شنگال داگیر كرا، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پێوه‌ندیم به یه‌كێتییه‌وه نه‌ماوه و ئێسته‌یش پێوه‌ندیم به باڵه‌كانی ئه‌و حزبه‌وه نییه. ئێمه حزبێكی سه‌ربه‌خۆین و وه‌ك هه‌موو پارته‌كانی تر و مۆڵه‌تمان له هه‌ولێر و به‌غدا وه‌رگرتووه، به‌ڵام هه‌ر كه‌سێك چاوی له قوربانییه‌كانی ئێزیدی بێت، ئێمه نزیكی ئه‌وین.
پێوه‌ندی په‌كه‌كه و حه‌شدی شه‌عبی چۆنه له شنگال؟
به‌داخه‌وه له كاتی هاتنی حه‌شدی شه‌عبی بۆ شنگال په‌كه‌كه به ده‌رفه‌تیان زانی و ئه‌وانیش هاتنه سه‌ر باره‌گاكان و ئاڵای كوردستانیان هێنایه خواره‌وه، ئه‌مه‌ش كارێكی دوور له كوردایه‌تی بوو، جیا له‌وه، په‌كه‌كه ده‌ستیان به تاڵانبردنی ئه‌و باره‌گایانه كرد كه له شنگال هه‌بوون.
وشه/ شنگال- كاروان باعـه‌درێ