ئەو كوردەی فەوجەكەی ئەمەریكای گەیاندە بنكەی سەربازیی k1 باسی رێگەكە دەكات

:: PM:03:27:29/11/2017 ‌

دوێنێ سێشەم بۆ یەكەم جار فەوجێكی سوپای ئەمەریكا لە فڕۆكەخانەی سەربازیی گەیارەوە گەیەنرایە بنكەی سەربازیی k1 كە هیزەكانی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی تێدا جێگیر كراون و لە ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە داگیریان كردووە. 

فەوجە ئەمەریكییەكە لە لایەن هیزێكی كوردی سوپای عێراق هاوڕێیەتی كراوە و دواتر هێزە كوردییەكە گەڕاوەتەوە شوێنی خۆی.

رائید ئەمین شێخانی لە لیوای ٩١ی هێزەكانی سوپای عێراق بۆ "وشە" گوتی، خۆی لەگەڵ چەند ئۆتۆمبێلێكی سەربازیی فەوجەكەی ئەمەریكایان بەرەو بنكەی سەربازیی k1 رێنوێنی كردووە و فەوجە ئەمەریكییەكە هەموو جۆرە چەكێكیان پێ بووە و یەكەم جارە لە ٢٠٠٣ەوە هێزێكی ئەمەریكی دەچنە ئەو بنكەیە.

ئەو دەڵێت لە رێ كە بەرەو k1 دەڕۆیشتن، بە كۆمەڵێك بازگەی حەشدی شەعبیدا تێپەڕیون، بەڵام پێشتر برووسكەیان بۆ نێردرابوو و هێزەكەی ئەمەریكا بە بێ كێشە گەیەنرایە بنكە سەربازییەكە و لە گەڕانەوەشیان بە بێ كێشە بۆ شوێنی خۆیان گەڕاونەتەوە.

پێویستە بگوترێت لە گەیارە هێزی ئەمەریكی و سوپای عێراق و حەشدی نیشتمانی هەن. بنكەی سەربازیی k1 پێشتر لە ژێر دەستی پێشمەرگەدا بوو، بەڵام لەدوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، كەوتە دەستی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق.





وشە - سلێمان تاشان