ئه‌گه‌رچى سه‌ره‌تا سیاسییه‌كان دژى تێپه‌ڕاندنى یاسایه‌كه بوون، به‌ڵام دواى تێپه‌ڕبوونى چوار ساڵ یاسای جه‌عفه‌ری جێى یاسای شارستانى هاوسه‌رگیری ده‌گرێته‌وه كه 58 ساڵه كاری پێ ده‌كرێت. زه‌ینه‌ب بستانى ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر یاسایه‌كه جێبه‌جێ بكرێت ئه‌وا كاره‌سات ده‌خوڵقێنێت. هاوكات سه‌رۆكى كوتله‌ى هێزه سوونه‌كانیش ده‌ڵێ یاسایه‌كه پێچه‌وانه‌ى شه‌ریعه‌ت و ده‌ستووری عێراقه.
یاسای جه‌عفه‌ری چییه و چی له‌باره‌وه ده‌زانى؟
له 23ى تشرینى دووه‌مى 2013، حه‌سه‌ن شه‌مه‌ری وه‌زیری پێشتری دادی عێراق له پشكى حزبی فه‌زیڵه‌ی ئیسلامى كه یه‌كێكه له پێكهاته‌كانى هاوپه‌یمانى نیشتمانى شیعه، پێشنیازی یاسای باری شارستانى جه‌عفه‌ری كرد كه ته‌واو وه‌ك یاسای باری شارستانى مه‌رجه‌عی شیعی و فقهی یه‌عقووبییه.
ئه‌وكات سیاسییه‌كانى عێراق له په‌رله‌مانى عێراق رێ‌یان نه‌دا پڕۆژه‌كه تێپه‌ڕێت، به‌ڵام دواى چوارساڵ، پڕۆژه‌كه لایه‌نگیری بۆ په‌یدابوو، له یه‌كى تشرینى یه‌كه‌مى 2017 جارێكى تر خرایه به‌رده‌م په‌رله‌مان و ده‌نگی په‌رله‌مانتارانى به‌ده‌ست هێنا، ئه‌گه‌رچی هێشتا به فه‌رمى نه‌بووه به یاسای كار پێكراو.
به‌گوێره‌ى ناوه‌ڕۆكى یاسایه‌كه هه‌رزه‌كارانى سه‌روو ته‌مه‌ن 15ساڵان بۆیان هه‌یه هاوسه‌رگیری ئه‌نجام بده‌ن، هاوكات كچانی سه‌رووى نۆ ساڵانیش بۆیان هه‌یه شوو بكه‌ن، هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و مادانه‌شی ره‌ت كردووه‌ته‌وه كه پرسی هاوسه‌رگیری پێوه‌ست كردووه به ته‌مه‌نى یاسایی 18 ساڵی. یاسا نوێیه‌كه مه‌رج له‌سه‌ر هاوسه‌رگیری داده‌نێت یان ده‌بێت له‌سه‌ر مه‌زه‌وی سوننه بێت یانیش شیعه، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ى یاسا كۆنه‌كه‌یه كه تاكه‌كانى سه‌رپشك كردبوو له‌وه‌ى له‌سه‌ر كام مه‌زه‌و هاوسه‌رگیری ده‌كه‌ن.
هاوكات له یاسایه‌كه‌دا پله‌ى وه‌قفى سوننه و شیعه‌ی بۆ ئاستى دادگا به‌رز كردووه‌ته‌وه كه ده‌سه‌ڵاتى پێ داون بۆ ماره‌بڕی، جیابوونه‌وه و دابه‌شكردنى میراتیش ئه‌نجام بده‌ن، ئه‌مه‌ش له روانگه‌ى شه‌ریعه‌ته‌وه، پێدانى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته له‌كاتێكدایه یاسا كۆنه‌كه‌ش له‌سه‌ر بنه‌ماى شه‌ریعه‌ت رێكخرابوو له‌گه‌ڵ هه‌ردوو مه‌زه‌وه‌كه‌ش گونجێنرابوو، به‌تایبه‌ت دواى هه‌مواره‌كانى كه به‌جۆرێك رێكخرابوو له‌گه‌ڵ هه‌موو مه‌زه‌وه‌كان بگونجێنرێت.
زه‌ینه‌ب بستانى چالاكى مافه‌كانى ژنان ده‌ڵێ، ئه‌گه‌ر یاساكه‌ى جه‌عفه‌ری جێگیر بكرێت، ئه‌وا كاره‌سات له عێراق ده‌خوڵقێنێت، چونكه یاسایه‌كه زۆر تایفییه.
نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان چى له‌سه‌ر یاسایه‌كه ده‌ڵێت؟
یاساى جه‌عفه‌ری ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كى نێوده‌وڵه‌تى به‌دواى خۆیدا هێنا و یۆنامی داوای كرد هه‌مواری زیاتری یاسای باری شارستانى بكرێت تا مافی ژنان زیاتر پارێزراو بێت، نه‌ك به یاساى جه‌عفه‌ری جێى بگیرێته‌وه.
نیگه‌رانیى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان گه‌یشته لووتكه و یان كوبی ئه‌مینداری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان داواى له په‌رله‌مانى عێراق كرد هه‌لێكى بده‌نه یاساى باری شارستانى و هه‌مواری بكه‌نه‌وه كه پێشتر ده‌سته‌كانى مافی ژنان ره‌خنه‌ی توندیان له‌سه‌ری هه‌بوو. داواشی كرد گفتوگۆی فراوان له‌سه‌ر ره‌شنووسه‌كه‌ى بكرێت تا دڵنیایی ده‌درێت به دابینكردنى مافه‌كانى ژنان و منداڵان و پارێزگاری‌یان به یاسا لێ ده‌كرێت، به جۆرێك ئه‌و دڵنیایییه ره‌نگدانه‌وه‌ى هه‌بێت له‌سه‌ر مافی هاوسه‌رگیری و مافی جیابوونه‌وه لاى ژنان.
یاسا نوێیه‌كه و زیانه‌كانى بۆ سه‌ر ژنان, ئایا رێ به هاوسه‌رگیری ناكام ده‌دات؟
ئه‌گه‌رچى هاوسه‌رگیری به ره‌زامه‌ندی هه‌ردوو ره‌گه‌ز ئه‌نجام ده‌درێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر یاسا نوێیه‌كه جێبه‌جێ بكرێت، ره‌نگه ئه‌و ره‌زامه‌ندییه نه‌مێنێت. محه‌مه‌د نو‌عمان داودی سه‌رۆكى یه‌كێتیى مافپه‌روه‌رانى عێراقی ده‌ڵێ هاوسه‌رگیری گرێبه‌ستێكى ره‌زامه‌ندییه له نێوان دوو ره‌گه‌ز به‌گوێره‌ى مادى 188ى یاسا باری شارستانى هه‌مواركراوی ساڵى 1959، به‌ڵام له یاسای جه‌عفه‌ری ژنان بێبه‌ش كراون له ده‌ستنیشانكردنى هاوژینى خۆیان و نیشاندانی ره‌زامه‌ندی یان ره‌تكردنه‌وه‌ى، ئه‌و مافه دراوه‌ته باوك و یان باپیر، ئه‌گه‌ر كچه‌كه له هه‌ر ته‌مه‌نێك و ئاستێكى پێگه‌یشتن و پله‌ى زانستیدا بێت.
داودى ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر یاسایه‌كه بكه‌وێته واری جێبه‌جێكردنه‌وه، ئه‌وا ژنان به ته‌واوه‌تى مافی ده‌ستنیشانكردن و هه‌ڵبژاردنى هاوژینى خۆیان ده‌بێت، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ى بڕگه‌كانى ماده 16ى رێككه‌وتننامه‌ى (سیداو)ه كه مافى ده‌ستنیشانكردنى هاوژن به ژنان ده‌دات، هاوكات پێچه‌وانه‌ى ماده‌ى 14ى ده‌ستووری عێراقیشه.
ئایا یاسایه‌كه‌ى جه‌عفه‌ری ده‌بێته هۆی تۆخكردنه‌وه‌ى تایفیی؟
دواى 2003، رۆژ دواى رۆژ تایفیی ره‌گى له عێراق داده‌كوتێ و ده‌چێته ناو هه‌موو دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت و خه‌ریكه‌ى جه‌سته‌ى ئه‌و ده‌وڵه‌ته دووچاری ئیفلیجی ده‌كات، ئه‌مه‌ش هه‌میشه توندوتیژى لێ كه‌وتووه‌ته‌وه به‌وه‌ى سوننه‌كان پێیان وایه مافیان خوراوه. بۆیه ده‌ستكاریكردنى یاساى باری شارستانى واده‌كات تایفیی زیاتر تۆختر بكاته‌وه، ئه‌مه‌شه سه‌ندیكاى پارێزه‌رانى نیگه‌ران كردووه و له به‌یاننامه‌یه‌كیاندا داوایان له حكوومه‌تى عێراق كرد پڕۆژه یاسای جه‌عفه‌ری بكشێنێته‌وه و هۆشدارییان دا كه ده‌بێته هۆى زیاتر نانه‌وه‌ى فیتنه و ئاشووب و تایفیی له وڵات‌دا، هاوكات پێچه‌وانه‌ى بنه‌مامى هاووڵاتیبوونیشه كه له ده‌ستووری عێراق دووپاتى لێ كراوه‌ته‌وه له ماده‌كانى 19، 87 و 88.
ته‌نانه‌ت یاسایه‌كه ژنان بێبه‌ش ده‌كات له وه‌گرتنه‌وه‌ى مافه‌كانیان ئه‌گه‌ر هاوسه‌ره‌كانیان به‌بێ هۆكاریش لێیان جیا ببنه‌وه، ته‌نانه‌ت پشك ناگرێت له‌و ماڵه‌ى هاوسه‌ره‌كه‌شی له دواى مردنى به‌جێى ده‌هێڵێت، له‌وه‌ش زیاتر زیان به منداڵه‌كانیشی ده‌گه‌یه‌نێت.
هه‌ڵوێستى لایه‌نه سیاسییه‌كان چییه؟
به‌شێك له فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاران پڕۆژه یاساكه‌ى جه‌عفه‌ری ره‌ت ده‌كه‌نه‌وه و پێیان وایه ئه‌وه سووكایه‌تیكردنه به ژنان.
فه‌رح سه‌ڕاج په‌رله‌مانتاری لیژنه‌ى یاسایی داوا ده‌كات كه پڕۆژه‌كه‌ى جه‌عفه‌ری ره‌ت بكرێته‌وه و له‌كاتى خستنه‌ڕووى له دانیشتنى په‌رله‌ماندا ئه‌وا ده‌نگی له‌سه‌ر نه‌درێت. ئه‌و ده‌ڵێ هه‌موو هه‌وڵه‌كان بۆ ئه‌وه‌یه پڕۆژه‌كه سه‌رنه‌گرێت، گرنگ ئه‌وه‌یه دواجار له خستنه‌ڕووى له دانیشتنى په‌رله‌ماندا ده‌نگی پێ نه‌درێت، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌وڵه‌كان زۆر چڕ كراونه‌ته‌وه.
فه‌رح گوتى، "ئه‌و پڕۆژه یاسایه به‌شێكه له هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردن كه فراكسیۆنى ده‌وڵه‌تى یاسا پێشكه‌شی كردووه و رووى قسه‌ى له توێژێكی كه‌می دیاریكراوى كۆمه‌ڵگه‌یه".
زیاتر گوتى، "به‌شێك له ماده‌كانى یاسایه‌كه هه‌مان ئه‌و یاسایانه‌ن كه داعش له عێراق جێبه‌جێ كردوون، له‌وانه دواى دوو ساڵ به‌خێوكردنى، دایك مافی به‌سه‌ر منداڵی كوڕ نامێنێت و باوك بۆی هه‌یه هه‌ڵسوكه‌وتی له‌گه‌ڵدا بكات، له به‌شێكى تر‌ى یاسایه‌كه كۆمه‌ڵگه له‌سه‌ر بنه‌ماى مسوڵمانی هه‌ڵگه‌ڕاوه و ئه‌وانى تر دابه‌ش كردووه، بۆیه تێپه‌ڕاندنى ئه‌و یاسایه به‌م جۆره‌ى هه‌یه، كۆمه‌ڵگه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ سه‌رده‌مى داعش".
هاوكات فراكسیۆنى سوننه‌كان دژى پڕۆژه‌كه وه‌ستاونه‌ته‌وه كه په‌رله‌مانى عێراق له خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م له یه‌كى تشرینى یه‌كه‌م ده‌نگی له‌سه‌ر دا.
سه‌ڵاح جبووری سه‌رۆكى فراكسیۆنى هاوپه‌یمانى هێزه عێراقییه سوننه‌كان دووپاتى له ره‌تكردنه‌وه‌ى پڕۆژه یاسایه‌كه كرده‌وه و گوتى، "یاسایه‌كه سووكایه‌تى زۆر به‌رانبه‌ر به ژن تێدایه، هه‌روه‌ها ده‌بێته هۆى تۆخكردنه‌وه‌ى تایفه‌گه‌ری و مه‌زه‌وی، ئه‌مه له‌كاتێكدایه قۆناغی دواى داعش عێراق پێویستى به‌و یاسایانه هه‌یه كه دووپات له خوڵقاندنی كه‌شێكى كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسی بكاته‌وه نه‌ك وه‌ها یاسایه‌ك كه كۆمه‌ڵگه له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه".
شاره‌زایانى یاسا ده‌ڵێن چی؟
شاره‌زایانى یاسا، ده‌ستوور و په‌یماننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ته‌نانه‌ت شاره‌زایانى شه‌ریعه‌تى ئیسلامیش، كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ناوه‌ڕۆكى یاسایه‌كه دژى ماده‌كانى ده‌ستوور و په‌یماننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ته‌نانه‌ت شه‌ریعه‌تى ئیسلامیشه.
ئه‌حمه‌د جبووری ده‌ڵێت، به‌شێك له ماده‌كانى یاسایه‌كه دژى بنه‌ماى جیاكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كانه له یه‌كتری كه له ماده‌ى 47ى ده‌ستوور باس كراوه، واده‌كات دادگا بڕیار و راسپارده‌كانى ناوه‌نده‌كانى دیوانى وه‌قفی سوننه یان وه‌قفی شیعه جێبه‌جێ بكات، ئه‌مه‌ش خۆى پێشێلكارییه بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانى دادگا.
گوتى "ئه‌گه‌ر یاسایه‌كه وه‌ك خۆى بڕوات و جێبه‌جێ بكرێت، ئه‌وا پێشێلی ماده‌ى 14ى ده‌ستوور ده‌كات كه ده‌ڵێت هه‌موو عێراقییه‌كان به‌رانبه‌ر به یاسا یه‌كسانن بێ جیاوازی ره‌گه‌زی، نه‌ته‌وه‌یی، ره‌نگ، ره‌چه‌ڵه‌ك، ئاین و مه‌زه‌و و بۆچوون و..".