بەشی دووەم
لە تەمەنی بیست ساڵیدا دەچێتە بێتووش، ماوەی ساڵێک لە خزمەت مەلا عەبدوڵادا دەمێنێتەوە، هەروەها لای مامۆستا "فەناری" خوێندووە، لە تەمەنی ٢٢ ساڵیدا کەوتووەتە داوی عیشقەوە، بەڵێ کەوتووەتە داوی عیشقی نازدارێکەوە، لەم دێڕەدا باسی خۆشەویستەکەی کردووە:
برۆ تاق و مەمک جووت، وەک تاژی کەوتوومەتە دووت
قامیشەڵانی جیسمم بە بەرقی حـــــــــــــــوسنی تۆ سووت
بەڵام بەهۆی هاوڕێی نالەبار و بەخیل و چاوچنۆکەوە تووشی ناڕحەتی و دەردی سەری بووە، ئەو هاوڕێیانەی کە خەڵکی ناوچەکە بوون، مادەیان لەو بەرە زۆرتر بوو، بەڵام هیچیان لە جامی خوێنێک یان (ئیستیعارە) زیاتریان لا نەبوو، ویساڵی لەو کاتەدا لە گەرمەی خوێندندا بووە، بەڵام هاوڕێکانی بە ڕاز و نیازیان دەزانی، لای مامۆستا مەلا عەبدوڵا نامە خراپیان کرد، لە لایەکی تریشەوە چونکە مەحشووقەکەی (دڵدارەکەی) خزمی نزیکی مامۆستا بوو، مامۆستا لێی زویر بوو، هەروەها ویساڵی ئیزن دا بڕوات، ئەویش بە ناچاری و دڵشکاوییەوە ئەوێی بەجێهێشت، ئەم چەند بەیتەی بۆ هاوڕێکانی نووسی و بەجێی هێشت:
براگەل مژدەبێ لێتان، لە لاتان
ئەوا ڕۆیی ڕەفیقی بێ هەواتان
بە کوڵ بگرین لە دوای ئەو یارە تەحقیق
نییە وەک ئەو لە دنیا جان فیداتان
کە گوڵشەن خاڵییە ئەمڕۆ لە غونچە
ئەبێ چ بکا هوزاری بێ نەواتان
بە بولبول گەرم ئەبێ بازاڕی غونچە
لەلای ئەو هەر گوڵە خاری جەفاتان
ئیتر هەر ئێوە بن با ئێمە دەرچین
با ئێمە با نەبێ نەقس و نماتان
بە فەوتی ئێمە یاخوا ئێوە دوور بن
لە دەرد و غەم لەژێر سایەی هوماتان
عەزیزم ماچی لیوی دەفعی دەردە
لە عاشق قەت مەکەن مەنعی دەواتان
بە ناحەق نییە ڕوو وەردەگێڕن
بە ناحەق مەمکوژن ئێوە و خوداتان
"ویساڵی" لێرە دەرکەن با نەمێنێ
ئەگونجێ بەو ببێ دەفعی بەڵاتان!
پاشی ئەم ڕووداوە نامەیەک و چەند شیعرێکی نووسی و ناردی بۆ هەباس ئاغا لە گەرماو، چونکە لەوە و پێش بەهۆی شیعر و ئەدەبیاتەوە، بەهۆی دەنگخۆشی و زیرەکییەوە، ناوبانگی دەرکردبوو. هەروەها زۆر خۆشی دەویست، هەروەها هەموو پیاوە بەناوبانگەکانی ئەو سەردەمە وەک هەباس ئاغای سەلیم ئاغا، ڕەشید ئاغای عەبدوڵا، ... هەروەها پیاوە دەست ڕۆیشتووەکانی ئەشکان و مێرگاسە، دەیانناسی و هەر شتێک مامۆستا ویساڵی داوای بکردایە، یەکسەر جێبەجێیان دەکرد.
بەڵام بۆ ئەوەی کەس بە باسەکەی نەزانێ، هەرچەندە حاجی هەباسی دەست ڕۆیشتوو بەڵێنی پێدابوو، هەتا ئیجازە وەرنەگرێ، نەهێڵێ بڕوات. دواتر کە ئیجازەی وەرگرت دەبێ ببێتە مەلای گوندەکەی حاجی هەباس. کە بێتووش بەجێ دەهێڵێت دەچێتە خزمەت مامۆستا مەجید دوولکانی، ماوەی ساڵێک لەوێ دەوام دەکات، لەو کاتەدا دەگاتە (جمع الجوامع).
ویساڵی لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا دەنێرێتە خوازبێنی خۆشەویستەکەی، بەڵام زۆر بە تووڕەییەوە دەستیان بە ڕوویەوە نا. بۆ جاری دووەم دوو پیاوی ناوداری دوولکانی ناردەوە خوازبێنی خۆشەویستەکەی، گوتیان لە ئامۆزایەکی خۆی مارە کراوە، هەرچەندە لەژێرەوە یەکتریان خۆش دەویست. بەکورتی حاجی هەباس بە گەرمی کەوتە چارەی کێشەکەی ویساڵی، پیاوی ناردە لای کەسوکاری ئەو پیاوەی نازداری لێ مارە کرابوو، ٦٠ لیرەیان زێڕیان دایێ لە بری ئەوەی دەست لەو کچە هەڵگرێ، دوای هەفتەیەک شایی بۆ دەکەن و دەبێتە ژنی ویساڵی شاعیر.
ویساڵی شاعیر گرنگیەکی زۆری داوە بە پێنج خشتەکیەکانی (تایەر بەگی جاف، زێوەر، خانی، وەفایی، سادق).هەروەها شارەزاییەکی باشی هەبووە لە زمانی عەرەبی و فارسیدا و چەند شیعرێکی بە زمانی فارسی نووسیوە. ویساڵی لە ماوەی ژیانیدا گەلێک شیعری هۆنیوەتەوە. لە 29ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1973، ویساڵی شاعیر کۆچی دوایی کرد.
بەشێک لە چوارینەکانی شاعیر:
ئەوانەی پیاوی خوا بوون گشت بە ئیمان
بە مەردی گۆی خۆیان دەربرد لە مەیدان
ویساڵی تۆ گەر نەباری بە عسیان
بەجێمای، تازە قەت ناگەیتە مەردان
بەڵێ ئێمە شکست و ناتەواوین
لەژێر باری گوناها پشت شکاوین
ویساڵی دوورە ڕێت ناگەیتە مەنزڵ
هەموو پێخاوس و ڕوت و ڕەت بڵاوین
ئەگەر مەردی بەبێ دەسمایە ئەی یار
ئەبی ڕیسوا لەبەینی یار و ئەغیار
بە تاعەت مایە پەیداکە ویساڵی
بە موحتاجی مەچۆرە شار و بازاڕ
هەتا کەی جاهیل و بێ عەقڵ و خاوی
توفەیلی ساڵحان بە تاکوو ماوی
ئەگەر بتبێ هەموو دنیا ویساڵی
کە مردی مالیکی شەش یەردە جاوی
مەبە تالیب بە ئەسبابی مەلاهی
تەجەننوب کە لە گێژاوی مەناهی
مەکە سستی ویساڵی شەو لە تاعەت
مەبە مەحرووم لە فەیزی سوبح گاهی
ئەتۆ کەی بووی موتیعی ئەمر و فەرمان
بەچی داوا ئەکەی تەشریف و غوفران
بە ڕێگەی موستەقیما ئەی ویساڵی
بڕۆ، تا خۆش ببێ لێت حەیی مەننان
ئەوی خوێڕی نەبێ و ئازانە بڕوا
لە مەحشەر نابێ قەت مەهتووک و ڕسوا
ئەگەر بێکارە بێ وەک تۆ ویساڵی
سەروبن تێی ئەخەن مەئمووری مەولا
بڕۆ خاکت بەسەر، هەر قوڕ بەسەر کە
لە فاکوفیکی دنیا خۆت بەدەر کە
ڕەفیقی ئەهلی بیدعەت ئەی ویساڵی
هەتا کەی؟ ڕوو لە قاپی پێغەمبەر کە
سەرچاوە/ دیوانی ویساڵی، ئامادەکردنی: جەمال محەمەد محەمەدئەمین، چاپی: دار الجاحڤ للتباعە و النشر – بغداد، بڵاوکار: دەزگای ڕۆشنبیری بڵاوکردنەوەی کوردی – بەغدا.