هێزە نوێیەكی سنووری كەركووك و دیالە خۆی ڕاگەیاند

:: PM:03:26:03/12/2017 ‌
ئەمڕۆ ئەو هێزە نەناسراوەی كە لە سنووری هەردوو پارێزگای دیالە و كەركووك، لەناو تەپۆڵكەكانی سنووری شارەدێی "ندە"ـی سەر بە شارۆكەی مەندەلی لە پارێزگای دیالە ئەمڕۆ خۆیان ڕاگەیاندووە كە پێشتر نزیكەی 500 ئەندامیان لە سنووری شاخی غەڕە لە نزیك گوندی پەركانەی سەر بە شارۆكەی خورماتوو كۆ بوونەتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم سێی كانوونی یەكەم، هاووڵاتییانی سنووری شارۆكەی مەندەلی ئاشكرایان كرد، گرووپێكی نەناسراو لە سنوورەكەیان ئاڵایەكی سپی و سەری شێرێكیی تێدایە، هەڵیان كردووە.

ئەحمەد عەلی هاووڵاتییەكی سنووری شارەدێی "ندە"ـی پارێزگای دیالە بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، هێزێكی نادیار لە ناوچەی بەلدووز لە پارێزگای دیالە، ئەمڕۆ چالاكی ئەنجام دا لە ناوچەی (ندە)ی سەربە پارێزگای دیالە و زنجیرە چیاكانی حەمرین، هێزێكی نوێی چەكداری بوون.

ئەو هاووڵاتییە گوتی، ئەو هێزە تازە دەركەوتووە لە سنوورەكەیان كە ژمارەیان نزیكەی 50 بۆ 70 چەكدار دەبێت، هێزەكە ناوی "حازمیوونی" ئاڵایەكی سپییان هەڵكردووە، دەستیان كردووە بە چالاكی تیرۆریستی، ئەمڕۆش جموجۆڵێكی سەیریان هەبووە لەسەر گوندەكانی ناوچەكە، بەڵام تا ئێستە نازانرێت چییان كردووە.

پێشتر "وشە" لە ڕاپۆرتێكیدا بوونی هێزێكی لەو شێوەیە ئاشكرا كرد كە 500 ئەندامیان لە سنووری شاخی غەڕە لە نزیك گوندی پەركانەی سەر بە شارۆكەی خورماتوو كۆ بوونەتەوە.



وشە - رامیار جەواد