وەزیری كار باسی دواكەوتنی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان ناكات

:: PM:04:37:03/12/2017 ‌
بەبێ‌ ئەوەی باسی بژێوی و مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكان بكات، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بۆنەی ساڵوەگەڕی جیهانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانەوە پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاو كردەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم سێی كانوونی یەكەم، محەمەد هاودیانی وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی پەیامێكی بڵاو كردەوە و ڕای گەیاند، لە ساڵوەگەڕی خاوەن پێداویستی تایبەت پیرۆزبایی ئاراستەی یەكە بە یەكەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دەكەین و هیواخوازین ئەم ڕۆژە ببێتە مایەی گەیشتن بە ئامانجەكانیان .

وەزیری كار بەهیچ شێوەیەك باسی دواكەوتنی مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتییەكانی نەكردووە كە بەگوتەی سەرۆكی یەكێتیی نابینایان 18 مانگە مووچەی نابینایانی لە 150 هەزار دینارەوە كردووەتەوە 90 هەزار سەرباری دواكەوتنی مووچەكانیان.

وەزیری كار دەڵێ‌، لە هەرێمی كوردستان دەبێت وێڕای چاكسازیكردن لە لیستەكانی كەمئەندامان، بار و گوزەرانی خاوەن پێداویستی تایبەت بگۆڕێت و ئەوان شایستەی هەموو شتێكی باشن.

لە بەرانبەردا هەر ئەمڕۆ یەكشەم، هاوبەش نوعمان سەرۆكی‌ یەكێتیی‌ نابینایان لە كۆنگرەیەكی‌ ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ماوەی‌ 18 مانگە حكوومەتی‌ هەرێم بە بیانووی‌ تەنگژەی‌ دارایییەوە مووچەی‌ نابینایانی لە 150 هەزار دینارەوە بۆ 90 هەزار دینار كەم كردووەتەوە.

هاوكات خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان نیگەرانی خۆیشیان لە بەرانبەر دواكەوتنی مووچەكانیان دەدەبڕن و ڕای دەگەیەنن بە تەواوی باروگوزەرانیان تێكچووە.

ئەمڕۆ ساڵوەگەڕی جیهانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكانە و لە هەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆر  خاوەن پێداویستی تایبەتی هەن، سەرباری ئەوەی لە ڕابردوو هەوڵ دراوە چاكسازی لە لیستی ئەو خاوەن پێداویستییانەدا بكرێت، بەڵام زیاتر لە ساڵێكە هیچ ئەنجامێكی ئەو چاكسازییە بەتەواوی ڕوون نەكراوەتەوە.





وشە - سه‌رخێڵ هاشم