وەزارەتی تەندروستی: دەرمانی نەخۆشی تالاسیما دابین كراوە

:: PM:05:15:03/12/2017 ‌
وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات كە ئێستە دەرمانمان بۆ نەخۆشی تالاسیما دابین كردووە و لە نەخۆشخانەكانی هەولێر هەیە و لە چەند ڕۆژی داهاتووش بۆ سلێمانی دەچێت.

ئەمڕۆ یەكشەم سێی كانوونی یەكەم، خاڵس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دەرمانی نەخۆشانی تالاسیما لە بەغداوە گەیشتووەتە هەولێر و دابەش دەكرێت، لەم هەفتەیەشدا پشكی سلێمانی و دهۆك لە دەرمانی نەخۆشانی تالاسیما، دەگاتە هەردوو شارەكە ئەو كێشەیە نامێنێت.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، بەهۆی گۆڕینی كۆمپانیای دابینكاری دەرمانەكە، كاتی گەیشتنی دەرمانەكە بۆ عێراق و كوردستانیش دواكەوتووە، بەڵام ئێستە دەرمان هەیە و كێشەمان نییە.

پێشتر بەرپرسی رێكخراوی تووشبوانی تالاسیمیا لە هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاندبوو، دەرمانی پێویست لە نەخۆشخانەكان نەماوە تا توشبووانی تالاسیمیای پێ‌ چارەسەر بكەن و چوار نەخۆشیش گیانیان لە مەترسی دایە.

ئەوە لەكاتێكە تووشبوانی نەخۆشی تالاسیمیا لە دوو هەفتەی ڕابردوو ئاشكرایان كرد كە بەهۆی نەبوونی دەرمان یەكێك لەو نەخۆشانە لە شاری هەولێر گیانی لە دەست داوە.



وشە - رامیار جەواد