ده‌رهێنه‌رێك داوای سه‌پاندنی باجی كولتووری ده‌كات

:: PM:08:39:03/12/2017 ‌
دەرهێنەری ناودارى كوردى بواری فیلم و سینەما (سامی كاكە)، له‌ پێگه‌ى تایبه‌تى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووك، جەخت لەوە دەكاتەوە كه‌ پێویستە حكوومەتی هەرێم باجی كولتووری لە سەرمایەدارەكان وەربگرێت و گله‌یی خۆى به‌ نووسین بڵاو ده‌كاته‌وه‌.

سامی كاكە، لەبارەی كورتە فیلمی "دارك دەی"، كە بەشداری چەندین فێستیڤتاڵی نێودەوڵەتی كردووه‌، نووسیویه‌تى: "دەبێت ئێسته‌ بەتایبەت كە هەفتەی بەرەنگاربوونەوە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان ڕاگەیەنراوە، سوود لە كورتە فیلمەكە وەربگرن، بێگومان هونەر بەبێ هیچ مۆڵەتێك سنوورەكان دەبڕێت، لەو ڕوانگەیەشەوە فیلمی كوردی لە ئێسته‌ بەرە و فیستیڤاڵە نێو دەوڵەتییەكان هەنگاو دەنێت.

زیاتر گوتی، بەخۆشحاڵییەوە ئەمساڵ فیلمی "دارك دەی"، واتا "ڕۆژی رەش" توانی نزیكەی حەوت فێستیڤاڵی نێو دەوڵەتی ببینێت كە دواهەمینیان له‌ 7 ی 12 دەبێت لە سەماوە كە پێنجەمین فیستیڤاڵە لە عێراق بەڕێوە دەچێت، منیش وەك و گەنجێكی كورد بەشدار دەبم، جێگەی خۆشحاڵییە "داڕك دەی" كێبڕكێی فیلەمە سەرەكییەكان دەكات لە فێستڤاڵە نێودەوڵەتییەكان، ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە كە زۆرجار ئەوەی لە ڕێگەی سیاسەتەوە نەتوانراوە بكرێت، لە ڕێگەی هونەرەوە دەكرێت".

سامی كاكە ئاشكراى كرد كه‌ لە بەرنامەیدا هەیە "دارك دەی"، لە كوردستان نمایش بكات و پێشانی بینەرانی كوردی بدات، زیاتر نووسویه‌تى: "دەمەوێت فیلمەكە پێشانی میلەتی كورد بدەم و خزمەتیان بكەم، چونكە ناوەڕۆكی فیلمەكە باس لە كچێك دەكات كە بەهۆی تەقینەوەیەكەوە (پەردەی كچێنی و پەردەی گوێی) لەدەست دەدات، هیوادارم ڕێكخراوەكانی ژنان و ئافرەتان بەدەنگ ئەو فیلمەوە بێن، بەتایبەت ئێسته‌ كە هەڵمەتی بەرەنگاربونەوە توندوتیژی ژنان هەیە، هەرچەندە بەداخەوە سستییەك دەبینم لە لایەن ئەو ڕێكخراوانەوە، بۆیە هیوادارم سوود لەو بەرهەمانە ببینن".





وشە - محەمەد میران