ژیانی "خادیم"ی شاعیر

:: PM:11:04:03/12/2017 ‌
خادیم یان حاجی میرزا عەبدوڵڵا کوڕی محەمەد مەولودە، ساڵی ١٨٩٥ لە شاری کۆیە ھاتووەتە دنیاوە و پێش ھاوتەمەنەکانی خۆی خراوەتە بەر خوێندن. گوزەرانی ماڵێ باوکی لە رووی ئابوورییەوە باش بووە، لە شیعردا نازناوی "خادیم"ی بۆ خۆی داناوە. سەرەتای خوێندنی لە حوجرە تەواو کردووە، بەهۆی شەڕی جیهانی یەکەم ماڵیان تاڵان دەکرێ و ناچار روودەکاتە قەڵادزێ و لە دووکانی بەرگدرووی داناوە.

لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا زۆرینەی کتێبەکانی سەردەمی خۆی خوێندووەتەوە، پاش مردنی باوکی ئەرکی سەرپەرشتی کردنی خێزانەکەی کەوتووەتە ئەستۆ. لە ژیانیدا تووشی گەلێ گیروگرفت ھاتووە و بە ناچاری شاری کۆیەی جێھێشتووە و ماوەیەک لە قەڵادزێ ژیاوە. لە ساڵی ١٩٣٥دا، سەردانی ماڵی خوا دەکات و پاش گەرانەوەی ماڵ دەگوازێتەوە سلێمانی.

لە ساڵی ١٩٤٦دا، لە سلێمانی نیشتەجێ بووە، شوێنی کارەکەی خۆی کردبووە کۆڕی ئەدیبان و نووسەرانی ئەو سەردەمە، لە دنیای ئەدەبیاتدا شاعیرێکی بە توانا بووە و لە بوارە نیشتمانی و کۆمەڵایەتییەکاندا زۆر شیعری بەپێزی نووسیوە. دواتر بەھۆی تێکەڵاوبوونی لەگەڵ ئەدەبیاتی فارسیدا چووەتە ناو دنیای تەسەوف، کە ئەمەیش لە بەرھەمە شیعرییەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە.


لە سەردەمی سەفەربەلک دا ئەشکەنجە و دەربەدەری زۆری دیوە، گەلێک لەو چەرمەسەرییانەیشی بە شیعر دەربڕیوە، ئاشنایەتیەکی تەواوی لەگەڵ شیعری مەحوی هەبووە، بەڕادەیەک ھەندێک زاراوەی ناو شیعرەکانی ئەوی دووپاتە کردووەتەوە. مەرگی حاجی تاھیری ھاوڕێی کارێکی زۆری لێ کردووە و شیعری بۆ ئەو ڕووداوەیش نووسیوە.

لە سلێمانی لەگەڵ کۆمەڵێک لە شاعیرانی ئەو کاتە ئاشنا دەبێت و هاتوچۆی یەکتر دەکەن لەوانە (بێخود و ڕەمزی و مەلا مارف و عەلی کەمال و ئەحمەد شوکری و گەلێکی تر). خادیم یەکێکە لەو شاعیرانەی، کە زۆرترین بەحری بەکارهێناوە لە شیعرە عەرووزییەکاندا، لەو بەحرانەیش (ڕەمەڵ و هەزەج و موزاریع و خەفیف و موجتەس و موتەقاریب و ڕەجەز)، لەگەڵ بەکار هێنانی کێشی دە بڕگەیی (٥+٥).

لە هەموو بابەتێک شیعری نووسیوە وەک (ئاینی، دڵداری، وەسف، پیاهەڵدان، شیوەن، ماتەمینە و نیشتیمان پەروەری)، شاعیر دەستێکی باڵای لە تەرکیب بەند و تەرجیع بەنددا هەبووە، شەش قەسیدەی داناوە بە ناوی ( تەرکیب بەند لە عیشقدا) کە بووەتە هۆی دەوڵەمەندی دیوانەکەی، لەگەڵ کۆمەڵێکی نایاب لە چوارینە و پێنج خشتەکی و موستەزاد.

ئەم شاعیرە ناسراوە خادیم لە ٥ کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٧١ لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کردووە و لە گۆرستانی گردی جۆگە بە خاک سپێردراوە.

نموونەیەک لە چوارینەکانی شاعیر:

ناکەم تەڵەبێ من لە خودا غەیری خودا
تەسلیمە سەرم دڵ بە جودا جان بە جودا
ئەم جیلوەیی ڕوخسارە بووە قیبلەی دڵ
دڵ بۆچی بسوڕێتەوە وەک قیبلە نوما

دوو قەدەم لە حەسرەتی زولفی دووتا
شاخی گوڵی عوشرەتی منە چو بی فەنا
نەززارە بە ڕەخساری عەرەق سا ئەڕژێ
هەر گاهـ بە جەمالی یار ئەدا مەوجی حەیا

سەییادی ئەجەل بۆ تۆ، کە داوی دانا
بەم داوە گورفتارە نەزان و زانا
ئەم دەورە ئەسووڕێ لە ئەوەل تا ئاخر
ئوستادی ئەزەل بینای دنیایی دانا

ئەو ڕۆژە گوتم تەرکی ئەکەم بادەی ناب
بولبول لە چەمەن لەم قسەیەم هاتە جەواب
کەی داخیلی مەنتیقی عیلمە لە عەشقا
کێ بیستوویەتی فەسڵی گوڵ و تەرکی شەراب


هەر عیزە ئەگەر بگاتە ئەوجی قودرەت
هەر زیللەتە ئاخری ئەگاتە عیززەت
ئەم سەر کەشییە و تەکەببوری تۆ تاکەی
هەر پەستییە بتگەیەنێتە مەقامی ڕەفعەت

بێشەمعی تۆ، پەروازی پەروانە عەبەس
بێ ڕوو تۆ پەیمانەیی پەیمانە عەبەس
بەم حەڵقە زنجیری دوو زوڵفی تۆ نەبێ
سەد بەندی گران بۆ دڵی دێوانە عەبەس

عومرێ بوو بەدین بووم و بە دنیا موحتاج
بەمڕۆ و بە دوێنێ و بە فەردا موحتاج
فاریغ لە هەموو بووم بە جەمالی لەیلا
مەجنوون وا ئێستاکە بە سەحرا موحتاج

تێبگە مەعنای (حی علی الفلاح)
بنۆشە عاشیق شەرابی موباح
لە هەردوو دنیا نەجاتت ئەبی
ئەسبابە شەراب بۆ ڕێگەی نەجاح

جیلوەی ڕووی گولڕوحان عەشقە
مەنزەرەی چاوی عاشیقان عەشقە
خۆی لە پەردەی لیباسی مەنسووری
گەر (أنا الحق) ئەڵێ عەیان عەشقە

ئەمەێ مەستی چاوی مەستت بم
وەکوو ماسی کوژراوی شەستت بم
هەر سەحەر گاهـ بە ناڵەی نەی و عوود
مەستی ئەو ساغیرەی لە دەستت بم

سەرچاوە/ دیوانی خادیم، بەرگی دووەم، جەمال محەمەد ئەمین، دار الحریە، چاپخانەی بەغداد ١٩٨١.



وشە - ژیڤان خۆرانی