له‌كاتێكدا كۆنگره‌ى رۆما سه‌ركرده‌كانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست كۆ ده‌كاته‌وه بۆ هاندان و گفتوگۆكردن له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری كێشه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقیا، سه‌ركرده‌كان مینبه‌ری كۆنگره‌كه‌یان كرده تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه و كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى داهاتووى ناوچه‌كه خراپتر ده‌بێت.
ساڵانه كۆنگره‌ى ئیدلۆ له رۆماى پایته‌ختى ئیتاڵیا ده‌به‌سترێت به مه‌به‌ستى چاكسازی له یاساكان و رێكخستنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌كان بۆ گه‌شه‌پێدانى ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تى له وڵاتانى جیهانى سێیه‌م.
ئیدلۆ رێكخراوێكى حكوومی نێوده‌وڵه‌تییه و یه‌كه‌م كۆنگره‌ى خۆى له ساڵى 1983 به‌ست، هه‌فته‌ى رابردووش بۆ ماوه‌ى سێ رۆژ كۆنگره‌ی ساڵانه‌ى خۆى ئه‌نجام دا كه 45 وڵاتى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكوری ئه‌فریقا تێیدا ئه‌ندامن كه وڵاتى كوێت سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌م خوله‌ى كۆنگره‌كه ده‌كات و ئامانج لێى داڕشتنى پلانى ستراتیجى بوو بۆ ده‌ستنیشانكردنى چه‌ند ئامانجێكى دیاریكراوی گه‌شه‌پێدانى درێژه‌پێده‌ری له سێكته‌ره‌كانى یاسا و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تى تا ساڵى 2030 كه كاری پێگه‌یاندنى كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى ئاشتیخواز بێت.
محه‌مه‌د بن عه‌بدوڕه‌حمان ئال سانى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى قه‌ته‌ڕ كه به‌شداری كۆنگره‌كه بوو، نیگه‌رانى خۆى له‌وه نه‌شارده‌وه كه ناوچه‌كه به دۆخێكى دژوار‌دا تێپه‌ڕ ده‌بێت، نه‌بوونى سیاسه‌تێكى حه‌كیمانه لاى وڵاتانى ناوچه‌كه وای كردووه هیچ هیوایه‌ك بۆ گه‌لانى ناوچه‌كه نه‌بێت.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى قه‌ته‌ڕ كه وڵاته‌كه‌ى ماوه‌ى شه‌ش مانگه له‌لایه‌ن عه‌ره‌بستانى سعوودیه، میسر، ئیمارات و به‌حرێن گه‌مارۆى توندی خراوه‌ته سه‌ر, ده‌ڵێ له‌لایه‌ن وڵاتانى عه‌ره‌بی گه‌مارۆى وڵاته‌كه‌مان گه‌مارۆ دراوه و تۆمه‌تى پشتگیریی تیرۆریش ده‌خرێته پاڵمان، ئه‌مانه هه‌مووى تۆمه‌ته و هیچی راست نین.
له كۆنگره‌كه‌دا كه ئامانجی سه‌ره‌كى دروستكردنى كه‌شێكی ئه‌رێنى بوو بۆ تێگه‌یشتنێكى هاوبه‌ش له‌باره‌ى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، به‌ڵام وه‌زیرانى ده‌ره‌وه‌ى عه‌ره‌بستانى سعوودیه و ئێران یه‌كتر تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به تێكدانى ره‌وشى ته‌ناهیی ناوچه‌كه.
عادل جه‌بیر وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى سعوودیه ده‌ڵێ، ئێران له ساڵى 1979 تا ئێسته‌شی له‌گه‌ڵدا بێت هه‌رچى ئه‌وه‌ى ده‌یانه‌وێت له رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ئه‌نجامی ده‌ده‌ن بێئه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى سزای بدات.
گوتى "ئێران ده‌ستوه‌ردان له كاروباری زۆرێك له وڵاتانى عه‌ره‌بی ده‌كات له‌وانه سووریا، یه‌مه‌ن و لبنان".
رۆژێك پێشتر له‌سه‌ر هه‌مان كورسی و ته‌خته‌دا، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران سعوودیه‌ى تۆمه‌تبار كرد كه رێگری ده‌كات له وه‌ستاندنى شه‌ڕ له سووریا و گه‌مارۆیشی خستووه‌ته سه‌ر قه‌ته‌ڕ.
محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران له گوتاری خۆیدا له كۆنگره‌ى رۆما، ئه‌وه‌ى ره‌ت كرده‌وه وڵاته‌كه‌ى ده‌ستوه‌ردانى له كاروباری ناوخۆى وڵاتانى ناوچه‌كه كردبێت و میلیشیاى چه‌كداریان له لبنان و عێراق هه‌بێت وه‌ك ئه‌وه‌ى وه‌زیر ده‌ره‌وه‌ى سعوودیه تۆمه‌تى ئه‌وه‌ى خسته پاڵ ئێران كه هاوكاریی گرووپه چه‌كدارییه‌كانى وه‌ك حزبوڵای لبنانى ده‌كات و بووه‌ته هۆكاری ناسه‌قامگیری ره‌وشى ته‌ناهیی ناوچه‌كه.
ئه‌گه‌رچى كۆنگره‌كه بۆ گه‌ڕان بوو به دواى خاڵى هاوبه‌شی ئه‌رێنى نێوان وڵاتانى ناوچه‌كه به مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانیان، به‌ڵام وه‌زیرانى وڵاتانى به‌شدار له كۆنگره‌كه هه‌موویان فۆكه‌سیان خستبووه سه‌ر شه‌ڕى داعش و پێیان وابوو داعش كۆتای نه‌هاتووه و وا به ئاسانیش كۆتای پێ نایه‌ت.
لاى خۆیه‌وه ئه‌حمه‌د ئه‌بوغیت ئه‌مینداری گشتیى كۆمكاری وڵاتانى عه‌ره‌بی ده‌ڵێ، داعش وه‌ك هێزی سه‌ربازی له‌سه‌ر زه‌وی كۆتای هاتووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ری زۆره بگه‌ڕێته‌وه و كاری تێكده‌رانه له شاره‌كاندا ئه‌نجام بداته‌وه. گوتى "پێ ده‌چێ تا 10 ساڵى تریش رێكخراوی داعش بمێنێته‌وه".
هاوكات ئیبراهیم جه‌عفه‌ری وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق كه به‌شداریی كۆنگره‌كه بوو، ئاماژه‌ى به‌و وێرانكارییه دا كه داعش له عێراق دواى خۆى به‌جێى هێشتووه.
جه‌عفه‌ری ئه‌وه‌ى خسته ڕوو كه عێراق له جیاتى هه‌موو دنیا شه‌ڕى دژ به تیرۆری كردووه، بۆیه پێویسته له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هاوكاریی عێراق بكه‌ن بۆ دووباره ئاوه‌دانكردنه‌وه.
له‌باره‌ى شاری مووسڵ جه‌عفه‌ری هێماى بۆ ئه‌وه كرد كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك مووسڵ ناگه‌ڕێته‌وه سه‌رده‌مى پێش هاتنى داعش. گوتى "مووسڵ دووه‌م گه‌وره‌ترین شاری عێراقه و 80%ى زیاتر وێران بووه، شارێكى جوان بوو و ئێسته بووه شارێكى وێرانه".
هاوكات سامح شوكری وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى میسر ئاماژه‌ى به‌وه دا كه چه‌كدارانى داعش له سووریا و عێراق هه‌ڵاتوون و روویان له میسر كردووه وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ته‌قینه‌وه‌كه‌ى مزگه‌وتى ره‌وزه له گوندێكى شاری سینا كه بووه هۆى كوژرانی 300 كه‌س و برینداربوونى سه‌تانى تر.
وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى میسر ئه‌وه‌شى خسته ڕوو كه ئێسته داعش رووى له باشووری میسر كردووه تا بیكاته مۆڵگه‌ی خۆی.
ئه‌گه‌رچى هه‌وڵى دیپلۆماسی هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێى سه‌رنج بوو له كۆنگره‌كه، هیچ یه‌كێك له وه‌زیرانى وڵاتانى ئه‌ندام له لووتكه‌ى رۆما باسی هه‌وڵه دیپلۆماسییه‌كانیان نه‌كرد كه كار بۆ نه‌هێشتنى جه‌نگ و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بكات.
دیمه‌نێكى تری كۆنگره‌كه به‌شداری نه‌كردنى هیچ به‌رپرسێكى كۆشكى سپى بوو، ئه‌مه‌ش وا لێك درایه‌وه كه دۆناڵد تره‌مپ گرنگی به ئاشته‌وایی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نادات، ئه‌گه‌رچى ساڵى رابردوو جۆن كێری وه‌زیری پێشتری ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا له ئیداره‌ى باراك ئۆباما به‌شداری كۆنگره‌كه‌ى كردبوو.
رۆبه‌رت مالی جێگری سه‌رۆكى گرووپی قه‌یرانى نێوده‌وڵه‌تى ناحكوومی بۆ سیاسه‌ت، ده‌ڵێ ناوچه‌كه چه‌ندان پرسی گه‌رمی تێدایه كه بوونه‌ته سه‌رچاوه‌ى گرژی و نیگه‌رانى و ئه‌گه‌ری به‌ریه‌ككه‌وتن كه كاره‌ساتى مرۆیی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، به‌ڵام زۆر كه‌م هه‌وڵى دیپلۆماسی ده‌درێت بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان.