له‌ وه‌رزی سه‌رما چی بخورێ؟


جه‌سته‌ی مرۆڤ له‌ وه‌رزی زستاندا پێویستی به‌ جۆره‌ خۆراكێكی جیاوازه‌  به‌ به‌راورد به‌ سێ وه‌رزه‌كه‌ی تری ساڵ، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ وزه‌یه‌كی زۆرتر بۆ ماوه‌یه‌كی زیاتر هه‌ڵبگرێت.

گۆڕانی جۆری خواردن له‌ زستاندا، مه‌رج نییه‌ به‌ زیادكردنی كالۆری بێت كه‌ زۆر كه‌س به‌ هه‌ڵه‌ تێی گه‌یشتوون و هه‌میشه‌ له‌ زستاندا كێشیان زیاد ده‌كات، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌یه‌ دووپات له‌و جۆره‌ خواردنانه‌ بكرێته‌وه‌ كه‌ وزه‌ی زۆرتر له‌ جه‌سته‌دا ده‌هێڵنه‌وه‌.

به‌پێی توێژینه‌وه‌ی پسپۆڕانی بواری ته‌ندروستیی خۆراك، له‌ زستاندا پێویسته‌ جۆرێتیی خواردن زۆرتر هه‌مه‌ڕه‌نگ بكرێ و ده‌بێ جگه‌ له‌ سێ ژه‌مه‌ خواردنی سه‌ره‌كی، دوو ژه‌می لاوه‌كیش هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی جه‌سته‌ هه‌ست به‌ برسێتی نه‌كات كه‌ ده‌بێته‌ هۆی زیادبوونی هه‌ستی سه‌رما، بۆیه‌ وا باشتره‌ دوای ژه‌می ئێواره‌، ئه‌و میوانه‌ بخورێ كه‌ پڕیانه‌ له‌ ڤیتامین C و ئه‌و چه‌ره‌سات و خواردنانه‌ش له‌ ڕۆژه‌كه‌دا له‌بیر نه‌كرێن كه‌ ڤیتامین E له‌خۆ ده‌گرن. ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ هۆی تووشنه‌بوون به‌ ئه‌نفلۆنزا و كۆكه‌.

شۆربای سه‌وزه‌ و گه‌رم، وه‌ك شۆربای سڵق، سپێناغ، لۆبیای ته‌ڕ و زۆری تر، گه‌رمیی زۆر له‌ جه‌سته‌دا دروست ده‌كه‌ن و نایه‌ڵن تووشی سه‌رما ببێت، هه‌روه‌ها پرۆتینه‌ به‌هێزه‌كانی وه‌ك، نۆك، پاقله‌، گه‌نمه‌شامی، كه‌ستانه‌، نیسك و زۆری تر، چونكه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ هه‌ستی برسێتی ناهێڵن و جه‌سته‌ به‌ گه‌رمی ده‌هێڵنه‌وه‌.

هه‌ر له‌و خواردنانه‌ی پێویسته‌ له‌ زستاندا بخورێت، بریتین له‌ كاسته‌ر و محه‌له‌بی، نانی بۆر، په‌تاته‌، گێزه‌ر، ئه‌مانه‌ش جێی مڕه‌با و شوكولاته‌ و شیرینی ده‌گرنه‌وه‌ كه‌ زۆركه‌س ئه‌وانه‌ له‌ زستاندا زۆر ده‌خوات و ده‌بنه‌ هۆی قه‌ڵه‌وی.

بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی تیشكی خۆر كه‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی ڤیتامین Dیه‌ و له‌ زستاندا كه‌مه‌، پێویسته‌ شیر و به‌روبوومه‌ ئاژه‌ڵییه‌كان بخورێت، به‌ تایبه‌تی ماسی.

مۆز، میوه‌ ترشه‌كان، ماسی، چواله‌، بندق و فستق جگه‌ له‌ سووده‌ گشتییه‌كانیان بۆ وه‌رزی زستان، ده‌بنه‌ هۆی لابردنی هه‌ستی بێزاری و خه‌مۆكی و بۆ شه‌وانی درێژی زستان كه‌ دڵه‌ڕاوكێ و گرفتی ده‌روونی دروست ده‌كات، سوودی زۆریان هه‌یه‌.

كاتێك كه‌سێك به‌هۆی سه‌رماوه‌ تووشی په‌تا ده‌بێ، پێویسته‌ خواردنه‌وه‌ گه‌رمه‌كان بخواته‌وه‌، ئه‌گه‌ر سكچوونیشی له‌گه‌ڵ بوو، ئه‌وا په‌تاته‌ و شیر و مۆز باشترین چاره‌سه‌ری سروشتین.

له‌ كاتی خواردنه‌وه‌ی چا و قاوه‌، ئه‌گه‌ر پێویستیت به‌ شیرینی بوو، له‌جیاتی شه‌كر، هه‌نگوین به‌كار بهێنه‌.

سه‌رچاوه‌/ سكای نیوز


وشە - كوردۆ شابان


PM:02:47:04/12/2017




ئه‌م بابه‌ته 483 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌