جەك ما خاوەنی كۆمپانیای عەلی بابا یەكێكە لە دەوڵەمەندترین كەسەكانی دنیا و لە ریزبەندی هەژدەیەمین ملیاردێری دنیا ناوی هاتووە و بڕی سامانەكەی دەگاتە سەرووی 48 ملیار دۆلار. ئەو ژیانێكی سەیری هەیە و هەموو ئەو سامانەی تەنیا بە پشتبەستن بە تواناكانی خۆی دەستەبەر كردووە، نە كوڕە دەوڵەمەند بووە و نە كوڕە بەرپرس و كاتێك لە ساڵی ١٩٩٩ بڕیار دەدات گرووپی عەلی بابا دابمەزرێنێت، هەموو سەرمایەكەی تەنیا ٦٠ هەزار دۆلار بووە كە دەكاتە نرخی خانوویەكی ١٠٠ مەتری لە گەڕەكی پێنجی حەسارۆكی هەولێر.
جەك ما خەڵكی شارێكی چینە كە لە ناوەند دوور بووە و لە رووی خزمەتگوزاری خوێندن و دەستخستنی دەرفەتی كار لە زۆر شت بێبەش بووە، تەنانەت لە شارەكە تەنیا یەك قوتابخانەی ناوەندی هەبووە و كاتێكیش قوتابییەكان دەرچوون لە قوتابخانەكانی تر بە سەختی وەردەگیران، چونكە قوتابییەكانی بە قوتابی ئاستنزم هەژمار دەكران.
ئەو هەر لە گەنجێتییەوە دەستی بە فێربوونی زمانی ئینگلیزی كرد و رۆژانە لەگەڵ ئەو كەسانەی سەردانی هوتێلێكی نزیك ماڵەكەیان دەكرد و ئینگلیزییان بە باشی دەزانی، هەوڵی دەدا قسەیان لەگەڵدا بكات و خۆی فێری ئینگلیزی بكات.
ئەو دەڵێت لە قوتابخانە چەندان جار كەوتووە، دوو جار لە قۆناغی سەرەتایی و سێ جاریش لە قۆناخی ناوەندی كەوتووم. ئەو هەروەها باس لەوە دەكات ٣٠ جار داوای كاری لە شوێنی جیاواز كردووە، بەڵام رەت كراوەتەوە. سەردانی پۆلیسی كردووە بۆ ئەوەی ببێت بە پۆلیس و تەنانەت سەردانی kfc كردووە تا لەو كۆمپانیایە كار بكات، كەچی رەت دەكرێتەوە. ئەو دەڵێت لقێكی KFC لە شارەكەیان كرایەوە ٢٤ كەس داواكاری كاریان پێشكەش كرد تەنیا ئەو رەت كرایەوە.
لە شوێنێكی تر جەك ما باس لە ژیانی خۆی دەكات و دەڵێت، ساڵی ١٩٩٤ لەبارەی ئەنتەرنێت هەندێك شتی گوێ لێ بووبوو و لە سەرەتای ١٩٩٥ دەچێتە ئەمەریكا و بە یارمەتی دۆستانی فێری ئینتەرنێت دەبێت. ئەو دەڵێت لە ئەمەریكاوە و بە پشتبەستن بە ئینتەرنێت ویستوویەتی لەسەر چین زانیاری كۆ بكاتەوە، بەڵام ئینتەرنێت هیچی پێ نەداوە، بۆیە هەر لەوێ بڕیاری داوە وێبسایتێك بكاتەوە و هەر خێرا دوای كردنەوەی وێبسایتەكە كۆمەڵێك ئیمەیلی بۆ هاتووە كە چینی بوون و یەكسەر هەستی بە بایەخی ئینتەرنێت كردووە، لە هەمان ساڵدا بە بڕی ٢٠ هەزار دۆلار كۆمپانیایەكی ئینتەرنێتیی دامەزراندووە و كاری سەرەكیشی بریتی بووە لە دروستكردنی ماڵپەڕ بۆ كۆمپانیا چینییەكان و دوای سێ ساڵ ٨٠٠ هەزار دۆلار قازانجی لە كۆمپانیاكە كردووە.
كۆمپانیاكەی جەك ما كە دواتر بۆ عەلی بابا گۆڕا، ئێستە ململانێی كۆمپانیا گەورەكانی وەك ئامازۆن و ebay دەكات و لانی كەم یەك لەسەر سێی دانیشتووانی چین سوود لە خزمەتگوزارییەكانی وەردەگرن.
كۆمپانیای عەلی بابا رۆژ بە رۆژ زیاتر گەشەی سەند و پێگەكەشی زیاتر ناسرا، بۆیەش لە ساڵی ٢٠٠٥ كۆمپانیای یاهوو بڕیاری دا بەشێكی بەرچاو لە پشكەكانی عەلی بابا بكڕێتەوە و لە بری ئەو گرێبەستەش یەك ملیار دۆلاری دا.
بەگوێرەی
digiaton خاوەنی یاهوو هەر لە وەزارەی بازرگانی لەگەڵ جەك ما ئاشنا بووبوو و دەیزانی كۆمپانیاكە داهاتوویەكی پڕشنگداری دەبێت، بۆیەش خۆی لێ نزیك كردەوە. ئەو پێوەندییە زۆر درێژخایەن نەبوو و كاتێك كۆمپانیای عەلی بابا گەشەی زیاتر دەكات، خاوەنەكەی تێدەگات چ بەشێكی گەورە لە پشكەكانی كۆمپانیاكەی بە نرخێكی هەرزان بە یاهوو فرۆشتووە.
زۆر شارەزای ئابووری دەڵێن ئەگەر جەك ما چەند ساڵێك چاوەڕوانی بكردایە، ئەوا دەیتوانی بە نرخێكی زۆر زیاتر دەیتوانی پشكەكانی بە یاهوو بفرۆشێت.
دواجار جەك ما بە كۆكردنەوەی گرووپێك لە وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی چین دەستی بە دووبارە كڕینەوەی ئەو پشكانە كرد و مەبەستەكەشی ئەوە بوو سامانەكە تەنیا بۆ خەڵكی چین بێت نەك كۆمپانیایەكی بیانی.
یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی سەركەوتنی جەك ما ئەوەیە لە لایەك حكوومەتی چین و لە لایەكی تر هاووڵاتییانی لەو خزمەتگوزارییانەی پێشكەشیان دەكات رازی كردووە و رۆژ بە رۆژیش پێگەكەی بەهێزتر دەبێت.
مەك ما ebay بە گەورەترین ركابەری خۆی هەژمار دەكات و پێی وایە لە ئاستی دنیادا ناتوانێت بەسەریدا زاڵ بێت، بەڵام لە ناوخۆی چین لەو كۆمپانیایەی بردووەتەوە و هەرگیز رێ نادات لە ركابەریی ناوخۆیی، كۆمپانیای ebay لەو بباتەوە و رۆژ بەرۆژ پێوەندییەكانی لەگەڵ ناوخۆدا بەهێزتر دەكات.