ڕاپۆرتێك لەسەر مافی ئافرەتان ئامادە دەكرێت

:: PM:05:34:04/12/2017 ‌
لیژنەی داكۆكیكردن لە مافی ئافرەتان لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات لە كۆتایی ئەو هەفتەیە سەردانی دەڤەری گەرمیان دەكەین بەمەبەستی زانینی ڕەوشی ئافرەتانی كەمپەكان.

ئەمڕۆ دووشەم چواری كانوونی یەكەم، حیات مەجید جێگری سەرۆكی لیژنەی مافی ئافرەتان لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ لیژنەكەمان كۆ بوونەوەیەكی ساز كرد و بڕیارمان داوە كۆتایی هەفتە سەردانی دەڤەری گەرمیان بكەین و لە نزیكەوە ئاگەداری ڕەوشی ئافرەتان بین."

جێگری سەرۆكی لیژنەی مافی ئافرەتان دەڵێت: "لە سەردانەكەمان زیاتر دەچینە كەمپەكان و لە ڕەوشی ئافرەتان و پێشێلكارییەكان دەكۆڵینەوە دواتر بە ڕاپۆرتێك ئەو پێشێلكارییانە و چارەسەری پێویست بۆ لایەنی بەرپرس بەرز دەكەینەوە تا چارەسەر بكرێن."

ساڵانە لەڕۆژی 25ـی تشرینی دووەم، لە سەرتاسەری جیهان یادی ڕۆژی بەرنگاربوونەوەی توند و تیژی ژنان دەكرێتەوە لە هەرێمی كوردستانیش 14 ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ڕادەگەیەنرێت لەلایەن ڕێكخراوەكان و دامەزراوە فەرمییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

بەهۆی تێكچوونی دۆخی تەناهی شاری كەركووك و خورماتوو ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتییان ئاوارەی شارەكانی هەرێمی كوردستان بوونە و بەتایبەت لە دەڤەری گەرمیان نیشتەجێبوونە.



وشە - رامیار جەواد