بەم وێنانە داعش هەڕەشە لە كریسمسی سێ وڵات دەكات

:: PM:05:59:04/12/2017 ‌
 رێكخراوی تیرۆریستی داعش هەندێك وێنە بڵاو دەكاتەوە و بەوێنەكان هەڕەشەی ئەوە دەكات لە سێوڵاتی ئەوروپی هێرشی تیرۆریستی لە ناو بازاڕەكانی جەژنی كریسمس دەكات.

 وەك لە رۆژنامەی دەیلی مایلی بەریتانی هاتووە، رێكخراوی تیرۆریستی داعش هەڕەشەی ئەوە دەكات لە وڵاتانی فەڕەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا لە ناو مەیدانەكانی جەژنی كریسمس كردەی تیرۆریستی بکات، بۆ ئەم مەبەستەیش چەند وێنەیەكی بڵاوكردووەتەوە، لە یەكێك لە وێنەكاندا پیاوێكی دەمامكدار دەردەكەوێت جلێكی رەشی پۆشیوە و لە پێشیدا بابانۆیل دەستەكانی بەستراوەتەوە و چۆكی داداوە، لە پشتەوەی وێنەكەش شەقامی ریگنت ستریتەلە لەندەن، لە وێنەیەكی تریش چەقۆیەكی بەخوێن دەردەكەوێت لە پشتی وێنەكەیشەوە تاوەری ئیڤل لە پاریس دەردەكەوێت. جیا لەمانەش وێنەكان بە زمانی فەڕەنسی و ئینگلیزی و ئەڵَمانی لەسەری نووسراوە"بەم نزیكانە لە جەژنەكانتان". وەك سەرچاوەكان باسیان كردووە ئەم وێنانە لەلایەن گروپێكی چات بڵاوكراوەتەوە خۆیان بە" جەیشی موجاهیدین" دەناسێنن و گوایە وێنەكەش لە لایەن ئادمینێكەوە كێشراوە بە " دكتۆر ئەڵمانی" ناسراوە.

 
سەرچاوە / العالم







وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل