ئه‌مڕۆ 34 ساڵ بەسەر ماڵئاوایی هەمیشەیی یەڵماز گۆنا‌ی سینەماکار و دەرهێنەردا تێدەپەڕێت، ئەو مرۆڤە گەورەیەی کە ڕێگای فیلم و سینەمای بۆ نمایش‌کردنی خەم و ئازارەکانی گەڵەکەی هەڵبژارد و لەو ڕیگایەدا بە بەهرە و توانای کەم وێنەی بوو بە ئاسۆی پڕشنگداری سینەمای کوردی.
یەڵماز گۆنا‌ی ناوی تەواوی (یەڵماز حەمید ئۆغڵۆ بیوتون)ە دەرهێنەر و ئەكتەر و نووسەری كوردە، یەكێكە لە سینەماكارە بەناوبانگەكانی كوردستان و توركیا.
یه‌ڵماز گۆنا‌ی گه‌وره هونه‌رمه‌ندی سینه‌مایی کورد لە ڕۆژی یەکی چواری ساڵی ١٩٣٧ له باوه‌شی خێزانێكی هه‌ژاری گوندنشینی "ئه‌ده‌نه" چاوی به‌دنیا هه‌ڵهێنا و هه‌ر له سه‌ره‌تای منداڵیشیه‌وه تا سه‌ر ئێسك هه‌ستی به‌دوو چه‌وساندنه‌وه‌ی كوشنده كردووه ئه‌وانیش: (چه‌وسانه‌وه‌ی كورد بوون و چه‌وساندنه‌وه‌ی چینایه‌تی.)
دوای تێپەڕاندنی قۆناغی منداڵی، لە ئەنقەرە و ئەستەنبوڵ خوێندنی یاسا و ئابووری تەواو کرد، لە تەمەنی ٢١ ساڵییەوە دەستی کرد بە کاری سینەما، بەهۆی کەسایەتی و هەڵس و کەوتیەوە بە "پاشای ناشیرین" ناسرابوو.
گۆناى لە ساڵی ١٩٦١ دا بۆ ١٨ مانگ زیندانی کرا لەسەر بڵاوکردنەوەی ڕۆمانێکی "کۆمۆنیستانە"، دواتر لە ساڵی ١٩٦٥ دا دەستی کرد بە بەرهەمهێنانی فیلم، زۆربەی ژیانی لە ئه‌ده‌نه به‌سه‌ر بردووه و له‌سه‌ر فیلمه‌کانی که ده‌رباره‌ی بارودۆخی ڕامیاری و کۆمه‌ڵایه‌تی بوون، ١١ ساڵی ته‌مه‌نی له زیندان به‌سه‌ر بردووه.
گۆنا‌ی، كه له ڕێگای فیلمه جوان و سه‌رنجڕاكێشه‌كانی "رێگە" و "مێگه‌ل" و "هیوا" و "دیوار"ە‌وه سه‌رنجی هه‌موو دنیای به‌لای ئازاره‌كانی كورددا ڕ‌اكێشا، ئه‌و هه‌ر زوو هه‌ستی به‌وه كرد، كه كورد له لایه‌ن دەوڵەتی توركیاوه ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه، هه‌ر زوو هه‌ستی به‌و جیاوازییه چینایه‌تییه پڕ له ئێشوئازارەیش كرد، كه خێزانه‌كه‌یانی تیا ده‌ژیا، یه‌ڵماز گۆنا‌ی له پارچه نووسینێكدا ده‌ڵێت: "چه‌ند ئازارێكی به ئێش بوو، كه به منداڵی دایكم ده‌دی به‌هاوینان ڕۆژ تا ئێواره خه‌ریكی په‌مۆ و ڕنین و زستانیش خه‌ریكی كاره‌كه‌ریی ماڵه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان بوو".
گۆنا‌ی هه‌ر له نۆ ساڵییه‌وه له پاڵ به‌رده‌وام بوونی له‌سه‌ر خوێندن، له تاو هه‌ژاری ده‌ست ده‌داته كرێكاری و حه‌ماڵی و قه‌سابی و ڕۆژنامه‌فرۆشی، دواتریش كه به‌مه‌به‌ستی خوێندن له كۆلیژی ئابووری ڕوو ده‌كاته ئه‌سته‌نبوڵ، به‌یه‌كێك له ده‌رهێنه‌ره گه‌وره‌كانی تورك "عاتف یه‌ڵماز" ئاشنا ده‌بێت و تێكه‌ڵ به‌كاری هونه‌ریی سینه‌ما و نواندن و سیناریۆنووسین و ده‌رهێنان ده‌بێت.
ئه‌م هونه‌رمه‌نده له هه‌موو فیلمه‌كانیدا گوزارشت له‌و تراژیدیا و واقیعه دۆزه‌خییه ده‌كات، كه كوردی تێخزێنراوه لە سایەی دەوڵەتی تورکیادا، هه‌ر له‌سه‌ر داکۆکی کردن لە کوردیش ساڵی ١٩٦١ ده‌خرێته زیندانه‌وه و ناتوانێ خوێندنی زانكۆ ته‌واو بكات.
ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا به‌وپه‌ڕی ڕقوقینه‌وه له‌م هونه‌رمه‌نده داهێنه‌ر و بزێو و سه‌ركه‌شه ده‌ڕوانن، كه وه‌ك دیارترین هونه‌رمه‌ندی كورد چه‌ندان خه‌ڵاتی فستیڤاڵه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی وه‌ك: (كان و گرین و ێڵ و فینسیا و به‌رلین و لۆكارنۆ)ی پێبه‌خشرا، دادگەكانی ئه‌و وڵاته چه‌ند جارێك حوكمی زیندانیكردنی ده‌ده‌ن به‌سه‌ردا، ته‌نانه‌ت ئه‌و كاته‌ی توركیاشی به‌جێهێشتبوو، كۆی حوكمه‌كانی پێكه‌وه ده‌گەشتنە زیاتر له ١٠٠ ساڵ، هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا ١٤ ساڵی ته‌مه‌نی گه‌نجێتی له ژووری زینداندا به‌سه‌ر ده‌بات، تا سه‌ره‌نجام له ڕۆژی ١٢ی ١٠ی ١٩٨١ به فێڵى وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی جه‌ژن له زیندانی ئیسپارته دێته ده‌ره‌وە و به‌ره‌و یۆنان هه‌ڵدێت و جارێكى تر ناگه‌ڕێته‌وه زیندان، له‌وێشه‌وه به‌ره‌و سویسڕا ده‌ڕوات، كه له‌وێدا مافی په‌نابه‌ری پێنه‌به‌خشرا، به‌ناچار ڕووی كرده وڵاتی فه‌ڕه‌نسا و لەوێ نیشته‌جێ بوو، تا له ڕۆژی نۆی نۆی ١٩٨٤ و له ته‌مه‌نی 47 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و له گۆڕستانی که‌سه ناوداره‌کانی پاریس به خاک سپێردرا.
هه‌رچه‌نده گۆناى له نۆى ئه‌یلوول له دایك بووه به‌ڵام ڕۆژى چوارى كانوونى یه‌كه‌م هه‌مووى ساڵێك به ڕۆژى گۆناى له جیهانى سینه‌ما دانراوه له‌به‌ر ئه‌وه‌ى دوا ته‌مه‌نى كارى هونه‌رى كه به‌رهه‌مى " دیوار" له ساڵى ١٩٨٣ بوو له چوارى كانوونى یه‌كه‌مى هه‌مان ساڵ نمایش كرا، ئه‌وەیش وه‌ك ڕێزێك بۆ ته‌مه‌نى هونه‌رى ئه‌و ده‌رهێنه‌ره له‌م ڕۆژه وایان ناوناوه.
لە وڵاتی فەڕەنسا دواهەمین خەونی بەدیهێنا كە ماوەیەكی زۆر خەونی پێوە دەبینی و فیلمی (دیوار)ی دەرهێنا، لەگەڵ ئەوەی دیمەنەكانی ئەم فیلمە لە فەڕەنسا وێنەی گیراوە بەڵام توانی بووی دۆخی ئەو كاتەی نێوخۆی توركیا بەرجەستە بكات.
گۆنا‌ی پڕا‌وپڕبوو لە هەڵوێستی مرۆیی و نیشتمانی و ئەم بەسەرهاتەی ژیانی خۆشی لە زاری خۆیەوە وەرگیراوە کە دەڵێت: "ئەو دەمەی لە توركیا دەم خوێند مامۆستایەكمان هەبوو دەیزانی من كوردم ئەگەر بمزانیبایە و نەمزانیبا هەر لێی دەدام، ئەوە بوو خوێندنم تەواو كرد، بیستم ئەم مامۆستایەم توشی شێرپەنجە بووە، داهاتی فیلمێكی خۆمم دایە بۆ ئەوەی چارەسەری نەخۆشییەكەی پێ بكات، هاوڕێكانم سەركۆنەیان دەكردم و دەیانگوت ئاخر بۆچی؟ گوتم: نە مەسەلە ویژدانە و نە ئینسانیەت، تەنیا ویستم بزانێت كورد دێوەزمە نین و دەتوانن لێبوردە بن".
یه‌ڵماز گۆنه‌ی لە ژیانی هونەری پڕبایەخیدا ١١٤ فیلمی بەرهەمهێنا کە زۆربەیان کە فستیڤاڵە جیهانییەکاندا خەڵات کراون.
بەشێک لە بەرهەمە سینەماییەکانی بریتین لە:
ئەسپ ژن سیلاح (1966)
فیشەک کارم تێناکا (1967)
ناوم کەریمە (1967)
پیرە نوری (1968)
سەید خان (1968)
گورگە برسیەکان (1969)
پیاوێکی ناشیرین (1969)
هیوا (1970)
هەدەفی زیندوو (1970)
عوسمان پیادە (1970)
بابە (1971)
عیبرەت (1071)
قاچاخەکان (1971)
بێ هیواکان (1971)
بکوژەکان (1971)
سبەی دوا ڕۆژە (1971)
ئازار (1971)
شیوەن (1972)
هاوڕێ (1974)
ئەندێشە (1974)
داماوەکان (1975)
دوژمن - ئینگلیزی (1979)
ڕێگا (1982)
دیوار (1983)
له كوردستانى باشوور زۆربه‌ى نووسه‌ران و شاعیرانى كورد قسه‌یان هه‌بووه و به شانازییه‌وه وه‌ك پیاوه مه‌زنه‌كه‌ى كورد باسیان كردووه، دیارترینیشیان شێركۆ بێكه‌سى شاعیرى گه‌وره‌ى كورد بووه كه ده‌ڵێت:
ڕۆژێ زەوی بورکانی بوو،
بورکانیش کوردستانی بوو،
کوردستانیش کوڕی وەک و ئاراراتی لێ کەوتەوه.
ئاراراتیش کوردی لێ‌بوو،
کوردیش دووانەی چەوسانەوه و تێکۆشانی، به یەک زگ بوو،
لەو دووانەیەش، ڕێگای وەک "یەڵماز گۆنا‌ی" لەدایک بوو.